بۆچی کێشەی غودە لە ژنان زیاترە بەراورد بە پیاوان؟

2022/05/15    1096 جار بینراوە
 
* نه‌وژین،
د.حەسەن عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری 
 
نەخۆشیەکانی غودە یەکێكە لە کێشە باوەکان، کە توشی هەمو تەمەنێک و هەردو رەگەز دەبێت، بەڵام ژنان بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دوچاری ئەم کێشەیە دەبنەوە بە جۆرێک کە  ١ لە ۸ ئافرەتێک توشبوە بە یەکێک لە نەخۆشیەکانی غودە. 
 
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە وا دەکات نەخۆشیەکانی غودە لە ژنان زیاتر دەرکەوێت وەک لە پیاوان، هۆکارەکانیش بریتین لە: 
 
1. بەرز و نزمی ئەو هورمۆنانەی کە لە کاتی سوڕی مانگانە دەگۆڕێن.
 
2. لەکاتی وەستانی سوڕی مانگانە لە تەمەنی بێ ئومێدی، چونکە هەندێک هۆرمۆن رێژەکانیان دەگۆڕێت.
 
3. نەخۆشیە خۆییە بەرگریەکان کە جەستە دژی خۆی دەجەنگێت، ئەمەش دیسانەوە لە ژنان زیاترە، ئەمە وادەکات جەستە دژە تەن دروست بکات دژی رژێنی غودە کە دەبێتە هۆی دروست بونی غودەی تەمەڵ (Hashimoto disease) یاخود غودەی خێرا (Graves‌ disease).
 
4. لەکاتی دوگیانی دا کاتێک هۆرمۆنی دوگیانی بە ناوی "HCG" بەرزدەبێتەوە کار لە  وەرگری "TSH" دەکات، وادەکات داواکاری بۆ دروست بونی هۆرمۆنەکانی غودە زیاتر بێت.
 
بەگشتی غودە چەند جۆرێکی هەیە، دو جۆریان زۆر باون کە بریتین لە: غودەی تەمەڵ و غودەی خێرا.
 
غودەی تەمەڵ، نیشانەکانی بریتین لە: قەڵەوبونی زۆر خێرا و بێ هۆکار، وشکبونەوەی پێست، قەبزی، خەمۆکی، بێهێزی ماسولکە، زیادبونی هەستیاری بە سەرما و تەزینی دەست و قاچەکان.
 
هه‌رچی غودەی خێرایه‌، نیشانەکانی بریتین لە: کێش دابەزینێکی زۆر خێرا، سکچون، هەستیاری بە گەرما، خێرا لێدانی دڵ، بێ تاقەتی، لەرزینی دەست و قاچەکان و گۆرینی سوڕی مانگانە.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,490     ژمارەی میوان 351

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە