هێنانی ژنی دوەم ئەو پرسەی بە یاسا قەدەغەیە بەڵام سزای نیە

2022/01/13    1535 جار بینراوە
 
* نەوژین – بژوێن حەیدەر
 
بە گوێرەی یاسا هێنانی ژنی دوەم لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە و مەرجدارکراوە، بەڵام دیاردەی فرەژنی بەردەوامی هەیە، چەند ژنێک کە هاوسەرەکانیان ژنی دیکەی بەسەردا هێناون جەخت دەکەنەوە کە سکاڵایان کردوە، بەڵام دادگا بەبێ سزا دۆسیەکانی داخستون، بە بیانوی ئەوەی ئەگەر هاوسەرگیریەکە لە دەرەوەی هەرێم کرابێت ئەوا دادگاکانی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکی سزایان نیە.
 
ناهیدە محەمەد، ژنێکی دانیشتوی کەلارە و یەکێکە لەو ژنانەی کە هاوسەرەکەی ژنی دوەمی بەسەر هێناوە ئەو پەنای بۆ دادگا بردوە، لە بەرامبەردا دادگا بێئومێدی کردوە، لەو باریەوە بۆ نەوژین وتی: "هاوسەرەکەم بەردەوام دەیگوت ژنی دوەم دێنم و منیش هیچ بەوە رازی نەبوم، بەنهێنی ژنی هێنا و لە دادگایەکی دەرەوەی هەرێم مارەی بڕی هەرچەند کاتێک زانیم من سکاڵام کرد، بەڵام دادگا نە هاوکاری کردم و نە لە پشتم بو".
 
ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی كوردستان ساڵی (٢٠٠٨) یاسای باری كەسێتی عێراقی هەمواركردەوە كە بە یاسای ژمارە (١٨٨)ساڵی (١٩٥٩) ناسراوە، بە گوێرەی هەموارەكە مادەی (١٠) لە بڕگەی پێنج هێنانی ژنی دوەم قەدەغەیە تەنها بە مەرج نەبێت لەوانە نەخۆشی منداڵ نەبون، کێشەی تەندروستی ژن، باری دارای پیاو کە توانای ئیدارە دانی دوژنی هەبێت و بەڵێن نامەیەک بە پیاو پڕکرێتەوە کە یەکسان بێت لە نێوان هەردو ژنەکە و نابێت پێشتر ژنی یەکەم لە گرێبەستی هاوسەرگیریەکەیدا مەرجی ئەوەی دانابێت کە ژنی بەسەردا نەهێنرێت و پێویستە ئەم مەرجانە هەموی پێکەوە جێبەجێبکرێت.
 
سزای هێنانی ژنی دوەم لە یاساکەدا بەم شێوەیە دیاری کراوە کە ژنەکە ئەتوانی لە سێ مانگدا سکاڵا بکات حوکمەکەی لە شەش مانگ کەمتر نیە لە ساڵێک زیاتر نیە هەروەک سزای پێبژاردن دەدەرێت بە دە ملیۆن دینار.
 
"ئەگەر ژن سکاڵا تۆماربکات دادگا لێرە ناتوانێت پیاوەکە سزابدات"
 
ئەو جیاوازیەی کە لە نێوان یاسای فرەژنی لە هەرێم و عێراقدا هەیە وای لە دادگاکانی هەرێم کردوە کە هیچیان لە دەست نەیەت بۆ ئەم پرسە، چونکە نوێترین بڕیاری دادگای ئیستئنافی هەولێر دەڵێت: (ئەو پیاوانەی کە لەدەروەی هەرێم ژنی دوەم دێنن نابێت رێکاری یاسای لە دژیان بگیرێتەبەر و هاوسەرێتیەکەیان راست و دروستە)
 
چرۆ عومەر، پارێزەر لەم بارەیەوە  ئەوەی بە نەوژین وت: لەم ساڵانەی دوای پیاوانێکی زۆر ژنی دوەم و سێیەمیان بە نهێنی لە دەرەوەی هەرێم مارەکردوە و لێرەش ژنەکە سکاڵا تۆمار بکات هیچی بۆ ناکرێت.
 
ئەو پارێزەرە ئەوەشی وت: تا ئێستا هیچ رێگە چارەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دانەنراوە جگە لە چەند قەراراتێکی مەحکەمەی تەمیزی و لە عێراقیش ئەو پیاوە هیچ تاوانبارنیە کە ژنی دوەم دەهێنێت.
 
لەگەڵ ئەوەشدا ڤیان سابیر، ئەندامی رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان(PDO)دەڵێت: ژنان پێویستە هۆشیاربن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان و سکاڵا تۆمار بکەن، ئێمە زۆر جەخت دەکەینەوە لە رۆڵی دادگاکان لەم پرسە و دادگاکان پێویستە یاسا جێبەجێبکەن ئەوەی بوەتە گرفت بۆ ژنان ئەوەیە پیاوان سەردانی دادگاکانی دەرەوەی هەرێم دەکەن بۆ هێنانی ژنی دوەم. دەشڵێت.
 
 
سەرەڕای ئەوەی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە، بەڵام پیاوان رو لە دادگاکانی دەرەوەی هەرێم دەکەن بە مەبەستی هاوسەرگیری دوەم و سێیەم ئەگەر هاتو ژنان لێرە سکاڵا تۆماربکەن ئەوا دۆسیەکە دەچێتە دادگای تەمیز ئەگەر هاوسەر گیریەکە لە دادگایەکی باوەڕپێکراو بو ئەوا دادگای تەمیز سکاڵاکە هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
 
هێمن عەلی، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ژنان لە قەزای چەمچەماڵ بە نەوژینی راگەیاند: لە یاسا کۆنەکەی عێراق کۆمەڵێک مەرج دانراوە بۆ ئەم پرسە و لە هەرێمی کوردستان ئەو یاسایانە نوێکراوەتەوە و لە هەرێم رۆڵی دادگا لەم پرسە زۆر باشە و ئەگەر هەر کەیسێکی وا هەبێت دادگا بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ ئەکات. 
 
 
"هاوسەرکەم مەلا ژنی دوەمی بۆ مارەکرد"
 
 
بەدەر لە دادگاکانی دەروەی دەسەڵاتی هەرێم مامۆستایانی ئاینیشی رۆڵیان هەیە لە بەردەوامی فرەژنی وەک سەرگوڵ مەحەمەدی دانیشتوی پیرەمەگرون، باسیلێوەدەکات ئەو هاوسەرەکەی هیچ سەردانی دادگای نەکردوە بەمەبستی هێنانی ژنی دوەم و تەنها لە لای مامۆستای ئاینی مارەی بڕیوە.
 
سەرگوڵ، وتی: "بیانوی پیاوەکەم بۆ هێنانی ژنی دوەم ئەوە بو کە ژنەکەی ئیشی لادێی بۆ بکات و ژنی هێنا و منیش بێدەنگ بوم و رازی بوم هیچ دەسەڵاتم نەبو چو لای مەلا مارەی کرد".
 
ئەم پرسە یاسای باری کەسێتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە ئاخۆ ئەو یاسایە تەنها بۆ بێدەنگکردنی داکۆکیکارانی پرسی ژن بوە یاخود دەرخەری ئەوەیە تا ئێستا یاسا بەرکارەکان کە پەرلەمانی کوردستان دەری کردوە لە پاشترە لە یاساکانی سزادانی عێراقی.
 
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,333     ژمارەی میوان 533

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە