کچە رۆژنامەنوسێک ئازارەکانی ژنان و مناڵان دەنوسێتەوە

2021/01/18    889 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ماوەی چوار ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکات، هەمیشە ژن و مناڵ کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکانین، راپۆرت و بەدواداچونەکانی خوێنەر رادەکێشێت بۆ بابەت گەلێکی نەبیستراو، هەربۆیە لە ماوەى 3 ساڵ دا، دو جار براوەى خەڵاتێکى رۆژنامەوانى دەبێت لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان.
 
 
لەیلا ئەحمەد والی، دانیشتوی قەزای کەلاری سەربە ئیدارەی گەرمیانە و ساڵی ٢٠١٣ خوێندنی بەشی ئادابی زمانی کوردی تەواوکردوە. ماوەی ٤ ساڵە دەستی بە کاری رۆژنامەوانی کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ٧ ساڵە لە رێکخراوی وادی ئەڵمانی کاردەکات لەسەر پرسەکانی مافی ژنان و ژینگە. توانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ خه‌ڵاتى پێشبڕکێی رۆژنامەوانى مافەکانى مرۆڤ بۆ باشترین راپۆرتى نوسراو بەدەست بهێنێت.
 
 
لەیلا ئەحمەد، وەرگرتنی خەڵاتی باشترین راپۆرتی نوسراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ بۆ ساڵی ٢٠٢٠، قەزای کەلار، وێنە: نەوژین
 
ئەو راپۆرتەی (لەیلا) کە وەک باشترین راپۆرتی نوسراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هەڵبژێردرا، بەناوى: (كەركوك: منداڵانی فڕێدراو؛ چیرۆكێكی بێ سەرەتا و بێ كۆتایی) بو، لە مانگى ئازار لە سایتی کەرکوکناو بڵاویکردوەتەوە.
 
 
(لەیلا)، ماوەی مانگێک بەدواداچونی بۆکردوە و زانیاری لە بارەیەوە کۆکردوەتەوە. بۆ نەوژین، وتی: ماوەیەک بو گوێبیستی فڕێدانی مناڵ دەبوم لە کەرکوک، بۆیە بیرمکردەوە ئاخۆ ئەم مناڵانە چارەنوسیان چی دەبێت؟ هەستام بەدواداچونی رۆژنامەوانیم بۆکرد، بۆم دەرکەوت لەدوای فڕێدانی هەر مناڵێک چیرۆکی زۆر تراژیدی هەیە، بۆیە بەوردی باسی چارەنوسی ئەو مناڵانەم کردوە لە راپۆرتەکەدا.
 
 
لەیلا، جیاواز لە وەرگرتنی خەڵاتەکانی دیکە بۆ ئەم بابەتە هەستێکی جیاوازی لەلا دروستبوە و دەڵێت: ”کاتێک ناوی من وەک باشترین نوسەری راپۆرتی رۆژنامەوانی ساڵ خوێندرایەوە، هەستێکی زۆر تایبەتم لادروست بو، چونکە زانیم کە کەسانێک هەن کارەکەیان بەهەند وەرگرتوە و لە خەمی مافی مرۆڤدان، چونکە مناڵ خۆی ناتوانێت ئاگای لە خۆی بێت، کاتێک دەبینم لە باردۆخێکی لەوشێوەیەدان زۆر دڵتەنگدەبم“.
 
هاوکات خێزانەکەشی بەشێوەیەک پێشوازیان لە سەرکەوتنەکەی لەیلا کردوە، پێیوایە لە خۆی زیاتر دڵخۆشبون بە سەرکەوتنەکەی.
 
 
لەیلا ئەحمەد، گفتوگۆ لەگەڵ فێرخوازێکی کچ  وێنە: نەوژین
 
”رێگریەکی باوکی دەیکات بە رۆژنامەنوس و چالاکوان“
 
 
 
دوانیوەڕۆیەک لەیلا خۆی ئامادەکردوە بۆ ئەوەی بە دزیەوە بچێت بۆ راهێنانی وەرزشی بۆ پێشبڕکێی بازدان، باوکی لە دواوە پشتەملی دەگرێت و دەڵێت: ئەوە بۆکوی؟ ئەمەش دەبێتە دەسپێکێکی نوێ لە ژیانیدا.
 
 
لەیلا، بۆ نەوژین، ئەوەی گێرایەوە و وتی: ”بەهۆی ئەوەی خوێندکارێکی زۆر بەجوڵە بوم و حەزم بە وەرزش بوە مامۆستاکانم هەڵیانبژاردم بۆ پێشبڕکێیەکی بازدان، بەڵام لە ماڵەوە کارێکی زۆرمان هەبو دەبو منیش یارمەتیان بدەم، ئەوەبو ئەو رۆژەی بڕیارمدا بە دزیەوە بچم بۆ راهێنانەکان کەچی باوکم پێی زانیم، ئیتر دوای ئەوە مامۆستاکانم کەسی دیکەیان لەشوێنی من هەڵبژارد و منیش خولیاکەم گۆڕا و لە بری وەرزش گرنگیم بە بوارى رۆشنبیری و هۆشیاری دا کە سەرەنجام پەلکێشی کردم بۆ رۆژنامەنوسی“.
 
 
ئەم رێگریەی خێزانەکەی بەوە نابینێت هۆکارەکەی ئەوەبێت ئەم کچ بوە بۆیە رێگریان لێکردوە، بە پێکەنیەوە وتی: ”تەنانەت ئەوەندە ئازادیم پێدرابو مناڵانی گەڕەک سکاڵایان دەبردە لای مامۆستاکانم“.
 
 
”لەکاری رێکخراوەیەوە بۆ رۆژنامەنوسی“
 
 
لە ساڵی ٢٠١٤، لەیلا دەبێتە ئەندامی رێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە کارەکانیان تایبەتە بە مافی ژن و منداڵ بەپلەی یەکەم، دواتر ژینگە و لایەنەکانی دیکە. لەیلا دەڵێت: لەکاتی کارکردن لە رێکخراو زۆر بەرهەڵستی دێتە رێگەمان، چونکە ئێمە دەست دەبەین بۆ پرسگەلێک کە بە ئاسانی کۆمەڵگا قبوڵی ناکات، هەندێکجار ژن بە جوێن و قسەی ناشرین روبەڕوم بوەتەوە، بەڵام من توانیومە تێی بگەینم کە ئامانجی ئێمە چیە، دواتر خۆشی هاوکاربوە، یان پیاوی واهەبوە دەریکردوین و ئاسایش دەستبەسەری کردوین لەسەر بەدواداچونەکانمان، لە کاتیکدا ئێمە باجمان هەبوە مۆڵەتیشمان هەبوە.
 
 
لەیلا ئەحمەد، گفتوگۆ لە گەڵ خانمێکی بەتەمەن دەکات لە کاتی کاری رێکخراوی وادی ئەڵمانی وێنە: نەوژین
 
دوای ماوەیەک لە کارکردنی لە رێکخراو دەست دەکات بە نوسینەوەی ئەو چیرۆکانەی گوێبیستی دەبێت لەکاتی سەردانی شوێنەکان و بە خۆبەخشی دەینرێت بۆ دەزگاکانی راگەیاندن: بابەتەکانم دەنارد بۆ گۆڤاری تروسکە، ژن مەگەزین، NRT، ئەوەی کۆتاییان یەکێک بو لە پڕخوێنەرترین بابەتەکان، چیرۆکەکان هەم ناخۆش و هەمیش چیرۆکی سەرکەوتن بون. ئەوبو لە ساڵی ٢٠١٦ رۆژنامەی نەوژین، دەستی بە کارەکانی کرد لە گەرمیان و تایبەت بو بە پرسەکانی ژنان من بابەتم لەوێ بڵاوکردوەتەوە، بەڵام هەمو ئەم کارانەم بە خۆبەخش بو.
 
 
لە ساڵی ٢٠١٧ بەرەسمی لەیلا، دەست بەکاری راگەیاندن دەکات و دەبێتە پەیامنێرى دەزگای کەرکوکناو، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
 
”من دەمەوێت پەیامەکەم بگەیەنم نەوەک خۆم بناسێنم“
 
 
”من دەمەوێت کارەکەم و پەیامەکەی بگەیەنم نەوەک خۆم بناسێنم، کاری راگەیاند بەرپرسیاریەتیەکی زۆر قورسە و ئەرکێکی پیرۆزە و نامەوێت هەرگیز دەست بەرداری ببم، بەڵام بەگشتی خانمانی راگەیاندکار ئەوەندە گرنگی بەدەرکەوتن دەدەن، ئەوەندە بیر لە پەیامەکە ناکەنەوە، ئەمەش بەلای منەوە بێزراوە“. لەیلا وادەڵێت.
 
ئەو نیگەرانە لە دەزگاکانی راگەیاندی کوردی بەوەی بەگشتی گرنگی بەپیشەیی بون و راستی هەواڵ و پرسەکانی مافی مرۆڤ نادەن.
 
دەڵێت: زۆر داواملێکراوە لە دەزگاکانی راگەیاند کاربکەم، بەڵام من حەزم لە کاری مەیدانیە، ئەگەر رۆژێکیش ببمە پێشکەشکار هەر بەوشێوازە کاردەکەم، چونکە پێموایە ئەوە وادەکات زیاتر لە بابەتەکە بگەیت، دەزگاکانی راگەیاندنیش بە رادەیەکی زۆرکەم حەقیان بە پرسەکانی ماف داوە  وبەدواداچونی ورد بۆ پرسەکان ناکەن و هەواڵی چەواشەکاری و ناڕاست بڵاودەکەنەوە و کارەکان بە پیشەییانە ناکەن.
 
 
 
تاکە رۆژنامەنوس خاوەنی دو خەڵاتی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ بێت
 
 
 
ئەمە یەکەم خەڵات نیە لەیلا لەسەر راپۆرتی مافی مرۆڤ وەریدەگرێت، هاوکات ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ دو رۆژنامەوانی هاوڕێی راپۆرتێکیان وەک باشترین راپۆرتی ساڵ هەڵدەبژیردرێت لەلایەن هەمان پێشبڕکێوە "پێشبڕکێی رۆژنامەوانى مافەکانى مرۆڤ"، راپۆرتەکەشیان لە ژێر ناونیشانی: "ئەو بەرەبەیانەی گەڕەکی کۆماریەکان لە دوزخورماتو کەوت"، کە باس لەروداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و تراژیدیاکانی ئەو رۆژەدەکات کە پێشمەرگە پاشەکشە لە قەزاکە دەکات.
 
 
لەیلا ئەحمەد، وەرگرتنی خەڵاتی باشترین راپۆرتی تایبەت بە مافی مرۆڤ ساڵی ٢٠١٧، قەزای کەلار، وێنە: نەوژین
 
لەیلا دەڵێت: بنەمای کاری من لە راگەیاندن داکۆیکردنە لە ماف بۆیە بە خۆشەویستی زۆرەوە لەسەر ئەو پرسانە بەدوداچون دەکەم.
 
 
هاوکات لەیلا، خەڵاتی باشترین چیرۆکی سەردەمی کۆرۆنای لە گەرمیان وەرگرتوە لەلایەن رێکخراوی هاریکاری ئەڵمانیەوە کە باس لە توندوتیژی دەکات بەرامبەر ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لەماوەی کەرەنتینە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزگای رۆژنامەوانی جیهانی لە قەزای خانەقین، رێزلێنانی لە پای کارەکانی لە بواری ژینگە و مناڵ و پێکەوەژیان پێبەخشیوە.
 
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,553     ژمارەی میوان 104

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە