نەوژین - پەرژین کامەران
لە پاڵەوانیەتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی بە نوێنەرایەتی عێراق کچە یاریزانێکی کورد پلەی یەکەمی بە دەستهێناو سێ مەدالیای زێڕی بردەوە سەرکەوتنەکەشی پێشکەش بە رۆحی باوکی دەکات کە بۆ ماوەی (١١) ساڵ راهێنەری بوە.
ئیسرا موحسین، تەمەن (٢١) ساڵ دانیشتوی شاری هەولێر ماوەی (١١) ساڵە بە راهێنەرایەتی باوکی دەستی بە یاری کردوە، براوەی (٢٤) مەدالیای زێڕە، لە ئێستادا یاریزانی یانەی هەولێرە و نوێنەری هەڵبژاردەی عێراقە لە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسای.
پاڵەوانیەتی بەرزکردنەوەی قورسای وڵاتانی عەرەبی، ئەمساڵ لە عێراق بەڕێوەدەچێت بە بەشداری (٢٠٠) یاریزانی کچ و کوڕی (١٤) وڵاتانی عەرەبی لەشارۆچکەی شەقڵاوە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
ئیسرا، بۆ بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکە ماوەی سێ مانگ راهێنانانی کردوە، توانی بە بەرزکردنەوەی نەتر (٦٥) کیلۆگرامی و خەتف (٦١) 61 کیلۆگرامی سێ مەدالیای زێڕی پاڵەوانیەتیەکە بەدەستبهێنێت، ئەو بۆ نەوژین دەڵێت: هەستێکی خۆشم هەیە توانیم ئەو ئاستەبەرزە تۆمارکەم، سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و قسانەی روبەڕوم بۆتەوە لە دەستکردن بە یاری بەرزکردنەوەی قورسای پێم وتراوە ئەو یاریە بۆ کچ نابێت و باش نیە، بەڵام من گوێم بەو قسانە نەداو بەردەوام بوم توانیومە لە چوار پاڵەوانێتی بەشداری بکەم لە هەمویاندا براوە بوم.
باوکی ئیسرا، پشتیوانی گەورەی کچەکەی بوە بەوەی خودی خۆشی راهێنەری بوە، بەڵام پێش سێ مانگ لە دەستپێکردنی ئەم پاڵەوانیەتیە کۆچی دوای دەکات ئیسراش لە بەرامبەردا سەرکەوتنەکەی پێشکەش دەکات و دەڵێت: بەهۆی باوکمەوە دەستم بەم یاریەکرد ئەو راهێنەرم بو، لەم یاریەدا بەو ئاستە بەرزەم و ئومێدەکەم رۆحی کۆچکردویم شادکردبێت، چونکە باوکم تەنها پشتیوانی من نەبوە دو خوشکی کەشم ئێستا یاریزانن.
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.