* نەوژین
دوای دو ساڵ لە راگرتنی پاڵەوانێتی سەرمێزی کچان و کوڕان بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆناوە، ئەمساڵ دوبارە بەبەشداری سەرجەم پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک پاڵەوانێتیەکە ئەنجام درایەوە و کچانی کفریش وەکو نوێنەری گەرمیان بەشدار بون.
حەیدەر ئەحمەد، راهێنەری تیپی کچانی کفری، بۆ نەوژین باسی لەئاستی تیپەکەیان کرد و وتی: "سەرەڕای گرنگی نەدان بە وەرزشی کچان لەلایەن یانە و ناوەندە وەرزشیەکانەوە، بەڵام ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد گەر گرنگیمان پێبدرێت ئەنجامی باشتر بەدەست دەهێنین".
تیپی کچانی کفری پێکهاتبون لە پێنج کچە یاریزان، بەڵام وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن هیچ گرنگیان پێنەدراوە.
چۆپی حەیدەر، یەکێک لە یاریزانی تیپەکە، بۆ نەوژین وتی: "ئێمە لە سنوری کفری هیچ جیگەیەکمان بۆ راهێنان نیە، تەنانەت مامۆستای پسپۆری وەرزشیشمان نیە تاکو راهێنانمان پێبکەن".
ئیڤان عەزیز، یەکێکی دیکەیە لە یاریزانەکانی کفری، ئەو نەبونی یاریگا بە هۆکاری خراپی ئەنجامەکانیان دەزانێت و دەڵێت: "ئێمە راستەوخۆ رۆشتین بۆ یاریکردنی بەبێ راهێنان کردن، من بە بینینی هۆڵی یاریگا و جلوبەرگ و یاریزانی پەروەردەکانی تر شۆک بوم، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانمان دروستکرد".
کچانی کفری لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە دوجار وەک نوێنەری پەروەردەی گەرمیان بەشداری پاڵەوانێتیەکانی پەروەردەکانی کوردستان بۆ یاریەکانی: (بالە، باسکە، تۆپی سەرمێز، گۆرەپان و مەیدان) بون، بەڵام بەهۆی هاوکاری نەکردنیان بریاریاندا بەیەکجاری وازبهێنن و چیتر بەردەوام نابن.