بڕینی سەدان مەتری شاخ و دۆڵەکان بۆ تەندروستی و دەرونێکی ئارام

2021/12/26    1568 جار بینراوە
 
* نەوژین – سومەیە ساڵح
 
ژمارەیان (٢٠٠) ژنە لەکاتی گەشتەکانیان سەدان مەتری دەشت و دۆڵ و شاخەکان بە پیادە دەبڕن، رێگاکان دەبێتە هاودەمیان بۆ تەندروستیەکی باشتر و دورکەوتنەوە لە جەنجاڵی شارو هەڵمژینی هەوایەکی پاکژ و کەمکردنەوەی ئەو سترێسەی کە لە ژیانی رۆژانە دێتە رێگەیان. 
 
گروپی پیادەڕەوی خانمانی سلێمانی، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە وەکو تاکە گروپی پیادەڕەوی لە پارێزگای سلێمانی دەستیان بە گەشت و پیادەڕەی کردوە. هەفتانە رۆژێک بە پیادەڕەوی بۆ شوێنێکی جیاوازی دەوروبەری پاریزگای سلێمانی دەڕۆن،
 
چیمەن عوسمان، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گروپەکە دەربارەی بیرۆکەی دروستکردنی گروپەکە بۆ نەوژین وتی: من راهێنەری هۆڵێکی لەشجوانی بوم پێکەوە رێکەوتین گەشت بکەین بە پیادە، کە ئەوەمان کرد هەستمان بە گەشانەوەیەکی رۆحی کرد لەگەڵ تەندروستیەکەی زۆر باش بۆیە بڕیاماندا گروپەکە فراوان بکەین".
 
"کۆبونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ژنان پێکەوە و بینینی سروشت وایکرد زاڵبم بەسەر خەمۆکیەکەم"
 
بەشداربوانی گروپەکە باسلەوەدەکەن توشی سەرسوڕمان بون لە دەرئەنجام و کاریگەری گەشتەکان لەسەر تەندروستی جەستە و دەرونیان بەشێوەیەک بەڕونی کاریگەریەکەیان بۆدەرکەوتوە.
 
بەیان عومەر، تەمەن (٥١) ساڵ باسلەوەدەکات کە گەشتەکانیان هێندە کاریگەری هەبوە وایکردوە هەست بە زاڵبونی بەسەر حاڵەتەکانی دڵ ناسکی و توانای چالاکی جەستەی بۆ کاروباری ناوماڵ بکات. 
 
ئەو بۆنەوژین وتی: "سودێکی زۆرم بینیوە لە گەشتەکان بەوەی تێکەڵبوین لەگەڵ ژنانی دیکە هەست بە کەشێکی جیاوازدەکەیت کە خۆمان ئامادەدەکەین دواتر پێکەوە دەڕۆین بەو سروشتە دڵڕفێنە، لە روی تەندروستیەوە من بەتەواوی هەست دەکەم کاریگەری هەبوە لە سەر دڵناسکی و وردەگلەی لە کەسانی دەوروبەرم و ئەندامانی خێزانەکەم و ئارام بونەوەی میشک و دەرونیشم".
 
 
گروپی پیادەڕەوی خانمانی سلێمانی
 
هەروەک هاوژین نامیق، تەمەن(٤٢)ساڵ  بەهۆی کێشەی هەناسەدانەوە بڕیاری داوە بێتە گروپەکەوە، ئەو سەرسوڕمانی خۆی نەشاردەوە لە سودەکانی پیادەڕەوەیەکەیان وتی: "کێشەی هەناسەدانم هەبو و توانای رێکردنی زۆرم نەبو، بەڵام ئێستا زۆر باشم لەکاتی رۆشتن هیچ هەست بە هیلاکی ناکەم".
 
"گفتوگۆ و خستنەڕوی زانیاری"
 
ئەوەی جیاوازی دیکەی بە گروپەکە بەخشیوە پلانی گەشتەکان و ئەو زانیاریانەیە کە تێیدا بە نۆرە هەرگەشتەو کەسێکیان بابەتێک ئامادەدەکات بۆ باسکردن و گفتوگۆ لەسەرکردنی.
 
چیمەن عوسمان،  ئاماژەی بەشێوازی گەشتەکەیان کرد و وتی: "لە سەرەتای پشوەکاندا نانی بەیانی دەخۆین، پاشان چەند رێنمایەک دەدەین، لە کۆتایدا بۆ سودی خانمە بەشداربوەکان هەرجارە و گوێبیستی چەند وتەیەک لەلایەن خانمێکی بەشداربو لە بواری پسپۆڕیەکەی خۆیدا دەبین"
 
بەشداربوانی گروپەکە زیاتر فەرمانبەر و خاوەنکارن لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان خوێندکارن یان ژنی ماڵەوەن، هەروەک تەمەنیان لە نێوان (١٨ بۆ سەروی ٥٠)ساڵیدایە.
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,509     ژمارەی میوان 1708

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە