نه‌رمین عوسمان: ژنان له‌ كایه‌ى سیاسى و حزبى دا خاوه‌نى بڕیارى ته‌واو نین

2021/02/03    280 جار بینراوە

 

* نه‌وژین، زریان محه‌مه‌د

نه‌رمین عوسمان، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، وایده‌بینێت كه‌ ئێستا هاتنه پێشه‌وه‌ى ژنان بۆ كارى سیاسی باشتره‌، پێشیوایه‌ هێشتا ژنان له‌ بواری سیاسه‌ت دا خاوه‌ن بڕیاری ته‌واو نین و زۆرینه‌ى بڕیاره‌كان لای پیاوانه‌.

نه‌رمین عوسمان، یه‌كێكه‌ له‌ روخساره‌ مێینه‌ دیاره‌كانى یه‌كێتى ماوه‌ى  زیاتر لە(50) ساڵه‌ له‌ نێو سیاسه‌ت و حزبدا رۆڵی هەیە و چه‌ند پۆستێكى سیاسی و رێكخراوه‌یی و حكومی وه‌رگرتوه‌، له‌وانه‌: (سكرتێرى یه‌كێتى ئافره‌تان، به‌رپرسیارێتى ژنانى كۆمكارى عه‌ره‌بى، نوێنه‌رى یەکێتی له‌ سۆسیال دیموكراتى جیهانى، پۆستى وه‌زیرى له‌ هه‌رێم و عێراق) جگه‌ له‌ چه‌ندین پۆستى ترى رێكخراوه‌یی، لە دیدارێكى (نەوژین) باسلە پرسی به‌شداریی ژنان له‌ كایه‌ى سیاسی دا دەکات.

 

 * به‌شدارى ژنان له‌ كارى سیاسى و حزبى له‌ ئێستادا چۆن ده‌بینى؟

ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین له‌گه‌ڵ رابردو دا، له‌ ئێستادا پێشكه‌وتوتره‌ له‌ چاو رابردو، ئه‌و كات هه‌مو ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ له‌ ناو سیاسه‌ت بون (3) ژن بوین، ئێستا ژنان له‌ هه‌مو بواره‌كان هه‌ن، هه‌روه‌ك به‌شدارییان باشتره‌، چ له‌ قسه‌ كردن چ له‌ راده‌ربڕین سڵ ناكاته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موى خاڵى گرنگن، به‌ڵام ئایا‌ گه‌شتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ ژنان خۆیان ئاره‌زوى ده‌كه‌ن و تموحیانه‌؟ نه‌خێر نه‌گه‌شتوه‌ و وه‌كپێویست نیه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كى دورودرێژه‌ و وا به‌ ئاسانى نابێت، له‌ چنینى ئاوریشم قورس تره.

 

” هه‌تاوه‌كو ئێستا ژنان له‌ ناو كایه‌ى سیاسى و حزبى دا خاوه‌نى بڕیارى ته‌واو نین“

 

* ئایه‌ ژنان ده‌توان له‌ ناو حزبه‌كان خاوه‌نى بڕیارى خۆیان بن وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ن؟

نه‌خێر، هه‌تاوه‌كو ئێستا ژنان له‌ ناو كایه‌ى سیاسى و حزبى دا خاوه‌نى بڕیارى ته‌واو نین، هه‌تاوه‌كو ئێستاش بۆشاییه‌ك هه‌یه‌ و یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنان ژماره‌یان كه‌مه‌ و وه‌كپێویست نیه‌، یه‌كێكى تریش له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵاته‌كان و بڕیاره‌كان له‌لای پیاوانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن.

* له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌بونى بڕیاره‌دا، ئایا جیاكارى ره‌گه‌زیى به‌رامبه‌ر به‌ ژنان بونى هه‌یه‌ له‌ ناو حزبه‌كان دا؟

به‌ڵێ، جیاكارى ره‌گه‌زیى هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ ناو حزبه‌كان، ئه‌گه‌رچى له‌ یه‌كێتى نیشتمانى تاڕاده‌یه‌ك كه‌متره‌.

 

 

*حكومه‌ت و لایه‌نه‌ فه‌رمیه‌كان تا چه‌ند رۆڵیان هه‌بوه‌ له‌وه‌ى پێگه‌ى ژنان زیاد بكه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ نێو حزبه‌كان و كایه‌ى سیاسیدا؟

به‌شێوه‌یه‌كى گشتى رۆڵیان هه‌بوه‌، به‌ڵام له‌و ئاسته‌ نه‌بوه‌ كه‌ وه‌كپێویست بێت، ئه‌گه‌رچى ده‌ورى ئه‌مجاره‌ له‌ نێو حكومه‌ت باشتره‌ كه‌ (3) وه‌زیرى ژنمان هه‌یه‌ و سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش هه‌ر ژنه‌، ئه‌مه‌ جێگه‌ى خۆشحاڵیه‌، چونكه‌ یه‌كه‌مجاره‌ شتى له‌وشێوه‌یه‌ روده‌دات.

* به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێبینیی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ژنان كه‌متر ده‌چنه‌ پارله‌مانه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ى به‌لای تۆوه‌ چیه‌؟

ژنان به‌ ڕێژه‌كه‌ى خۆیان ده‌چنه‌ په‌رله‌مان ئه‌ویش به‌پشت به‌ستن به‌ به‌ سیسته‌مى كۆتا، ئه‌گه‌رچى له‌ ئێستادا ژنانمان هه‌یه‌ به‌ ده‌نگى خۆیان رۆشتونه‌ته‌ په‌رله‌مان، ته‌نانه‌ت وا پیاوانیشمان ده‌نگ به‌ ژنان ده‌ده‌ن كه‌ بچنه‌ په‌رله‌مان.

 

” لایه‌نى ئابورییه‌ كه‌ وایكردوه‌ ژنان كه‌متر رۆڵیان هه‌بێت“

 

*كوردستان به‌گشتى لایه‌نى ئابورى چ رۆڵێكى هه‌بوه‌ له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ژنان دا به‌تایبه‌تى له‌ كایه‌ى سیاسی دا؟

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان لایه‌نى ئابورییه‌ كه‌ وایكردوه‌ ژنان كه‌متر رۆڵیان هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ حزب ده‌ستگیرۆى ژنان بكات له‌ روى مادییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى باشتر بێنه‌ پێشه‌وه‌.

* رێكخراوه‌كان و چالاكوانان و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى رۆڵیان هه‌بوه‌ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى پێگه‌ى ژنان به‌ تایبه‌ت له‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌یان بۆ ناو حزب و سیاسه‌ت دا؟

به‌شێوه‌یه‌كى گشتى به‌ڵێ رۆڵیان هه‌بوه‌، به‌ڵام وه‌كپێویست نیه‌، هۆكارى ئه‌مه‌ش لایه‌نى مادییه‌ كه‌ ئه‌وانیش كێشه‌یان هه‌یه‌ له‌و روه‌وه‌‌، چونكه‌ واقعیه‌ن ئه‌بێت ئه‌وان له‌ هه‌فته‌یه‌ك و چالاكیه‌كیان هه‌بێت و كۆڕێكى تایبه‌ت به‌ ژنان ئه‌نجام بده‌ن، كه‌چى ئه‌مه‌ كه‌م بوه‌ته‌وه‌.

 

* پێتوایه‌ ئه‌نجامدانى كۆڕ و سیمینار له‌ باره‌ى ژنان و پرسه‌كانیانه‌وه‌ چ كاریگه‌رى ده‌بێت؟

ئه‌نجامدانى كۆڕ و سیمینار له‌ باره‌ى پرسه‌كانى ژنانه‌وه‌ سودى خۆى ده‌بێت، یه‌كێك له‌وانه‌ سود له‌ یه‌كتر وه‌رده‌گرن و وا ده‌كه‌ن هه‌وڵ بده‌ن ژنان خودى خۆیان به‌و ئامانجه‌ بگه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت، دواتر له‌ پیاوانى ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ناته‌ندروسته‌ ئه‌گه‌ر هاوكارى ژنان نه‌بێت، چونكه‌ من له‌ ئه‌زمونى خۆمه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانم، بۆنمونه‌ من كاتى خۆى شیعرم ده‌نوسى، كه‌چى نه‌مده‌توانى بڵاوى بكه‌مه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هاوكارم نه‌بون و شتێكى عه‌یبه‌ بو ژنان شتى وا بكه‌ن.

 

” وایان له‌ ژن روانیوه‌ ته‌نها ده‌توانێت ئیشى ئاسایی رایى بكات نه‌ك گۆڕانگارى دروست بكات“

 

* ئایه‌ توندوتیژى و گێچه‌ڵپێكردنى ژنان هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌ بۆ ناو سیاسه‌ت و حیزب؟

به‌ڵێ بێگومان، وه‌كو هه‌مو كه‌سێكى تر، چونكه‌ وایان له‌ ژن روانیوه‌ كه‌ ته‌نها ده‌توانێت ئیشى ئاسایی رۆژانه‌ رایى بكات نه‌ك گۆڕانگارى دروست بكات، كه‌ خۆم روبه‌ڕوى ئه‌وه‌ بومه‌وه‌، ته‌قه‌م لێكرا كه‌ خه‌ریك بو بكوژرێم ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گۆڕانكاریم له‌ مه‌نهه‌ج دا كرد، به‌ڵام كۆڵم نه‌دا و به‌رده‌وام بوم.

* پێتوایه‌ راگه‌یاندن رۆڵى چی دەبێت له‌ نیشاندانى پێگه‌ى ژنان و هێنانه‌ پێشه‌وه‌یان؟

گه‌وره‌ترین ئه‌رك و رۆڵ له‌سه‌ر میدیایه‌، چونكه‌ هه‌ر میدیایه‌ ده‌توانێت گۆڕانكارى له‌ ئه‌قڵیه‌تى خه‌ڵكدا بكات، خه‌ڵك ئێستا بە زانیاریی خێرا راهاتوە و تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ى كتێبى نیه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌ میدیا ده‌كرێت و رۆڵى گرنگى ‌هەیە بەتایبەت بۆ ژنان.

 



ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 181,581     ژمارەی میوان 7