هێدی لامار، هەم ئەکتەر و هەمیش داهێنەر

2022/04/18    1019 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
هێدی لامار بە رۆژ یەکێک بو لە ئەکتەرانی هۆڵیود و بە شەویش لە تاقیگەی ماڵەکەی خۆیدا کاری دەکرد، بەهۆی داهێنانەکانیەوە وایفای و بلوتوس داهێنران.
 
هێدوینگ ئیڤاماریا کیزلەر، ناسراو بە (هێدی لامار)، ساڵی 1914 لە خێزانێکی جولەکە لە وڵاتی نەمسا لەدایک بوە، ئەکتەرێکی دیاری سەردەمەکەی خۆی بو، خاوەن ناوبانگی نێودەوڵەتی لە بواری نواندندا بو، لە چەندین فیلمی سینەمای بەشداری کردوە، دیارترینیان رۆڵی بو لە فیلمی (سامسۆن و دیلیلا) لە ساڵی 1949، هەروەک خاوەن جوانیەکی سەرنج راکێش بو، ساڵی 1950 وەکو جوانترین ژنی جیهان لەلایەن گۆڤاری تایمەوە دیاری کرا.
 
هەرچەندە لامار، زیاتر بە ئەکتەرێکی هۆڵیود ناسراوە، بەڵام لە پشتی ئەکتەریەوە لامار زانایەکی بیرکاری داهێنەر بو، خاوەنی چەندین داهێنانی بیرکاریە کە تاکو ئێستاش کار لەسەر داهێنانەکانی دەکرێت.
 
لەسەرەتادا داهێنانەکانی هێدی لامار سادەبون، وەکو هەموارکردنی دیزاینی روناکی ترافیک لایت، بەڵام دواتر داهێنانی گەورەتری ئەنجامدا، کاتێک کارێکی خەیاڵی بۆ هەموارکردنەوەی باڵەکانی فرۆکە بەکارهێنا تاکو کەمتر بەکارهێنانی سوتەمەنی پێویست بێت.
 
گرنگترین داهێنانی لامار (سیستەمی بازدانی فراوانی) بو، کە بو بە بناغەی تەکنەلۆژیای بێ سیم کە لە ئامێرەکانی پەیوەندیدا بەکاردێت وەکو وایفای، سەتەلایتەکان، بلوتوس و مۆبایلەکان.
 
زۆرینەی خەڵکی ئەوکات بێئاگا بون لە داهێنانەکانی لامار، تەنها وەکو جوانێکی گەمژە دەیانبینی، وەکو خۆی دەڵێت: "ئەقڵی مرۆڤەکان لە دەرکەوتنیان گرنگترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بیریان لە من دەکردەوە وەکو ئەوەی تەنیا ژنێکی گەمژەی جوانبم".
 
لامار، لە رێكه‌وتى 19/1/2000 و لە تەمەنی 86 ساڵیدا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە وڵاتی فلۆریدا بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوای کرد.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,722,079     ژمارەی میوان 2052

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە