* نهوژین، لهیلا ئهحمهد
ژنه پزیشكێكى بواری نهخۆشیهكانى مناڵان لە کەرکوک دەبێت بە فریادرەسی مناڵانی هەژار و بێ باوک، لە سەردەمی شەری داعشەوە تاکو ئێستا بێ بەرامبەر و خۆبەخشانە چارسەریان دەکات، هاوکات دایکان فێردەکات بەشێوەیەکی تەندروست مناڵەکانیان بەخێوبکەن.
د. فایزە خەتاب مەحمود، پسپۆڕی بواری مناڵان لە کەرکوک، ماوەی نۆ ساڵە بەردەوام و خۆبەخشانە یارمەتی مناڵە نەخۆش و کەمدەرامەتەکانی کەرکوک دەدات.
د. فایزە، بۆ نەوژین باسی لە سەرەتای دەستپێکردنی بە کارە خۆبەخشیەکانی کرد، وتی: لە دەرەوهی کوردستان دەژیام، ساڵی ٢٠١٣ ماوەیەک بەر لە شەڕی داعش گەڕامەوە کەرکوک، بینینی دۆخی خراپی دارایی خەڵکی کەرکوک وایکرد بڕیار بدەم ببم بە فریادڕەسی مناڵەکان بەبێ گوێدان بەوەی چ دەنگ و رەنگ و ئاینێکیان هەیە، بێبەرامبەر چارەسەریان بکەم.
د. فایزه دواى شهڕى داعش بڕیار دهدات نۆرینگهى بێبهرامبهر بۆ مناڵان بكاتهوه
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش، دۆخی دارایی کەرکوکیەکان خراپتر بو، خەڵکی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەر و ئاوارەکانی نێو کەمپەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری مناڵەکانیان رویاندەکردە نەخۆشخانە حکومیەکان، بەڵام نەخۆشخانە حکومیەکان هەم ژمارەیان کەم بو هەمیش بەتاڵ بون لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بۆیە بە ناچاری دەبوایە روبکەنە نۆرینگە پزیشکیەکان.
د. فایزە دەڵێت: "بینینی رێژەیەکی زۆری خەڵکی هەژار و رەوشی مناڵە نەخۆشەکان وایلێکردم بڕیار بدەم لە نێو نۆرینگەکەمدا هەفتەی دو رۆژ تایبەت بکەم بە چارەسەرکردنی مناڵی ماڵە کەمدەرامەتەکان بێبەرامبەر، تەنانەت لەگەڵ دەرمانخانەکان رێكکەوتم کە بێبەرامبەر دەرمان بدەن بەو نەخۆشانەم کە لەم دو رۆژەدا سەردانیان دەکردم".
لە دوای ئەم کارە و روتێکردنی خەڵکێکی زۆر بۆ نۆرینگەکەی، د. فایزە بڕیار دەدات نۆرینگەیەکی بێبەرامبەر بکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ نۆرینگەکە دەکاتەوە، هەفتەی دو رۆژ نەخۆش دەبینێت.
د. فایزه لهكاتى بهسهركردنهوهى ماڵان دا لهچوارچێوهى تیمی گهڕۆكى رێكخراوهكهیان
دەربارەی نۆرینگەکەی دەڵێت: لە نۆرینگەکە هیچ پارەیەک لە نەخۆش بۆ دەرمان و چارەسەر و تەنانەت بلیتیش وەرناگرین، هەروەک چەندین جۆرێکی شیری مناڵان بێبەرامبەر دەدەین بە دایکان و لە بۆنەکانیشدا خواردن بەسەر ماڵە هەژارەکان دابەشدەکەین.
لە ئێستادا د. فایزە بەهاوکاری حەوت خێرخوازی دیکە، نۆرینگەکەیان کردوە بە رێکخراوێک و تیایدا بێبەرامبەر یارمەتی هەژاران دەدەن، رێکخراوەکە بەناوی ریکخراوی خێرخوازی (میران صحیە)، دەربارەی هۆکاری ئهم ههنگاوهش وتی: تاکو بتوانین هاوکاری دەرمان و پاڵپشتی زیاتر وەربگرین و بەردەوامبین.
د. فایزە، لەسەر ئەرکی خۆی لە ئێستادا خولی فێرکاری پێدانی شیر بە مناڵان و بەخێوکردنی مناڵ شێوەیەکی تەندروست بۆ دایکان دەکاتەوە، هەروەها تیمی گەڕۆکی تایبەت بە رێکخراوەکەیان دروست کردوە، بێبەرامبەر دەڕۆنە ناوچەکانی دەرەوەی کەرکوک و کەمپی ئاوارەکان چارەسەری مناڵە نەخۆشەکان دەکەن.
د. فایزه دهڵێت: ههندێك له مناڵهكان بۆ چارهسهر دهنێرینه دهرهوه
دەربارەی ئەو نەخۆشیانەی بەزۆری لەناو مناڵاندا بڵاون، د. فایزە وتی: "بەزۆری مناڵەکان نەخۆشی دڵ کونی، کێشی کەم و تالاسیمایان هەیە، ئهگەر پێمان بکرێت چارەسەریان دەکەین، گەر نا لە رێگەی رێکخراوەکانەوە ههوڵدهدهین بیاننێرینه دەرەوە".
سەرەڕای قورسی کارەکەی و ماندوبونی بەردەوامی، بەڵام د. فایزە دڵخۆشە بەکارەکەی، دەڵێت: "دڵخۆشم بە کارەکەم، چونکە رۆحم لەگەڵی ئاسودە دەبێت، خێزانەکەم و بە تایبەت هاوسەرەکەم بەردەوام لە روی مادی و مەعنەویەوە یارمەتیم دەدات تاکو بەردەوامبم لە کارە خێرخوازیەکانم".