٧ ژن لە پارێزگای سلێمانی دەبنە ئەندامی پەرلەمانی عێراق

2021/10/11    1218 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
بە پێی ئەنجامە بەرایەکانی هەڵبژرادن لە پێنج بازنەکەی پارێزگای سلێمانی ژنان بە ٧ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان بە دەستهێناوە بەشێوەیەک هیچیان پێویستیان بە کورسی کۆتا نەکردوەو سێ لەو کاندیدانە دەنگی یەکەمی سەر ئاستی بازنەکانەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکەبون.
 
دوێنێ(١٠/١٠/٢٠٢١) هەڵبژاردنی گشتی بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچو، کاندیدانی پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنە کێبڕکێی بە دەستهێنانی ١٨ کورسیان دەکرد.
 
بازنەی یەک
 
چوار کاندید لەم بازنەیە دەگەنە ئەنجومەنی نوێنەران، بە گوێرەی ئەنجامە بەرایەکان لە بازنەی یەکی سلێمانی  هەریەکە لە نەوەی نوێ هاوپەیمانی کوردستان و پارتی لەگەڵ کاندیدێکی یەکگرتو کورسیان مسۆگەرکردوە.
 
لەم بازنەیە دو ژن توانیان بە دەنگی خۆیان و بە بێ کۆتا بگەنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوانیش هەریەکە لە یادگار مەحمود، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، نەرمین مەعرووف، بەربژێری هاوپەیمانیی کوردستان.
 
 
یادگار مەحمود، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
 
 
نەرمین مەعرووف، بەربژێری هاوپەیمانیی کوردستان
بازنەی دو
 
لە بازنەی دوی سلێمانی سێ کاندید دەتوانن بگەنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەم بازنەیەشدا ژنان توانیویانە بە دەنگی یەکەمی بازنەکە کورسیەکی مسۆگەربکەن.
 
کاندیدە سەرکەوتوکەی ئەم بازنەیە بەدریە ئیبراهیم، لە لیستی نەوەی نوێ یە بە زۆرینەی دەنگی بازنەکەی دەگاتە پەرلەمانی عێراق.
 
 
بەدریە ئیبراهیم، لە لیستی نەوەی نوێ
 
 بازنەی سێ
 
لەم بازنەیە سێ کورسی کێبڕکێی لەسەر کراوە، بەگوێرەی ئەنجامە بەرایەکان لەبازنەی سێی سلێمانی (هەڵەبجە، شارەزور، پێنجوێن و سەیدسادق) کاندیدێکی هاوپەیمانی کوردستان، کاندیدێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هەروەها کاندیدیكی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
 
ژنە کاندیدەکەی ئەم بازنەیە 'چرۆ حەمەشەریف'  لەهاوپەیمانی کوردستان کە بە دەنگی خۆی  بە یەکەمی بازنەکەی و بە بێ کۆتا دەگاتە ئەنجومەنەی نوێنەرانی عێراق.
 
 
'چرۆ حەمەشەریف' کاندید لەهاوپەیمانی کوردستان(یەکێتی)
 
بازنەی چوار
 
لەم بازنەیە کێبڕکێ بۆ چوار کورسی کراوە، دو ژن توانیان کورسی بەدەستبهێنن و دەنگی یەکەمی بازنەکەشیان بن.
 
ژنە کاندیدە براوەکانی ئەم بازنەیە هەریەکە لە سروە عەبدولواحید، لە لیستی نەوەی نوێ بە پلەی یەکەم و بەدریە حوسێن لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پلەی چوارەم دێت کە 16 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە
 
هەر لەم بازنەیەدا بەربژێرێکی پارتی کە ناسکە عەبدوڵڵایە 15 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر هەیە بە تێکەڵکردنی دەنگدانی تایبەت رێژەی دەنگەکان بگۆڕێت.
 
 
سروە عەبدولواحید لە نەوەی نوێ
 
 
بەدریە حسێن، کاندید لە هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی)
 
بازنەی پێنج
 
لە بازنەی پێنجی پارێزگای سلێمانی(کەلار، چەمچەماڵ، کفری، دەربەندیخان) کێبڕکێ بۆ چوار کورسی تێیدا کرا، دو کاندیدی هاوپەیمانیی کوردستان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە لەگەڵ کاندیدێکی نەوەی نوێ و کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان. 
 
ئەو ژنە کاندیدەی لەم بازنەیە سەرکەوتوە کاندیدی هاوپەیمانی کوردستانە کە ئەویش سروە محەمەد کاندیدی یەکێتیە کە بە دەنگی خۆی و بەبێ کۆتا دەگاتە پەرلەمانی عێراق.
 
 
سروە محەمەد، کاندید لە هاوپەیمانی کوردستان(یەکێتی)
 
پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنە پێکهاتوە، لە سەرجەم بازنەکان ملیۆنێک و 425 هەزار و 705 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و، 18 کورسیی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو پارێزگایە دابینکراوە کە پێنجیان بۆ کۆتای ئافرەتان بو، بەڵام ژنان ئەو رێچکەیان شکاندن  بە کۆتا بگەنە پەرلەمان، لە کۆی ئەو ژمارەیەی دەنگدەر کە مافی دەنگدانیان هەبوە 479 هەزار کەس دەنگیان داوە کە دەکاتە 37%ی رێژەی دەنگدەران.
 
ئەنجامی هەڵبژرادنەکانی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ژنان قۆناغێکی نوێی هێناوە ئاراوە بەشێوەیەک نەوەک تەنها بە کۆتا ژنان دەرنەچون بەڵکو لە بەشێکی زۆری بازنەکانی کوردستان دەنگی یەکەم بون یاخود دو کوسی بازنەکانیان مسۆگەر کردوە کە ئەمەش بۆ یەکەم جارە لە مێژوی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژنانی کاندید بگەنە ئەم ئاستە بەشێوەیەک رێژەی بە دەستهێنانی کورسیەکانیان لە پارێزگای سلێمانی(38.8%)ە.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,374     ژمارەی میوان 731

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە