* نهوژین، كهژان غازی
سارا و ئاریان، هاوسەری یەکدین، وەکو یەکەم دو هاوسەر نزیکی ساڵێکە لە قەزای کەلار پێکەوە کافێیەک بەرێوەدەبەن، بە کارەکەیان دڵخۆشن و دەڵێن: کارەکەمان بەرەو پێشتر دەبەین.
سارا عوسمان، لەگەڵ ئاریان، ماوەی چوار ساڵە ژیانی هاوسەریان پێکهێناوە،لە دوای تەواوکردنی زانکۆ بێکار و بێ ئومێد لە دامەزراندن دەمێننەوە، بەڵام بێ ئومێد لە کارکردن نابن، بەڵکو بیردەکەنەوە و بریاردەدەن پێکەوە کارێک بکەن و کافێیەک بە ناوی (A&S cafe) دەکەنەوە.
سارا، بۆ نەوژین باسی لە سەرەتاکانی دەستپێکردن بە کارەکەیان کرد و وتی: "لە سهرهتا كارهكهمان زۆر سهخت بو، ئاستهنگی زۆرمان هاتەپێش، بهڵام رۆژ لهدوای رۆژ زیاتر كارهكهمان و كافێکەمان ناسرا، ئێستا یەکێکین لە دیارترین و باشترین کافێیەکان لە کەلار".
باسی لەوەشکرد کە کارەکە بۆ ئەم قورسترە، بەهۆی ماندوبونی بەکاری ماڵەوە و هەبونی مناڵێکیش. وتی :"کارەکان بۆ من قورسترن چونکە کاری ماڵەوەشم لەسەرە و خاوەنی کچێکی تەمەن یەک ساڵم، زۆر جار لەکاتی هاتنە سەرکار دەبێت لای خێزانەکەم بهجێی بهێڵم".
هەرچەندە سارا و ئاریان لە بوارەکەدا خاوەن ئەزمون نەبون، بەڵام بە هەوڵدانی زۆر و تەماشاکردنی ڤیدیۆی فێرکاری لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، توانیویانە لەکارەکەیاندا سەرکەوتوبن و ببنە جێگای رەزامەندی هاموشۆكهرانیان.
ژینۆ سهردار، یەکێک بو لەمیوانەکانی کافێیەکە، بۆ نەوژین باسی لە خواردن و خواردنەوەکانی کافێیەکە کرد وتی: "خواردن و خواردنەوەکانیان زۆر بەتام و چێژن و ئەوەی کە لەلایەن ژنێکەوە بەرێوە دەبرێت زیاتر هانی من و هاورێکانم دەدات بێینە ئێرە".
یەکێک لەو شیرینیانەی کافێیەکە پێی ناسراوە، شیرینی لۆکمادای تورکیە کە لەنێو شاری کەلاردا بەتەنها لە کافێیەکەی ئەماندا دەست دەکەوێت و بەلای زۆرینەی سەردانیکەرانیانەوە شیرینیەکی بەتام و جیاوازە.
ئاریان، لهوبارهوه دەڵێت: "دروستکردنی خواردن و شیرینی جیاواز لە کافێکەمان بە مەبەستی رازیكردنی میوانهكانمانه، دەمانەوێت کارەکەمان بەرەو پێشەوە ببەین، رهزامهندی میوانهكانیشمان زیاتر هانی ئێمه دهدات بۆبهردهوامـبون و بهرهوپـێشچونی كارهكهمان".