ناسک سەعید: پیاوێک لەژێرناوی شەرەف ژن و خوشکی بکوژێت خۆناڵێت رێکخراوەکانی ژنان باشن

2020/12/28    1429 جار بینراوە
 
* نەوژین، رێناس ساڵەح
 
تەمەنی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی سەر بە حزبی پارتی لە کوردستان گەشت بە ٦٨ ساڵ، کۆنترین رێکخراوی تایبەت بە ژنانە کە تاوەکو ئێستا بەردەوامبێت لە کارەکردن، دیجیتاڵ میدیای نەوژین، بەو بۆنەیەوە دیدارێکی لەگەڵ ناسک سەعید، لێپرسراوی بەشی پەیوەندیەکان و رۆشنبیری و راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان سازکردوە.
 
* سەرەتا دەپرسم چۆن بڕیار لەسەرکردنەوەی رێکخراوەکە درا؟
 
لە سەروبەندی شەپۆلی بیروڕای فێمست، کە لەو کاتەدا سەری هەڵدابو بارزانی نەمر بەگرنگی زانیبو کە ژنان لە کوردستانیش بێنە ناوخەباتی سیاسی و کایە جیاوازەکانی دیکە ئەوبو رێکەوتی (١١/١٢/١٩٥٢)، رێکخراوەکە راگەیاندرا.
 
 ژنان پێکهێنەری (١٠٪) سەرکردایەتی پارتین و مەکتەبی سیاسیەکەشی خاڵیە لە ژن
 
* دواهەمین کۆنگرەی پارتی ساڵی ٢٠١٠ ئەنجام دراوە، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی (٥١) ئەندامە لەو ژمارەیە (٥) ئەندامیان ژنن واتە (١٠٪) ژنان لە ئەندامی سەرکردایەتی بەشدارن، هاوکات هیچ ژنێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی نیە، کە بڕیارە گرنگەکانی حزب دەردەکەن. لێرە ئەو پرسیارە دێتە بون کە ئەم رێژەیە بۆ؟ هەوڵ هەیە بۆ زیادکردنی؟
 
بێگومان ئێمە چاومان لە بەرەوپێشچون و بەشداری زیاتری ژنانە نەوەک تەنها بە ژمارە بەڵکو بە کارایی، چ لە حزب یاخود حکومەت، بۆ کۆنگرەی داهاتو بڕیارە (٢٥٪) ی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ ئافرەتان دەبێت.
 
* باشە ئەگەر ئەمە بەشداری حزبی بێت بۆ حکومەت چۆنە؟ 
 
پێش دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە نوسراوی فەرمی  پێشنیار و داوکاریمان ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە، بەوەی بەشداری ژن لە پێشینەی کارەکانی دابینێت. هاوکات پارتی بۆ یەکەم جار ژنێکی وەک سەرۆکی کاتی پەرلەمان دیاریکرد، لە عێراقیش پارتی تاکە لایەنی سیاسیە لە کابینەی موستەفا کازمی، ژنێکی وەزیربێت و سەرۆکی فراکسیۆنەکەشی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژن بێت.
 
”حزبەکان ژنان ناکەنە کاندید بۆ پۆستە یەکەمەکان“
 
* بە گوێرەی داتاکان ژنان بۆ پۆستە یەکەمەکان دیاری ناکرێن؟ وەزارەتێکی سیادی ژنێک وەزیری نیە، یان بەنمونە پارێزگارێک، یان سەرۆکی زانکۆیەک ئەمە بۆ؟
 
کاری رێکخراوەکان تا ئێستا لەسەر رێژەی بەشداریە، پۆستەیەکەمەکان نەبون بە پرسی گەرم.
 
* کەواتە هۆکاری ئەمە چیە ئێوە پلانتان چیە بۆی؟
 
کە داوای سیڤی دەکرێت بە نمونە بۆ سەرۆکی زانکۆ بەدەگمەن ژنێک سیڤی پێشکەش دەکات، کە هەمو سیفاتەکانی بۆ ئەو پۆستە تێدایە و بە زیاتریشەوە، بۆیە لەبەشی توانا سازی کار لەسەر ئەمە دەکەین ژن دەبێت سەرکردایەتی لە خۆیدا دروست بکات.
 
” بکوژانی ژن خۆ ناڵێن رێکخراوەکانی ژنان باشن!“
 
* قسەیەک هەیە بەردەوام دەوترێتەوە پیاوان دەڵێن رێکخراوەکانی ژنان هیچ سودێکیان نیە، بون بەهۆکاری بە لاڕێبردنی ژنان وەڵامی ئێوە چیە؟
 
دەمەوێت ئەوەبڵێم کۆمەڵگە زۆرجار هەڵە تێدەگات وادەزانێت ئێمە سەنگەردەگرین لە پیاو لەکاتێکدا داوای یەکسانیمان کردوە، داخێکی گرانە، بەشێکی زۆری خەڵک نازنێت کاری رێکخراوەکانی ژنان چیە، بەنمونە کاتێک کاردەکەین لەسەر دیاردەی کوشتنی ژن بەناوی شەرەفەوە، پیاوێک کە ژنەکەی یان خوشکەکەی لەسەر شەرەف کوشتوە دەبێت هەڵوێستی چیبێت بەرامبەرمان؟ بێگومان ئامادەیە هەمو تۆمەتێک بخاتە پاڵمان. 
 
”ئامارە راگەیاندراوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان دەیان کوشتنی تێدا تۆمار نەکراوە“
 
* ساڵانە ئاماری فەرمی تایبەت بە توندوتیژیەکان دژ بە ژنان بڵاودەکرێتەوە، دەپرسم ئەم ئامارانە راستی دۆخی ژنانە لە هەرێم؟
 
دڵنیای دەدەم ئامارە فەرمیەکان راستی توندوتیژیەکان و کوشتنی ژنان نین لە هەرێمی کوردستان، دەیەها کوشتنی ژنان بە خۆکوشتن تۆمارکراوە بەڵام پرسیار ئەوەیە پۆلیس دەزانێت ناچارکراوە خۆی بکوژێت؟ دەزانێت لەسەر سەری وەستاون تاوەکو خۆی کوشتوە؟ بۆ ئەوەی باوک و برای بەهۆی ئەوەوە زیندانی نەکرێت؟ ئەفەسەری لێکۆڵەر دەزانێت چۆن ئەو ژنە هەمو دەرگاکانیان لێداخستوە و تروسکەیەک هیوایان پێڕەوانەبینوە دەرونیەن وێران کراوە تاوەکو خۆی کوشتوە؟ بێگومان نەخێر، ئەوەی ئێمە دەیبین لە توندوتیژیەکان ئەو نیە کەلە ئامارەکان دەخرێتەڕو چونکە بەشێکی بە بێ سکاڵای ژنەکە کپ دەکرێتەوە.
 
”کوشتن و گێچەڵی سێکسی ئامارەکانی مەترسیدارن“
 
* لە ئێستادا ژنان بە رێژەیەکی زۆر گیرۆدەی چ جۆرە توندوتیژیەکەن؟
 
ژنان روبەڕوی دو جۆری زەقی توندوتیژی بونەتەوە یەکەم کوشتن و خۆکوشتن دوەمیش گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسیە لە شوێنی کار کە ئەمە بەڕادەیەکی زۆر روی لە هەڵکشانە بەهۆی کرانەوەی ژنان بە روی کاردا، لەگەڵ ئەمانەشدا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هۆکارێکی دیکەی توندوتیژەکان.
 
”٧٠٠کەیسی توندوتیژی دژ بە ژنانمان بە تەواوی چارەسەرکردوە“
 
* کەواتە رۆڵی ئێوە چیبوە بۆ کەمکردنەوەیان یان چارەسەرکردنیان؟ 
 
سەدان ژن هانایان هێناوەتە ناوەندەکانمان ئەوەی ئاماری فەرمی بێت لە بەردەستماندا زیاتر لە (٧٠٠) کەیس لەوانە چارسەرکراوە بەڵام کەیسیش هەبوە لای ئێمە چارسەرنەکراوە، بە گوێرەی پرسەکانیش رۆڵمان هەبوە بە گوردبونەوەو بەیانامەو سەردانی لایەنی پەیوەندیدارو جوڵاندنی رای گشتی.
 
 
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پێکهاتوە لە (٢٥) ئەنجومەن و (١٦٣٠) ناوەند، چەند بەشێکی لەخۆی گرتوە(تواناسازی، کۆمەڵایەتی، ئیدارە، ژمێریاری، راگەیاندن، ئامار...). هەشت کۆنگرەی بەستوە کۆتا کۆنگرەی رۆژانی ٣ و ٤ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٨ بو بە ناوی کۆنگرەی نیشتیمانی.
 
رۆشنبیری و راگەیاند
 
* رۆشبیرکردن و بواری راگەیاندن بە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان بۆ گەیاندنی پرسی ژن دادەنرێت لەم روەوە رۆڵتان چۆنە؟
 
لە ئاوارەیدا لە وڵاتی ئێران یەکەم گۆڤاری تایبەت بە ژنانمان بڵاوکردوەتەوە، بەناوی دەنگی ژنان، دواتر یەکەم رادیۆی تایبەت بە ژنانمان لە هەرێمی کوردستان کردەوە بەناوی رادیۆی هێڵین ئێستاش بەردەوامە، دیجیتاڵ میدیای هێلینمان هەیە لەگەڵ رۆژنامەی هێلین کە بەهۆی باردۆخی دارایەوە ئێستا سەبەخۆ دەرناچێت لە رۆژنامەی هەرلێر ٤ پەڕەی بۆ تەرخانکراوە.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,435     ژمارەی میوان 1694

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە