ئاڤان جاف: کارکردنى ژنان لە میدیادا شۆڕشێکى تازەیە و پێویستى بە خەبات هەیە

2022/02/23    1818 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، كه‌ژان غازی
 
ئاڤان فارس "ئاڤان جاف"، به‌كالۆریۆسی له‌ راگه‌یاندن هه‌یه‌، ماوه‌ی 15 ساڵه‌ له‌بواری میدیا دا كارده‌كات، به‌ پله‌ و ئاستى جیاوازی رۆژنامه‌وانى دا تێپه‌ڕیوه‌ و سه‌رنوسه‌رى ماڵپه‌ڕ و گۆڤارى (ژن)ـه‌، كه‌ وه‌رزنامه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ پرسه‌كانى ژنانه‌.
 
له‌ دیدارێكى نه‌وژین دا، له‌سه‌ر رۆڵی گۆڤاره‌كه‌یان و دۆخی ژنانی كورد له‌ میدیادا قسه‌ى بۆ كردین.
 
* بۆچی گۆڤارى ژن؟
گۆڤارى ژن كه‌ لە 1ـى شوباتى 2015 دەرچوە، یەکێکە لە پڕۆژەکانی سه‌نته‌رى میترۆ به‌ پاڵپشتی رێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی IMS کە تایبەتە بە بەخشینى زانیارى بە ژنان و هەلی گەیشتن بە ویستی خۆیان بە شێوەیەکی تەندروست. ئەم گۆڤارە کاردەکات بۆ ئەوەى ژنان و کچان لە هەڵبژاردەکان ئاگادار بکەنەوە، هەلیان پێ ببەخشێت و یارمەتیان بدات لە گەشە کردندا و لە مافەکانیان ئاگاداریان بکاته‌وه‌، ئەمەش به‌ بنەمایەک دادەنێت تاکو رۆڵی بەرچاویان هەبێت لە کۆمەڵگایەکدا کە پێویستی بە ژنە خۆى داکۆکی لە مافی خۆی بکات.
 
* پێتوایه‌ گۆڤاره‌كه‌ له‌و ئامانجانه‌ى دا سه‌ركه‌وتو ببێت و كاریگه‌ریه‌كى ئیجابی له‌سه‌ر ره‌وشى ژنى كورد دروست كردبێت؟
گۆڤاری (ژن) بوه‌ته‌ رێگایه‌كی زۆرباش بۆ به‌ره‌وپێشچونی تواناكانی ژن له‌كوردستان. (ژن)، مۆدێلێکى نوێى کارکردنى میدیايیە بۆ دەرخستنى توانا و چیرۆکى سەرکەوتنى ژنان لە کۆمەڵگەى کوردستان، توانیویەتى ببێتە رێنیشاندەرێکى نوێ بۆ  فۆکەس خستنەسەر تواناکانى ژن بە بینینێکى ئەرێنینانە.
هه‌روه‌ك گۆڤاره‌كه‌ بوە به‌ سەکۆیەکى نوێ بۆ ئەوەى کچ و ژنى دەستڕەنگین و خاوەن بەهرە و بیرۆکە، رێگەیەک بدرۆزنەوە بۆ ئەکتیڤکردنى بیرۆکەکانیان، بەشێک زۆر  لەو چیرۆکانە و بیرۆکانە ئیستا خاوەن براند و ناو و شوێنى خۆیانن. بەشێکى زۆر لەو تەوەر و بابەتانەى لە ژن کارییان لەسەر کراوە بۆتە پرۆژە و کار و کەمپەینى دریژخایەنى بەشێک لە رێکخراوەکان.
 
ئاڤان جاف، له‌كاتى پێشكه‌شكردنى راپۆرتى ساڵانه‌ى سه‌نته‌رى میترۆ له‌باره‌ى پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان، 2021
 
 
* له‌ ئاستى خۆیدا، گۆڤاری (ژن) تاچه‌ند توانیویه‌تى سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچون به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت؟
گۆڤاری (ژن) هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌وپێشچون و سه‌ركه‌وتن دایه‌ و توانیویه‌تى په‌یوه‌ندیه‌كی باش له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كونسوڵخانه‌ وئاژانسه‌  نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دروست بكات بۆ سەرخستنى پرسى ژن لە میدیا لە بەشیکى زۆر لە کۆبونەوە گرنگ و چارەنوسازه‌كان ئامادە دەبێت.
 
* كاركردن له‌ بوارێكى پڕ سه‌ركێشى وه‌كو میدیا، به‌رده‌وام وا وێناده‌كرێت بۆ ژنان ئاسته‌نگى زۆری هه‌یه‌، ئه‌زمونى ئێوه‌ له‌وباره‌وه‌ چیه‌؟
به‌ڵێ بێگومان كێشه‌ی زۆرم هاتۆته‌ پێش، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وكێشه‌ و ئاسته‌نگیانه‌ی كه‌هاتۆته‌ رێگام، هه‌رگیز له‌كاره‌كه‌م په‌شیمان نیم و به‌رده‌وام ئه‌بم. له‌به‌رامبه‌ریشدا خێزانه‌كه‌م پاڵشتیه‌كى گه‌وره‌ى منن بۆ به‌رده‌وام بون.
وه‌ك وتم پەشیمان نیم لە کارکردنم لە میدیادا، بە پێچەوانەوە هەمیشە بە وزەوە کار لەسەر خۆپێگەیاندن و بەرەوپێشبردنى خۆم ئەکەم، لەگەڵ ئەوەش هەمیشە حەز بە هاوکارى و هەماهەنگى هاوپیشەکانم ئەکەم.
 
ئاڤان جاف له‌كاتى پێشكه‌شكردنى پانێڵێك له‌ كۆنگره‌ى (اصواتنا)، 2021
 
* تاچه‌ند پێتوایه‌ میدیا و له‌نێویشی دا میدیای تایبه‌تمه‌ند به‌ ژنان، ده‌توانێت رۆڵی هه‌بێت له‌ بره‌ودان به‌ پرسی ژن؟
میدیا دەتوانێت شۆڕشێکى کۆمەڵایەتى گەورە بەرپا بکات و ئامانجى گەورە بەده‌ستبهێنێت. بۆیه‌ پەیامم بۆ ژن و میدیاکارانى ژن ئەوەیە، کۆڵنه‌دەن و هاوکارى یەکتر بن لە سەرخستنى پرسى ژن و میدیا، لە هیچ وێستگەیەک نەوەستن و هیچ شتێک ساردیان نەکاتەوە، کارکردن لە میدیا بۆ خۆى شۆڕشێکى تازەیە و پێویستى بە خەبات هەیە. گەشبینيشم لە داهاتودا لەگەڵ ژن و کچانى رۆژنامەنوس ئاژانسێکى تایبەت بە ژن دابمەزرێنین و دەنگ و رەنگی ژنى کورد بین لە هەمو دونیادا.
 
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,814,769     ژمارەی میوان 1011

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە