"بكوژانى نه‌قیب محه‌مه‌د له‌ ئێران ده‌ستگیر كراون"

2022/04/12    725 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
ئاسایشی سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت 3 تۆمه‌تبارى روداوى كوشتنى نه‌قیبێكى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی و برینداركردنى چوار پۆلیسی هه‌مان به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ده‌ستگیر كردوه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانیش تۆمه‌تباره‌كان له‌ ئێران ده‌ستگیر كراون.
 
له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى دا، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاسایشی سلێمانى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ ده‌ستگیركردنى تۆمه‌تبارانى روداوى كوشتنى نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیف و برینداركردنى 4 پۆلیسی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژی راگه‌یاند، كه‌ شه‌وى 4ـى 12ـى 2021 له‌كاتى به‌هاناوه‌چونى ژنێك كه‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر كراوه‌، ته‌قه‌یان لێكرا و بونه‌ قوربانى.
 
له‌ كۆنگره‌كه‌دا ئاسایشی سلێمانى ئاشكراى كرد، دوان له‌ تۆمه‌تباران رێكه‌وتى 4ى ئه‌م مانگه‌ (نیسان) ده‌ستگیر كراون، یه‌كێكى تریشیان دوێنێ 11ـى نیسان ده‌ستگیر كراوه‌.
 
له‌باره‌ى شوێنى ده‌ستگیركردنیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بوه‌ له‌ شوێنێكى نزیك و ده‌وروبه‌رى هه‌رێم، به‌بێ ئه‌وه‌ى ناوى شوێنه‌كه‌ بدات، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانى نه‌وژین، تۆمه‌تباره‌كان له‌ ئێران ده‌ستگیر كراون و به‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستگیر كراون و راده‌ستى ئاسایشی سلێمانى كراونه‌ته‌وه‌.
 
هه‌ر ئه‌مڕۆش قوباد تاڵه‌بانى، جبَگری سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، سه‌ردانى ماڵی نه‌قیب محه‌مه‌د له‌تیفی كردوه‌ و روبه‌ڕو هه‌واڵه‌كه‌ى پێگه‌یاندن، دواتریش له‌ پۆستێكدا له‌ په‌ڕه‌ى خۆی له‌ فه‌یسبوك باسی له‌وه‌كردوه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ چاودێرییكردنى دۆسیه‌كه‌ و به‌سزاگه‌یاندنى تۆمه‌تباران.
 
ده‌ستگیركردنى ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌، پاش زیاتر له‌ چوار مانگ له‌ روداوه‌كه‌ دێت، كه‌ چه‌ند جارێك خێزانى نه‌قیب محه‌مه‌د و پۆلیسه‌ برینداره‌كان، ناڕه‌زایه‌تى و نیگه‌رانیان ده‌ربڕی بو له‌ ده‌ستگیر نه‌كردنى بكوژه‌كان.
 
به‌وته‌ى ئاسایشی سلێمانى، سێ تۆمه‌تباره‌كه‌ دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ و به‌پێی ماده‌ى 406 له‌ یاسای سزادانى عێراقی به‌ فه‌رمانى دادوه‌ر له‌لای ئه‌وان به‌ندن، كه‌ ئه‌و ماده‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كوشتنى به‌ ئه‌نقه‌ست.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,873,123     ژمارەی میوان 1395

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە