رۆژنامەنوسان هۆکاری پشت چۆنیەتی روماڵی 'کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرف' لە میدیاوە ئاشکرادەکەن

2021/10/21    873 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
فۆکس گروپێکی تایبەت بە چۆنیەتی روماڵکردنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەف ئەنجامدرا، تێیدا رۆژنامەنوسان ئاماژەیان بەوەکرد سیاسەتی دەزگاکانی راگەیاند لەگەڵ دروست بونی مەترسی لەسەر ژیانیان بەهۆی کارکردنیان لەسەر ئەو دۆسیە هەستیاریانە بوە بە رێگر لەبەردەم روماڵی تەندروستی میدیا بۆ ئەو پرسە.
 
سازان موستەفا، سەرپەرشتیاری پرۆژەی( کوشتن بە بەرچاوی یاساوە راگرن) بۆ نەوژین وتی: ئەمە زنجیرەی چالاکی پرۆژەکانی رێکخراوی خەڵکە بۆ گەشەپێدان (PDO) بەپاڵپشتی رێکخراوی ئەینتەرنیوز  لەو چوارچێوەیە لە کەلار بە ئامادەبونی رۆژنامەنوسانی ناوچەی گەرمیان فۆکەس گروپێکمان ئەنجامدا دەربارەی رۆڵی ڕۆژنامەنوسان لە روماڵکردنی دیاردەی کوشتن بەناوی شەرەف.
 
دوای خستنەڕوی کورتەیەک لە بابەتەکە و ھۆکارە ( کۆمەڵایەتی ، ئایینی ، کلتوری و یاسایی )كان  لەلایەن به رێوبه ری پرۆژەكه،  دواتر رۆژنامەنوسان باسیان لە رێگریەکان و ئەو بەربەستانە کرد کە لە کاتی روماڵ کردنی کەیسەکانی کوشتنی ژنان و بەدواداچون لە تاوانەکە لەلایەن دەزگاکان و کۆمەڵگاوە دەخرێتە سەریان.
 
 "روبەڕوی هەڕەشە دەبینەوە"
 
لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری سایتی کەرکوک ناو وتی: "ئێمە روبەڕوی کۆمەڵێک کێشە دەبینەوە لەکاتی کارکردنمان لەم دۆسیە یەکەم خێزانەکانیان کە ئامادەی قسەنین یان روبەڕوی هەڕەشە دەبینەوە لەسەر کارکردن لەبارەیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزگا فەرمیەکان ئامادەی پێدانی وردەکاری نین لە سەر تاوانەکە".
 
هەروەک هەریەکە لە رۆژنامەنوسان نیگار رەشید و علی حسێن، زمناکۆ یەحیایی لە گفتوگۆکانیان تیشکیان خستەسەر سانسۆری دەزگاکان و سیاسەتی کەناڵەکان بۆ روماڵی ئەو دۆسیانەی پەیوەست بە کوشتن.
 
لەگەڵ ئەوەشدا  تیشکخرایە سەر ئەو خاڵەی کە ئایا ئەو روماڵەی لە میدیاکانەوە دەکرێت رێگە خۆشکەر نیە بۆ زیادبونی حاڵەتەکان؟ یان ئەوەی کە دەبێتە رێگر بۆ کەمبونەوەی حاڵەتەکان.
 
"هیچ توێژینەوەیەک نیە بیسەلمێنێت روماڵی میدیا هۆکارەبوە بۆ زیادبونی کوشتن بە ناوی شەرەف یان کەمبونەوەی"
"تا ئێستا توێژینەوەیەک نیە لەسەر ئەوەی ئایا روماڵی میدیا بۆ ئەو قەزیە وایکردوە دیاردەکە کەمبێتەوە یان هۆکاربوە بۆ زیادبونی کە ئەمە هێشتا جێگەی پرسیارە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەندێک دۆسیە ئەگەر هەڵاییی راگەیاندن نەبوایە بەلاڕێدا دەبرا". رۆژنامەنوس ئەحمەد حەمید، وای وت.
 
 
بەشداربوانی فۆکس گروپی رۆژنامەنوسان لەسەر روماڵی کوشتنی ژن بەناوی شەرەف وێنە: نەوژین
 
هەروەک سەرجەم راگەیاندکاران کۆکبون لەسەر ئەوەی قەزیەیی کوشت گرنگە سزاکەی بۆ رای گشتی ئاشکرابکرێت بۆ ئەوەی تەنها کوشتن نەبێتە ناونیشانی هەواڵ و گوێگر وبینەرو بیسەر هەست بە سزاکان نەکەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە ماوەی ٨ مانگی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان ١٠ ژن کوژراون لە گەڵ چەندین دۆسیەی دیکەی کوشتن کە تاوەکو ئێستا دۆسیەکانیان لە دادگا چاوەڕێی یەکلابونەوەی دەکرێت.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,209     ژمارەی میوان 2959

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە