ژنانی کاندید: بە بێ ناوزڕاندن بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەمان تێپەڕاند

2021/10/09    791 جار بینراوە
 
* نەوژین - پەرژین کامەران
 
کاندیدانی ژن باس لەوە دەکەن لەماوەی بانگەشە کردنیاندا هیچ کێشە و بەربەستێکیان پێش نەهاتوە لەڕوی جیاوازی رەگەزی زمانی رقاوی و ناوزڕاندنەوە، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی رابردو.
 
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژنان بە رێژەی (٢٧،٣٣٪)بەشدارن بە (٩٦٣)کاندید، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێم (٤٩)ژن کاندیدن واتە بە رێژەی (٣٦،٠٢٪) ژنان لە هەرێمی کوردستان دەچنە ململانیەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە سبەینێ ١٠ ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت. 
 
رێزان ئەحمەد، کاندید لە لیستی هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەکرد: تا ئەم ساتە دوچاری هیچ ناوزراندن و قسەی کینەبەرایەتی نەبوەتەوە لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەک، ئەشواق جاف، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهەمانشێوە دەڵێت: "من کە سێیەم جارمە دەچمە ململانیەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لەم هەڵبژاردنە روبەڕوی هیچ گرفتێک نەبومەتەوە، بەگشتی لە کوردستان ئازادییەکی باشمان هەیە وەک ژن لە پرۆسەی سیاسی و مەسەلەی هەڵبژاردن".
 
 
رێزان ئەحمەد
 
ژنانی کاندید چیان لە هەگبەدایە بۆ پرسی ژن؟
 
یەکێک لەو خاڵانەی راستەوخۆ لەگەڵ ناوی کانیدیدانی ژن دەهێندرێت ئەوەیە بۆ پرسی ژن چیان ئامادەکردوەو دەیانەوێت چی بکەن.
 
”بۆ ژنان زۆر بوار هەیە دەبێ باشتر بەیاسا رێکبخرێت جا بەیاسای نوێ بێت یان هەموار کردنی یاسا کۆنەکان لە شێوەی یاسای هەڵاوێردکاری ئەرێنی، لەبەرژەوەندی ژنان و هەروەها یاسای ریشە کێشکردنی توندوتیژی خێزانی و زۆر بواری تر“ ئەمە پلانەکانی 'سەناریا عەبدوڵڵا' کاندیدی سەربەخۆیە.
 
لەهەمان کاتدا کاندیدانی ژن پێیان وایە ئەندامانی خولەکانی رابردو نوێنەرایەتیەکی راستەقینەی دۆزی ژنان و گەنجانیان نەکردوە، ئەمە تێڕوانینی مرواری محەمەد، کاندیدێکی کۆمەڵی دادگەریە ئەو بۆ نەوژین وتی: ژنان و گەنجان و هەمو چین و توێژەکانی تریش وەلانراون گرفت ئەوە بوە نوێنەرایەتییەکی راست و دروست و خەمخۆرانە نەکراون یان ئەو یاسا یانەی بۆیان دەرچوێنراوە وەکو خۆی جێبەجێ نەکراون، بێگومان ئیشی ئێمە دەبێت بەدواداچون و چاودێری چڕ بکەین بۆ ئەوەی مافەکانیان وەکو خۆی جێبەجێ بکەین“.
 
 
مرواری محەمەد
 
ژنانی کاندید چاوەڕێی پشتیوانی ژنانی دەنگدەرن
 
ژنانی کاندید چاویان لە دەنگی هاوڕەگەزەکانیانە پاڵپشیتیان بن ئەگەرچی پێیان وایە ژنان کەمتر دەنگ دەدەن بە کاندیدی ئافرەت.
 
سەناریا عەبدوڵڵا، پێی وایە گرنگە ژنان دەنگیان بۆ رەگەزی خۆیان بێت چونکە باشتر لە گرفتەکانیان تێدەگەن، ئەو بۆ نەوژین وتی: لەوە دڵنیانیم تاچەند ژنان پشتیوانمان ئەبن، ئەزمونەکانی رابردو سەلماندویانە بەگشتی ژنان کەمتر دەنگ ئەدەن بە کاندیدی ژن دەبێ ئەوە بگۆردرێت، چونکە ژنان دەبێ پشتیوانی یەکبن و باشتر لە موعاناتی یەک تێئەگەن.
 
 
سەناریا عەبدوڵڵا
 
مرواری محەمەد، هۆکارێک بۆ ئەوە دەخاتەڕو هەروەک پێشی وایە دەگمەنە ژنان بە دەنگی خۆیان بگەنە پەرلەمان ئەو وتی: لەرابردودا هەندێک لە ژنانی هەڵبژێردراو نەیانتوانیوە ئەدای ئەرکەکانی خۆیان بەباشی بکەن، ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی حاڵەتێکی دەگمەن بێت ژنان بە دەنگی خۆیان سەربکەون.
 
ئەشواق جاف، بە پێچەوانە لەم پرسە دەڕوانێت ئەو جەختی کردوە ژنان پشتگیری ژنانی کاندید دەکەن و دەنگیشیان پێدەدەن وەهانی پیاوەکانیش ئەدەن دەنگ بە ژن بدەن".
 
 
ئەشواق جاف
 
کەمبونەوە نەبونی ناوزڕاندن و وتاری کینەبەرایەتی دژ بە ژنان لەسەر بنەمای جێندەری لەم هەڵبژرادنە جیاوازی بە پرۆسەی بانگەشەکە بەخشیوە هەروەک هەر لەسەرەتایی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ١٠ ئۆکتۆبەر 'نێچیرڤان بارزانی'سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدەقی پەیامێکیدا بە ناونیشانی( کەسایەتی کاندیدە ژنەکان لەکەدار مەکەن )وتی: ”داوا له‌ هه‌مو لايه‌ك ده‌كه‌م بانگه‌شه‌يه‌كى مه‌ده‌نيانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بده‌ن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بانگەشەکانتان له‌سه‌ر حيساب و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تيی كاندید‌، به‌تایبه‌تی كاندیدى ژن نه‌بێت“.
 
سبەی هەڵبژاردنی گشتی لە سەرتاسەری پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچیت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە پێی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ژنان لە بازنەکانی کوردستان لە پێشەوەی کاندیدەکانی رکابەریانەوە بە ژمارەیەکی زۆر بە پێی ئەنجامە نافەرمیەکان لە پێنج بازنە پلەی یەکەمی دەنگەکانیان بە دەستهێناوە.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,539     ژمارەی میوان 389

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە