رۆزا حەمەساڵح: سیستەمی کۆتا گرنگە بمێنیتەوە تا ئەوکاتەی کۆمەڵگە هۆشیار دەبێتەوە دەنگ بەژن دەدات

2021/10/07    1747 جار بینراوە
 
* نەوژین -  چاوان محەمەد
 
خانمە نوسەرو چالاکوان رۆزە حەمەساڵح، ئاماژە بەوەدەکات ئەجێندای سیاسی ناو حزبەکانی کوردستان کاریان بۆ ئەوە نەکردوە کە ژنان بۆ بەرژەوەندی دۆزی خۆیان کاربکەن، هەروەک جەختیش دەکاتەوە  لە کوردستان و عێراقیشدا چەندەها هەڵبژاردن کراوە، ژنان بەشداریکردنێکی بەرچاویان وەک دەنگدەر هەبوە،  بەڵام هەر خودی خۆیان ئامادەنەبون دەنگ بە ژنێک بدەن و هەوڵ بۆ سەرخستنی هاوڕەگەزی خۆیان بدە‌ن، پێیان وابوە ژن بۆ سیاسەت نەکراوە و ناتوانێت بە عەقڵ بیربکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا ژنان بنچینەیەکی گرنگی دیموکراسی و پەیڕەوکردنی دەسەڵاتێکی دور لە گەندەڵین.
 
لە دیدارێکی نەوژیندا خانمە نوسەرو چالاکوان رۆزا حەمەساڵح، تیشک دەخاتە سەر بەشداری سیاسی ژنان لە هەرێمی کوردستان کاریگەریان لە پرۆسەی هەڵبژاردن.
 
دەقی دیدارەکە:
 
*لە ١٠ ئۆتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژارنی گشتی لە عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت بە پێی یاسا نوێیەکەی هەڵبژرادن ژنان لە ٨٣ بازنە کێبڕکێی گەشتە پەرلەمان دەکەن رێژەی ژنانیش بە ٢٥ ٪ دیاری کراوە بە رای تۆ سیستەمی دیاریکردنی رێژە یان کۆتا تا چەند بۆ ژنان گرنگ بوە؟ 
 
بە ڕای من سیستەمی کۆتا لە قۆناغی راگوزاریدایە ( واتا قۆناغی کۆمەڵگایەکی دواکەوتو، هەنگاونان بەرەو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو)، ئەم سیستەمە گرنگە بۆ ژنان، لەبەر ئەوەی  لە رابردودا رێگە بە ژنان نەدراوە تواناکانی خۆیان نیشان بدەن، بۆیە لە رێگەی سیستەمی کۆتاو گەیشتنە پەرلەمان بۆ دەرخستنی هێز و تواناکانی  ژنان،ئەگەر بەم رێگا نەبێت تواناکانی ژنان ناتوانرێت نیشان بدرێت، چونکە بە درێژایی مێژوی پێنج هەزار ساڵەی پیاو، ژن پەراوێز خراوە، هەمیشە بە کەمتر لە پیاو بینراوە، وە هەوڵی داوە تواناکانی ژن بشارێتەوە و لە چوار چێوەی ماڵدا قەتیسی بکات، سیستەمی کۆتا پێویستە تا ئەو کاتەی کۆمەڵگا هۆشیار دەبێتەوە و باوەڕ بە تواناکانی ژن دەکات و دەنگی خۆی بە ژن دەدات.
 
*ژنان چۆن سودیان لە سیستەمەکە بینیەوە ئایا ئەمەیان کردوەتە دەرفەتێک بۆ دەرخستنی تواناکانیان؟
 
تا رادەیەک توانیویانە سود لە سیستەمی کۆتا ببینین، بەڵام بە گشتی نەیانتوانیوە بونی خۆیان بسەلمێنن و تێکەڵ بە گرفتەکانی  ناو کۆمەڵگا ببن، بتوانن رۆڵی سەرەکیان هەبێت لە ناو دەسەڵات و پەرلەمان و تەنانەت لە ناو حزبەکانی خۆشیاندا، چونکە لە ناو بەرنامەی حیزب و سیاسەتیشدا تواناکانی  پشتگوێ خراوەو وەک پاشکۆی پیاو تەماشاکراوە.
 
"ژنان بەشداریکردنێکی بەرچاویان وەک دەنگدەر هەبوە،  بەڵام ئامادەنەبون دەنگ بە ژنێک بدەن!" 
 
 
* رۆڵی پشتیوانی ژنان چۆن دەبینیت بۆ ئەو ژنانەی سیاسەت دەکەن؟ بەتایبەت لە پشتیوانی ژنانی کاندید؟
 
 لە کوردستان و عێراقیشدا چەندەها هەڵبژاردن کراوە، ژنان بەشداریکردنێکی بەرچاویان وەک دەنگدەر هەبوە،  بەڵام هەر خودی خۆیان ئامادەنەبون دەنگ بە ژنێک بدەن و هەوڵ بۆ سەرخستنی هاوڕەگەزی خۆیان بدە‌ن، پێیان وابوە ژن بۆ سیاسەت نەکراوە و ناتوانێت بە عەقڵ بیربکاتەوە، ئەمەش  لە ئەنجامی  ئەو تێڕوانینە سەقەتەیە کە سیستەمی سیاسی و پەروەردەیی و سیاسەتی حوکمڕانی کە لە ئەلف و بێی کوردییەوە و هەتاوەکو دەگاتە راگەیاندن و دادگاکانیش بۆ ژن هەیانە، دۆخێکیان خولقاندوە کە ژن بە کەمتر لە پیاو ببینرێت، ئەمەش وای کردوە کە کۆمەڵگا بە گشتی و ژن بە تایبەتی باوەرو و متمانەیان بە تواناکانی ژن  بۆ سیاسەتکردن نەبێت.
 
* ژنانی سیاسەتکار ئەوەیان سەلماندوە کە بەهێزن؟
 
هەمو ژنێک خۆی لە خۆیدا بە توانایە و دەتوانێت پێشەنگ بێت، چونکە ژن دایکە، بەرێوبەری ماڵە و بنچینەی دۆزەرەوەی بەروبومە کشتوکاڵێکان بوە، ژن دەتوانێت ئیدارەیەکی ئابوری و ئاشتی خوازانەی هەبێت، سیاسەتێکی دیموکراتیانە و بەڕێوبردنێکی عەدالەتانە بەڕێوە ببات، ئەو متمانە نەکردنە بە ژن کە ئاماژەمبۆکرد هۆکارە بۆ ئەوەی کە نەتوانێت بونی خۆی بسەلـێنێت.
 
"ئەجندای سیاسی ناو حزبەکانیشیان کاریان بۆ ئەوە نەکردوە بۆ بەرژەوەندی دۆزی ژنان کاربکەن"
 
* تاچەند ژنانی ناو پارتە سیاسیەکان توانیویانە کۆدەنگ بن لەپێناو بەهێزبونیان؟
 
زۆر جار ژنان ھە‌وڵیان داوە‌ کۆنفرانسی ژنانی نەتەوەیی چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ببەستن، نە‌ك بە‌ تە‌نھا لە‌ ئاستی حكومڕانی باشوری كوردستاندا،  بە‌ڵكو هەوڵەکانیان لە‌ ئاستی پرسە‌ نە‌تە‌وە‌یە‌كانی ھە‌ر چوار پارچە‌ی كوردستانیش بوە، تەنانەت کۆنفڕانسی یەکەم و دوەمیان بەستوە و هەوڵی سێهەمیشیان داوە، بەڵام لە بەر ئەوەی ژنانی ئێمە خۆیان پەروەردە نەکردوە،  تا رادەیەک  هۆشیاریەکی ئەوتۆیان نییە و خاوەن ئیرادەی ئازادی ژنانەیان نیین، وە ئەجندای سیاسی ناو حزبەکانیشیان کاریان بۆ ئەوە نەکردوە  بۆ بەرژەوەندی دۆزی ژنان کاربکەن، بەڵکو بۆ مەرامی حزبی خۆیان بە کاریانهێناون،  لە هەر کوێدا حزبەکانیان ناکۆکی سیاسییان هەبێت ئەوا رێگری کردوە، ئەگەر نا ژنان بۆ خۆیان  تایبەتمەندی و توانایان هەیە و پێیان خۆشە بە کۆدەنگی کار بکەن.
 
 
کوردستان، چوارەمین دیداری لوتکەی ژنانی سەرکردە ٢٠٢٠ وێنە: رێکخراوی ئێمە
 
* کۆتا پرسیارم تایبەت ئەکەم بەوەی ئایا لەم قۆناغەدا ژن بەشداری راستەقینەی پرۆسەی سیاسیە؟ یان تەنها جوانکاری حکومەتە؟
 
بەشداریكردنی تاک لە  پرۆسەی سیاسی یەکێکە‌ لە گرنگترین بنە‌ماكانی دیموکراسییت، بەشداری کردنی ژنان و دەرخستنی قۆڵ و تواناکانیان بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەو سیستە‌مە‌ دادەنرێت، لە کوردستان  بەشداری کردنی ژنان لەو پرۆسەدا تا رادەیەک بەشداری کردنێکی راستەقینە نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بە هۆی ئەو جیاوازیەی کە لە نێوان هەردو رەگەزدا هەیە و بەکەم روانین لە ژن و متمانە نەکردن بە تواناکانی، وادەکات کە لاواز دەربکەوێت، دەتوانم بڵێم لە ناو حزبەکاندا بە‌ گشتی دسەتنیشانکردنی ژنان بۆ ئەم پرۆسەیە سەرەتا بۆ دەنگ کۆکرنەوەیە و دواتریش دەیانەوێت دیمەنێکی رۆتین و نمایشكارانە‌  پیشانی  كۆمە‌ڵگای نیودە‌وڵە‌تی بدە‌ن، بێگومان زۆر لەو ژنانە توانایەکی باشیان هەیە، بەڵام بە‌ پراكتیك و لە‌ ناو واقیعی کاری سیاسیدا رێگەیان پێنادرێت کە وەک ژنێک تواناکانیان پراكتیزە‌ بكە‌ن. 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,654,004     ژمارەی میوان 1677

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە