قڵیشانى لێو له‌ وه‌رزى زستان و چاره‌سه‌ركردنى

2022/02/02    1277 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، سێوه‌ محه‌مه‌د
 
هەمو ساڵێک لەوەرزی زستاندا خەڵک توشی لێو قڵیشان دەبن، هەرچەندە ئەو حاڵەتە  زۆرجار ئاساییە، بەڵام بەردەوام لێو قڵیشان رەنگە نیشانە بێت بۆ هەندێک نەخۆشی.
 
به‌وپێه‌ى لێو بەشێکى گرنگی روخساره‌، هه‌ربۆیه‌ جوانی و تەندروستی و بریقەداری لێوەکان، كاریگەری زۆری لەسەر جوان دەرخستی روخساری خانمان هەیە.
 
لێو قڵیشان سەرەتا بە وشکبونەوەی لێو دەست پێدەکات و پاشان توێژاڵێکی لێدەبێتەوە و زۆرجاریش دەبێتە برین و خوێنی لێ دێت.
 
هەندێک کەس خویان بەوە گرتوە بەردەوام بە زمان لێویان تەڕ دەکەن، بۆیه‌ پێویستە لەم وەرزەدا بەتایبەت خۆمان بەدور بگرین لە تەڕکردنی لێوەکان بەزمان، چونکە دەبێتە هۆی وشکتربونی لێوەکان.
 
هۆکاری سەرەکی لێو قڵیشان کەشوهەوای سارد و وشک و سەرمایە، یان زۆر بەرکەوتنی تیشکی خۆره‌، زۆرجاریش هۆکارەکەی بەکارهێنانی هەندێك دەرمانە کە بۆ چارەسەری زیپکە بەکاردێت. هەندێك هۆکاری دیکەش هەن، لەوانە:
 
1. نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، بەشێوەیەک پێویستە هەمو کەسێک رۆژانە (6) پەرداخ ئاو بخواتەوە بۆ پاراوکردنی لەش به‌گشتى و لێو به‌تایبه‌تى. 
 
2. بە هۆی لاوازبونی لەش بەگشتی،  بەتایبەت لەکاتی دوگیان بوندا. 
 
3. هەوکردن بەهۆی مشەخۆر یان ئەو کەڕوانەی لەهەوادا بڵاودەبنەوە لەوەرزی زستاندا.
 
4. بەهۆی سستی ئەو رژێنانەی لیک دەرده‌دەن لەدەمدا و یارمەتی تەڕیی لێوەکان دەدەن، ئەمەش وشکبونی لێوەکانی لێدەکەوێتەوە.
 
5. خۆدانە بەر هەوای وشک بێ ئەوەی کرێمی نەرمکەرەوەی لێو بەکار بهێنیت. 
 
 
 
 
6. بەهۆی زۆر تەڕکردنی لێو و هەوڵدان بۆ لێکردنەوەی پێستی نەرمی سەرلێو کەئەمەش وەک خویەک لە زۆر کەسدا هەیە.
 
7. زۆر خواردنی خواردەمەنی سوێر و تیژ کە کاریگەری‌ زۆری‌ لەسەر پێستی ‌لێو هەیە.
 
8. سستیی گورچیلەکان هۆکارێکی دیکەی وشکی لێوە. 
 
9. بەهۆی توشبون بەنەخۆشی کەمخوێنی یان کەمی ڤیتامینە بنەڕەتییەکان، وەک: ڤیتامین (ئه‌ى و سی و دی).
 
جگە لەمانەش هەندێک دەرمان دەبنە هۆی وشکی لێوەکان دواتر قڵیشانی، لەوانە: ئەو دەرمانانەی کە ڤیتامین A تێدایە لەگەڵ دەرمانی چارەسەری کیمیایی، هەندێک جاری تریش وشکبونی لێو و قڵیشانی پەیوەندی بە نەخۆشیە بەدخۆراکیەکانەوە هەیە کە دەگاتە ئەوەی هەوکردن دروست ببێ بەتایبەت لە گۆشەی لێوەکان.
 
 
 "یەکێک لەچارەسەرەکان گرنگیدانە بەخواردنى ڤیتامینەکان"
 
 
پێویستە بەر لەچارەسەرکردنی لێو قڵیشان ئەو نەخۆشیانە چارەسەر بکرێت کە بونەتە هۆی قڵیشانەکە، وەک: حاڵەتەکانی کەمخوێنی، بەدخۆراکی یان سستی گورچیلەکان.
 
چارەسەرکردنیشی چەند جۆرێکن، لەوانەش: پێست لابردنی لێوەکان واتە هەفتەی جارێک بە فڵچەی ددان و ئاوی شلەتێن هەوڵی لابردنی پێستی مردوی لێوەکان بدرێت. دواتر بەتێکەڵەیەکی  شه‌کر و زیتی زەیتون یان هەنگوین، بەشێوەی بازنەیی مه‌ساج بکرێت. یان شەوانە لێوەکان بەڤازلین یان زەیتی گوێزی هیندی چەور بکرێت.
 
 یەکێکی تر لەچارەسەرەکان گرنگیدانە بەخواردنە دەوڵەمەندەکان ریشاڵەکان و ئاسن و هەمو ڤیتامینەکان. 
 
خواردنەوەی ئاو زۆر پێویستە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا کە بەهۆی کەشوهەواوە خەڵک کەمتر ئاو دەخواتەوە، ئەوەش کاریگەری خۆی هەیە لەسەر نەرمی و پاراویی لێوەکان.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,534     ژمارەی میوان 1719

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە