* نەوژین، رێناس ساڵح
"من کچێکم دانیشتوی خانکێم، عاشقی کوڕێک بوم و وێنەی خۆم بۆ نارد، دواتر هەڕەشەی لێکردم کە وێنەکە بۆ باوکم دەنێرێت ئەگەر من (٢١٠٠$) پێنەدەم، ناچاربوم ئاڵتونەکانی هاوسەری براکەم بدزم و پێیبدەم، کەچی ماوەیەک دواتر هەم داوای پارەی کرد و هەڕەشەی کرد، بەڵام هیچم شک نەبرد خۆکوشتنم نەبێت".
ئەمە دوا قسەکانی کچێکی ئاوارەی ئێزیدیە كه خۆی خنكاندوه، پێش گیان لەدەستدانی له نهخۆشخانه ئهم وتانهى لێوهرگیراوه. ئەمە لەکاتێکدایە لهماوهى کەمتر لە سێ رۆژ دا، سێ کچی ئێزیدی كه ههرسێكیان دانیشتوى كهمپی ئاوارهكانى سنورى پارێزگاى دهۆكن کۆتایان بە ژیانی خۆیان هێناوە. پۆلیس ئامادەی پێدانی زانیاری نیە لهبارهى ئهم دۆسیانه، چالاکوانانی ئێزیدیش دەڵێن: باردۆخەکە زۆرخراپە، ئەگەر رێگری نەکرێت کارەسات رودەدات.
زنجیرهیهك خۆكوشتن
"بەیانی ٤/١/٢٠٢٠ کە هەستاین لە خەو تەرمی کچەکەمان بە هەڵواسراوی بینی“. ئەمە قسەی دایک و باوکی ئەسمەهان خدر-ی تەمەن ٢٠ ساڵی دانیشتوی کامپی ئیسیانی دهۆکە، دوای هێرشی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر شەنگال، لەو کەمپەی سنوری قەزای شێخان نیشتەجێن.
ئەسمەهان، پێش ماوەیەک لەگەڵ هاوسەرەکەی جیابونەتەوە. رەنا حەسەن قاسی، چالاکوانی مافەکانی ژنان لە شەنگال، دەڵێت: ئاگەداری دۆسیەکەیم، قسەم لەگەڵ دایک و باوکی کردوە دەڵێن ئەو هاوسەرەکەی زۆر خۆشویستوە، بەڵام پیاوەکەی وتویەتی من تۆم ناوێت، کاتێک پیاوەکەی تەڵاقیدا باری دەرونی خراپ بو ئەوەش ئەنجامەکەی.
تارمایە رەشەکە ٥/١/٢٠٢٠ دەچێتە کامپی شاریای دهۆک، ئەحلام خێرۆی تەمەن ١٥ ساڵ تەرمەکەی بە خنکاوی دەدۆزرێتەوە، دەوترێت خۆی خنکاندوە هیچ زانیاریەکی ورد لەبارەی هۆکار و چۆنیەتی روداوەکە بهردهست نیە.
خۆکوشتنەکان بەردەوام دەبن، شەوی ٧/١/٢٠٢٠ تەرمی کچێکی دیکە بەناوی سەلما سەعید عیدۆ، لە کەمپی بێرسڤی2 لە دهۆک دەدۆزرێتەوە، قوربانیەکە لە دایکبوی ساڵی (٢٠٠٥)ـە، هۆکاری خۆکوشتنەکەشی وەک ئەوانی دیکە ئاشکرا نەکراوە.
پۆلیسی دهۆک، ئامادەی رونکردنەوە نیە لەسەر دۆسیەکان و دەڵێت لە سەروی خۆمانهوه فەرمانمان پێکراوە لە دۆسیەکانی خۆکوشتن قسە بۆ میدیاکان نەکەین.
دیوە شارەوەکانی پشت خۆکوشتنی كچانی کەمپەکان
چالاکوانان بە پێی ئەو کەیسانەی بینیویانە و ئاگەدارین، چەند دیوێکی پشت خۆکوشتنەکان ئاشکرا دەکەن، سەرەکی ترینیان هەڵخەڵەتاندنی کچان و گێچەڵی سێکسی و هەڕەشەکردنە لە ئابڕویان.
مازن خدیداد، چالاکوان و رۆژنامەنوس دانیشتوی کەمپی ئێزیدیەکانە، بۆ نەوژین وتی: بەگشتی ئەوانەی خۆیان دەکوژن مێردمناڵن، سەرەکیترین هۆکاریش پەیوەندی خۆشەویستی هەڵەی کچانە لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر، بەشێوەیەک کوڕ هەیە پەیوەندی لەگەڵ 10 کچدا هەیە و وەکو پیشە فێر بوە، دواتر ئەمجۆرە کەسانە کە دڵی کچەکە بەدەست دەهێنن دەکەونە هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان ئەگەر پەیوەندی نەشیاویان لەگەڵدا نەبەستن.
وتیشی: ئەمەش دەرئەنجامی کەمی هۆشیاریە و کچان بون بەقوربانی بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان مناڵە ناتوانن کۆنتڕۆڵی کێشەکەیان بکەن راستەوخۆ خۆکوشتن هەڵدەبژێرن.
چالاکوانانی ژنانیش بەهەمان شێوە هەڵخەڵەتاندن و قۆستنەی بارودۆخی کچان لەلایەن پیاوانەوە بەهۆکار دەزانن.
رەنا حەسەن قاسی، چالاکوانی مافەکانی ژنان لە شەنگال، بۆ نەوژین وتی: کەس نازانێت بەدیاریکراوی هۆکاری خۆکوشتنەکان چیە، هیچ لایەنێک نەهاتوە لێکۆڵینەوەی ورد بکات، شەش ساڵە ئەو خەڵکە لە بارێکی دەرونی خراپدا دەژین لە ئاوارەی ناوکەمپ و خراپی باری ئابوری.
وتیشی: بەهۆی نەبونی هۆشیاریهوه، پیاوان کچان هەڵدەخەڵەتێنن، رەوشی کچان و ژنان زۆر خراپ بوە ئەوەی زۆر گرنگە هۆشیارکردنەوەی پیاوانە پێش کچان و ژنان.
کچێکی ئێزیدی پێش گیان لهدهستدان چی دەدرکێنێت؟
”من کچێکم دانیشتوی (كهمپی) خانکێم، پەیوەندی خۆشەویستیم لەگەڵ کوڕێک هەبو، داوای لێکردم وێنەی خۆمی بۆ بنێرم، منیش عاشقبوم پێشچاوم کوێر بو لەئاست هەڵەکانم، وێنەی خۆم بۆنارد، دواتر هەڕەشەی لێکردم کە وێنەکە بۆ باوکم دەنێریت ئەگەر من (٢١٠٠$) دوهەزاروسەد دۆلاری پێنەدەم، منیش بە ناچاری ئاڵتونەکانی هاوسەری براکەم دزی و پێمدا، کەچی دوای ماوەیەک دوبارە دەستی بە هەڕەشەکردەوە، بەڵام ئەوکات هیچی ترم پێشک نەهات پێی بدەم تەنها خۆکوشتنم نەبێت“.
ئەمە دوا قسەکانی کچێکی ئێزیدیە كه پهناى بۆ خۆكوشتن بردوه، پێش گیان لەدەستدانی لە نەخۆشخانە ئهم قسانهى وهكو ئیفاده كردوه.
رەنا حەسەن، چالاکوان، کە کاری لەسەر ئەو کەیسە کردوە دەشڵێت: ئەو پیاوە بە بڕیاری دادگا ئێستا لە بەندیخانەیە و روداوەکە ساڵی رابردو رویداوە، بەڵام خۆکوشتنەکانی دیکەش ئەم چیرۆکانەی لە پشتە.
سزای خۆکوشتن لە ئاینی ئێزیدی
ئهم روداوانهى خۆكوشتن لهكاتێكدا رودهدهن، كه لە ئاینی ئێزیدی دا خۆکوشتن حەرام و رێگەپێنەدراوە.
پیر خەڵات ئهلیاس، پیاوی ئاینی ئێزیدیان و بەرپرسی نوسینگەی لالش، بۆ نهوژین رونیکردەوە: لە ئاینی ئێزیدی ئەوە هاتوە کە رۆح دیاری خودایە و نابێت بکوژرێت یان ئەشکەنجە بدرێت، بۆیە ئەگەر کەسیک خۆی بکوژێت سزاکەی زۆر قورس دەبێت، بەوەی دوای سێ جار گەڕانەوەی رۆحی کەمئەندام دەبێت ئەگەرچی رۆح زیندو دەمێنیتەوە، بەڵام ئەو کەسانە رۆحیان دەمرێت.
وتیشی: رۆژێکی حەق و لێپرسینەوە ئەو رۆحە سزای وەردەگرێت و دەچێتە دۆزەخ.
زۆربەی ئێزیدییەكانی جیهان، لە باشوری كوردستان نیشتەجێن بهتایبهتى لە دەڤەری شێخان و شنگال، رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، رێكخراوی داعش شهنگالی داگیركرد، به ههزاران كهسیان له پهیڕهوانى ئهو ئاینه كوشت، ژمارهیهكى زۆرتریشیان بهدیل گرت، تاوهكو ئێستا چارهنوسی ههزاران كهس نادیاره، ئهوانهی دیکەشیان ئاوارەبون.
چارەنوسی تاوانبارانی پشت خۆکوشتنەکان
”کوشتن لە کەمپەکان هەنگاوی بۆ بەدیاردە بون ناوە رێگری لێنەکرێت و تاوانبارانی پشت خۆکوشتنەکان سزانەدرێن کارهسات رودەدات“. چالاکوان مازن خدیداد وا دەڵێت.
وتیشی: ئەو کەسەی کچێک بەهۆی گێچەڵی سێکسی و هەڕەشەی ئەوەوە خۆی کوشتوە و هۆکارەکەی ئاشکرا نەکردوە، بە ئازادی دێت و دەچێت و هیچ کێشەی نیە، ئەمەش وادەکات تاوانباران بەردەوامبن و کەسانی دیکەش چاویان لێبکەن، چونکە سزانەدراون تاببن بە پەند.
لە بەرامبەردا ئارام محەمەد، بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە پارێزگای دهۆک، بۆ نەوژین وتی: چەندین کەیسی هاوشێوەی ئەوانەی کە خۆیان کوشتوە چارەسەرمان کردوە بەبێ ئەوەی خێزانی کچەکان بزانن تاوانباریش سزای خۆی وەرگرتوە. دەشڵێت: باردۆخەکە بەوەشێوەیەش خراپ نیە کە باس دەکرێت.
لە بارەی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ هۆکاری خۆکوشتنەکان جەختیکردەوە: دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردوە بۆ خۆکوشتنی ئەو کچ و ژنانەی لە کەمپەکانن، بەڵێ پیاوان هەڵدەستن بە هەڵخەڵەتاندن و ئیستغلالکردنی کچان، بەڵام بەداخین کە هەندێکجار قوربانیەکان سکاڵاکانیان ناگەیەنن بە ئێمە تاوەکو پێشوەخت چارەسەری بکەین.
لە کامپی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک تیمی مۆبایلی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی پارێزگاکە بەدواداچون بۆ کێشەکان دەکات، تەنها کامپی دۆمێز نوسینگەی تایبەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی تێدایە. ئارام محەمەد، دەڵێت: لەکاتێکدا پەیوەندی بە ژمارەکانی تیمی مۆبایلمانەوە بکرێت لە کەمترین ماوە دەگەینە شوێنەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
هاوکات، مەنال محەمەد، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی ناوەندی هابەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) بە نەوژینی راگەیاند: سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت هاتونەتە سەرهێڵ بۆ لێکۆڵینەوە.
وتیشی: ”بۆخۆم سەردانی ماڵی قوربانیەکانم کرد، باردۆخەکە زۆر خراپ نیە و باشیش نیە، رەنگە ئەمە رێکەوتبێت ئەم چەند کەسە لە چەند رۆژێکی کەمدا خۆیان کوشتوە، ئەوان تەنانەت کامپەکانیشیان جیاوازە. “
کاری رێکخراوەکان لە نێوان دەرئەنجامی کارەکانیان و وێنەگرتن دا
رەخنەی توند ئارستەی رێکخراوەکان دەکرێت بەوەی هۆشیاریەکانیان زۆر سنوردارەوە و دەڵێن کە دێنە کامپ چەند وێنەیەک وەک چالاکی دەگرن و دەڕۆن، بەرپرسی رێکخراوێکیش دەڵێت: توانایی ئێمە سنوردارە.
”کچ و ژنی ئێزیدی ساڵ ١٢ مانگ لە ماڵەوەیە، هەستدەکات زۆر بێکەڵکە و بێ بەرهەمە، بۆیە کێشەکان قەتیس دەبن لە مێشکیدا کە روداوێک دێتە پێش دەچێت خۆی دەکوژێت“. مازن خدیداد وادەڵێت.
لە بارەی کاری رێکخراوەکانیشەوە وتی: رێکخراوەکان دێنە کەمپەکان چەند رەسمێک دەگرن، هەندێک قسەی باق و بریق دەکەن کە لەگەڵ ژیانی کەمپ یەک ناگرێتەوە و دەڕۆن، بەمە کێشەکان چارەسەر نابن.
رەنا حەسەن قاسی، هەمان رای هەیە و دەڵێت: رۆڵی رێکخراوەکان زۆر لاوازە لە هۆشیارکردنەوەی دانیشتوانی کەمپەکان، کارەکانیان بۆ ژمارهیهك كهسى سنوداره، دێنە کەمپ وێنە دەگرن و راپۆرتێک دەنوسن بە بێ ئەنجام دەگەڕێنەوە، ئەمە کێشەی کەمپەکان چارەسەر ناکات، ژنان لێرە ماوەی شەش ساڵە لەماڵ ماونەتەوە دەبێت فێری کاربکرێن، بڕۆنە دەرهوەی ماڵ بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ئەو ژنانە چەند کاتژمێرێک بیریان لە خەم و ئازارەکان ببڕێت.
لە کەمپی خانکێ لەلایەن رێکخراوی PDO پرۆژەی کێڵگەی (هیوا) بۆ ژنانی رزگاربونی ژێردەستی داعش و خێزانە کەمدەرامەتەکانە دروستکراوە.
بەهار مونەزیر، بەڕێوبەری رێکخراوی PDOلە بارەی پرۆژەکەیان و هاوکاری ژنان دەڵێت: ئەم پڕۆژەی ئێمە زۆر جیاوازە، بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویژ کاری تێدا دەکەین و پشتیوان و هاوکاری ئەو خێزانانەیە، بەڵام توانای پڕۆژەکە سنوردارە و پیویستمان بە هاوکاری زیاترە.
لەبارەی هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ ژنانی ئاوارەى ئهو كهمپانه، مەنال محەمەد، بەرپرسى (JCC) دهۆک، بۆ نەوژین وتی: ئیشکردن بۆ ژنانى ئێزیدی زەحمەتە، بەهۆی دابونەریتیانهوه، بەڵام بەردەوام هۆشیاریمان گەیاندوە بە خەڵکەکە.
لە پارێزگای دهۆک ١٦ کامپی ئاوارە لەگەڵ ٥ کەمپی پەنابەران هەیە، ژمارەی ئاوارەکان لە پارێزگاکە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسن، زۆرینهیان ئاوارهى پارێزگاى موسڵ و بهتایبهتى شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەرین كه بەشی زۆرینەشیان پەیڕەوانی ئاینی ئێزیدین، لە ساڵی ٢٠١٤ تاوەکو ئەمساڵ بە پێی ئامارە نافەرمیەکان ٢٢٧ کەس لەو کەمپانە خۆیان کوشتوە.
ئەگەر کچان خۆیان نەکوژن ژیانیان پارێزراوە؟
دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەشی حکومەت و رێکخراوەکان و مەجلسی رۆحانی، بە چارەسەر دادەنرێت بۆ نههێشتنى حاڵهتهكانى خۆكوشتنى ژنان.
مازن خدیداد و رەنا حەسەن، بۆ چارەسەرى ئهم پرسه هەمان بۆ چونیان هەیە و دەڵێن: دەبێت لیژنەی لەسەر کۆببێتەوە، تیایدا حکومەت، رێکخراوەکان و مەجلسی رۆحانی، پێکەوە بە شێوهیهكى مەیدانی بگەڕێن بزانن هۆکارەکە چیە و چارهسەر بدۆزنەوە.
مازن، رایوایه بهپێی دابونهریت و بههۆی نهبونى هۆشیاریهوه، ئهو كچانهى توشى كێشهى كۆمهڵایهتى دهبن، مهترسی مهرگ بهجێیان ناهێڵێت "ئەو کچانە خۆشیان نە کوژن دەکوژرێن".
رەنا حەسەن، دەڵێت: بابەشێخ و مەجلسی رۆحانی لە ئاست ئەم پرسە نەهاتونەتە پێش، بە رەسمی خۆم سەردانم کردون، سەد جار زیاتر پێم وتون کە سەردانی خەڵکی ناوکەمپەکان بکەن، خەڵکەکە پێویستیان بە ئێوەیە، بۆیە من دەڵێم رۆڵیان لاوازە بەرامبەر کێشەکانی ژنان.
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ئەو رۆڵە ناگێرن؟ پیر خەڵات ئەلیاس، پیاوى ئاینی ئێزیدی و بەرپرسی بەشی راگەیاندنی پهرستگاى لالش کە پهرستگا و قیبلەی ئێزیدیەکانە، بۆ نەوژین وتی: بۆ ئەوە دەبێت میکانیزم و پلانێکی هاوبەش دابنرێت لەلایەن حکومەتەوە، چونکە ئێمە ئێستا ئەو دەرفەتەمان نیە، ژمارەمان کەمە، دەبێت حکومەت هاوکاری زیاترمان بکات بۆ ئەوەی بتوانین بە مەیدانی بچینە کەمپەکان و رێنمای و هۆشیاری بگەیەنین بە دانیشتوانەکەی، ئەگەرچی بەبەردەوامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ئەو پرسە قسە دەکەم.