* نەوژین - ژینۆ عه‌لی
به‌رده‌وام كه‌باس له فره‌ژنى ده‌كرێت، پرسیارێك ده‌كرێت: كه فره‌ژنى خراپه، ژنان بۆچی پێی رازیی ده‌بن؟ ئه‌گه‌ر خێزان ده‌شێوێنێت بۆچى ژنان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، یاخود به‌كورتیی: بۆچی ژنان سه‌ربه‌هه‌وێ شو ده‌كه‌ن؟
ره‌نگه هۆكار و پاساو زۆربن بۆ ئه‌م حاڵه‌ته، به‌ڵام بۆ وه‌ڵام ده‌ستكه‌وتن له‌مباره‌وه، هیچ كه‌س به‌قه‌ده‌ر ئه‌و ژنانه كۆمه‌كمان ناكه‌ن كه خۆیان سه‌ربه‌هه‌وێ شویان كردوه، بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مای کێشه‌که تێبگه‌ین.
سێوە، ژنێکى دانیشتوى گه‌رمیانه، شوی بە پیاوێک کردوە کە ژنی دیكه‌ی هەبوە. بەمجۆرە بۆ (نەوژین) وتی: «بەهۆى ئەوەى ژن بە ژنم پێكراوه، من بەبێ ویستى خوم و له‌بەر خاترى براكەم دراوم بەپیاوێك كەژنى تر‌ى هەبوە، له‌كاتێكدا هیچ ئارەزوم لەو هاوسه‌رگیرییه نەبوە».
وتیشی: «من لەتەمەنی٣٠ ساڵى هاوسەرگیریم كردوەو خاوەنی پێنج مناڵم، لەو كاتەوەش مێردەکەم زۆر لهگەڵم خراپ بوەو ئیستاش لەبەر خاترى كوڕە گەورەكەی دەیەوێت ته‌ڵاقم بدات».
ئه‌و ژنه باسله‌وه‌ده‌كات كه‌سه‌رباری ئه‌وه‌ش هاوسه‌ره‌كه‌ى نه‌یتوانیوه دادپه‌روه‌ر بێت له‌نێوان ئه‌و و ژنه‌كه‌ى دیكه‌ى دا «ئێستا له‌گەڵ مناڵەكانم لهخانوى خۆمان بەتەنها و به‌بێ هاوسه‌ره‌كه‌م دەژیم، چەند ساڵێك ئه‌بێت هیچ سه‌ردانى نەکردوین».
ئه‌گه‌ر (سێوه) به‌ناچارى سه‌ربه‌هه‌وێ شوى كردبێت، به‌ڵام چیرۆكه‌كه له‌لای (نه‌سرین) كه ئه‌ویش هه‌ر سه‌ربه‌هه‌وێ شوى كردوه، جیاوازه، به‌ڵكو ئه‌و به‌خواستى خۆی ئه‌و كاره‌ى كردوه.
نەسرین، بۆ (نه‌وژین) وتى: «من لەگەڵ ئەو پیاوەی کە ئێستە هاوسەرمە پەیوەندی خۆشەویستیمان هەبو، ئەو پەیوەندییەش بوە هۆکار بۆ ئەوەی من شوی پێبکەم». باسیلەوەشکرد «ئێستا لەگەڵ مێردەکەم و ژنی یەکەمی مێردەکەم دا دەژیم، هیچ کێشەیەکمان نیەو بگرە دڵخۆشیشین پێکەوە، چونکە لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی ئەم هاوسەرگیرییە کراوە».
به‌ڵام ئایا هه‌ست به‌وه‌ناكات مافی ژنێكى دیكه‌ى پێشێل كردوه‌و چوه‌ته نێو خێزانێكه‌وه كه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌و دروست بوه؟ (نه‌سرین) وه‌ڵامێكى ئه‌وتۆی پێنه‌بو جگه له جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ى «ئێستا هه‌مومان خۆشحاڵین و كێشه‌مان نییه».
چیرۆکی ئه‌و ژنانه‌ی سه‌ربه‌هه‌وێ شویان کردوه، جیاوازن، هه‌روه‌ک پاساو و هۆکاره‌کانیش جیاوازن.
ئه‌گه‌ر (سێوه) به‌ناچارى سه‌ربه‌هه‌وێ بهشودرابێت و (نه‌سرین) به‌خواستى خۆی ئه‌وكاره‌ى كردبێت، ئه‌وا (له‌یلا)ش هه‌یه كه هۆكار و پاساوى تری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ژنێكى دیكه‌دا به‌ش بكات.
لەیلا، كههاوشێوهى ئه‌و دو ژنه‌ى دیكه سه‌ربه‌هه‌وێ شوى كردوه، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌به‌هۆی نه‌داریی خێزانه‌كه‌یانه‌وه، ناچار بوه سه‌ربه‌هه‌وێ شو بكات. وتى: «بەهۆى ئەوەی ماڵى باوكم بارى دارییان باش نەبوە و دو خوشكى تریشم هەبوەو نەبونی سەرچاوەیەکی دارایی و کارنەکردنی باوکم، وایکرد شو بەپیاوێک بکەم کە ژنی هەبێت».
وه‌ک ئه‌و ژنه هێمای بۆکرد، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نی هۆکارێکی تر بوه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌هه‌وێ شو بکات. وتی: «تەمەنم ٣٠ ساڵى تێپەڕاندبو بۆیە ئامادەبوم بەویستی خۆم ساڵێك پێش ئێستا هاوسەرگیرى بكەم لەگەڵ پیاوێك كە ژنى تریشى هەیە، لەماوەی ئەمساڵیشدا هیچ كێشەیەکم لەگەڵ هاوسەرەکەم نەبوە».
(نەبونی رۆشنبیری لای ئافرەتان، زۆرلێکەری، کلتورو دابونەریت، هەندێكجار ئاین و خراپی باری ئابوریی)، له‌م هۆكارانه‌ن كهبهڕاى توێژه‌رێك وا له ژنان ده‌كه‌ن سه‌ربه‌هه‌وێ شو بكه‌ن.
کارزان فوئاد، توێژەری ده‌رونى، رونكردنه‌وه‌ى زیاتری بۆ (نەوژین) دا «خراپی باری ئابوریی و نەبونی داهاتی سەربەخۆ و لاوازی ئاستی رۆشنبیریی و مەعریفى لای ئافرەتان، ئەمانە هۆکارێکی جیدی و سەرەکین بۆ ئەو جۆرە هاوسه‌رگیرییه».
ئه‌و توێژه‌ره به‌شێکی تر له هۆکاره‌کانی ئه‌م دیارده‌یه‌ی گرێدایه‌وه به‌و پێگه‌یه‌ی که ژن له کۆمه‌ڵدا هه‌یه‌تی و ئه‌و به پله دو ههژمارکردنهی که بۆ ژنان هه‌یه. وتی: «لە کۆمەڵگای کوردی دا و بەتایبەت لە خێزانە داخراوەکاندا، ئافرەت مافی بڕیاردانی نیە، بۆیە زۆرجار ناچار دەکرێت بەو پرۆسەیە»، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد «هەندێكجار هەژاریی و گەورەبونی تەمەن و بونی کۆمەڵێک مناڵی زۆر لەیەک خانەوادەدا، بوەتە هۆکار کە کچان پەنا بەرنە بەر شوکردن بە پیاوێک کەژنی دوەمی هەبێت». کارزان، ئەوەشی وت: «ترس لهقەیرە بون، هۆکارێکی ترە کە کچان رو لەو پرۆسەیە بکەن».