* نەوژین – ژاڵە عوبێد
ماوەی حەوت ساڵە موچەکەی بڕاوە پاش ئەوەی هاوژینەکەی کۆچی دوایکردبو بەو پارەی کە لە چاودێری کۆمەڵایەتی وەریدەگرت پێداویستی خۆی و منداڵەکانی دابیندەکرد، ئێستا ئەو رۆژەکانی بەسەختی بەڕێدەکات خەڵک هاوکاریەکەی کەمی دەکەن کە ناتوانێت تەنانەت ئەو دەرمانانەی پزیشک بۆی نوسیوە بیکڕێت. ئەمە ژیانی یەکێک لەو ژنانەیە کە هاوژینەکانیان لە دەستداوەو حکومەتیش موچەی چادێری خێزانی لێبڕیون.
ئەو ناهیدە کەریمە، تەمەنی (٥٢) ساڵە لەگەڵ کچەکەیدا پێکەوە لە ناحیەی رزگاری لە قەزای کەلار، دەژێت. پاش ئەوەی هاوژینەکەی کۆچی دوای دەکات دەست دەکات بەکار، بەڵام ئێستا نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیوە ناتوانێت کاربکات.
بۆنەوژین وتی: زیاتر لە (١٠) ساڵە مێردەکەم کۆچی دوایکردوە، لە خانویەکی کرێدا دەژیم، باری گوزەرانمان زۆر خراپە، مانگانە (١٠٠) هەزار دەدەمە کرێی خانو، خێرخواز پارەم پێدەدات، نەخۆشی غودەم هەیە مانگانە دەبێت دەرمان بکڕم".
ناهیدە، باسیلەوەشکرد پێشوتر کە موچەکەی هەبوە پاڵپشتیەکەی باش بوە ئەگەرچی کەمیش بوە.
موچەی چاودێری خێزانی، بڕەکەی (١٥٠) هەزار دیناری عێراقی بوە، بەتەنها لە ئیدارەی گەرمیان (٨٣٠٠) کەس سودیان لێ بینیوە لە ژمارەیە نزیکەی (٤٠٠٠) ئەو ژنانە بون کە هاوسەرەکانیان کۆچی دوایکردوە یان جیابونەتەوە.
"تا ئەو موچەیەم هەبو چاوم لە دەستی کەس نەبو"
بێخاڵ جەبار، لە تەمەنی (١٦)ساڵی هاوسەرگیری کردوە، بەڵام بەهۆی نە گونجانی لەگەڵ هاوژینکەی جیابوەتەوە ئەو باسلەوەدەکات دو ساڵ موچەی چاودێری خێزانی وەرگرتوە بەو پارەیە پێداویستیەکانی دەستەبەرکردوە وەک خۆی دەڵێت: "بەهۆی ئەو پارەوە چاوم لە دەستی کەس نەبو بزانم کەی بەزەیان دێتەوە پێمدا کەمێک پارەم بدەنێ".
ئەو حەزدەکات کاربکات بەڵام لەبەر ئەوەی لە گوند دەژێت هێندەی تر ژیانی ئەو سەخترە بەهۆی رێگری لە کارکردنی ژنان بە ئابوری سەربەخۆی خۆیان وتی: زۆر حەز دەکەم ئیشێک بکەم، بەڵام چونکە لە لادێ دەژیم ئەوە بۆ من قورسە".
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی (٧) ساڵە ئەم موچەیە بڕاوە لەگەڵ ئەوەشدا ئاسۆیەکی رونیە کە ئایا جارێکی دیکە موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە یاخود بەتەواوی راگیراوە.
دەرون عومەر، بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، بۆ نەوژین وتی :موچەی چاودێری خێزان، کە لەناویدا موچەی بێ هاوژینەکان هەبو تاوەکو مانگی ئەیلولی ساڵی (٢٠١٥) خەرجکراوە لای ئێمە نزیکەی (٤٠٠٠) ژنی بێ هاوژین تۆمارکرابو".
خەرجنەکردنی ئەم بڕە پارەیە بۆ ئەم بەشەی ژنان بارودۆخێکی سەختی ئابوری روبەڕیان کردوەتەوە بەتایبەت ئەو ژنانەی منداڵیان هەیە، چونکە لەلایەن کۆمەڵگە رێگرە لە کارکردنیان و لەلایەکی پشتیان بە خێرخوازان بەستوە ئەوەش پارەیەکە کە نەکاتی دیارە نە بڕەکەی هەروەک وەک خۆیان دەڵێن"نازانینن لە چیدا خەرجی بکەین ئەوەندە نەبونین".
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.