گەزیزە عومەر: وەک قەقنەس دەسوتێم

2021/09/26    1300 جار بینراوە
 
* نەوژین 
 
وتارێکی خانمە ئەکتەر و دەرهێنەری کورد گەزیزە عومەر، لەسەر شانۆی وەک 'قەقنەس دەسوتێم' کە ئێستا لە پارێزگاکانی هەرێم نمایشدەکرێت.
 
زۆرن ئەو رۆژانەی کە لاپەڕەکانی ژیانی منیان لە شانۆ و هونەردا بە چەندەها شێوە پڕ کردوەتەوە، رەنگە ئەگەر ژیانی خۆم بکەم بە پێنچ بەشەوە، ئەوا چوار بەشیم لەنێو کوچە تەنگەبەرەکان و شەقامەکانی شانۆدا بەسەر بردبێت، هەڵبەتە کە دەڵیم شانۆ جگە لە نواندنی سەر شانۆ، نوسین و دەرهێنان و بەرنامەی ئێزگە و تەلەڤزیۆن و بە هەمو رۆژانی سەفەری ئیشی هونەری و بەشداریکردنم لەنێو فیستیڤاڵەکان و ساڵانی خوێندنی هونەری شانۆ لە زانکۆی بەغدا و مامۆستایەتیم لەنێو پۆلەکانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانیشەوە، بۆیە کە پەڕەکانی هەڵدەدەمەوە، وەک ئەلبومێکی گەلێ جار رەنگاوڕەنگ و هەندێ جاریش رەش وەک قەتران، رەنگە نەتوانم هەندێکیان بنوسمەوە، تەنانەت نامەوێت بۆ خۆشمی بگێڕمەوە، نەوەکو لەبەر ئەوەی ناشیرین بون، تەنیا بە خاتری ئەوەی کە لە سات و کاتی خۆیدا رۆحمیان ئازار داوە و کاریگەریی نادروستیان تێ کردوم، بە جۆرێک لەو چرکانەدا دڵمیان وەک بێژنگ کون کون کردوە.
 
هەمو ساتەکانی هونەر و شانۆ بۆ من ئەو شەوانەی کە دڵخۆش بوم بە سەرکەوتنی کارەکەم لە خۆشیدا نەنوستوم و ئەو شەوانەشی کە سەختی و کۆسپە گەورەکان و کێشەکان لولیان کردوم، لە خەم و ئازاردا هەر نەنوستوم، کەواتە زۆر کەم بون ئەو شەوانەی کە بەئارامی خەوم لێ کەوتبێت، ئەو یادەوەرییانە لای من ئەو لاپەڕانەن کە خوێندکارێکی تەمەڵ چەندەها جار نوسینەکەی دەکوژێنێتەوە و دیسان دەینوسێتەوە تا وای لێ دێت لاپەڕەکە زۆر چڵکن دەردەکەوێت و ئیدی هەرچییەکیشی لەسەر بنوسیت بە ئاستەمیش ناخوێنرێتەوە، بۆ من ئەو ساتانە ئاوا بون، کەچی لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەندە تاڵ بون هێندەی تاڵییەکەشیان فێری جوانیی ژیانیان کردوم، فێریان کردوم لێبوردە و دڵگەورە بم، فێریان کردوم زۆرتر ببینم و کەمتر بدوێم، گەلێکیشیان ئەوەندە جوان بون دەمەوێت سەردێڕی هەمو نوسینەکان بەوانە بڕازێنمەوە، یان بیانکەمە گۆرانی و بۆ خۆمی بڵێمەوە، یان وەک موروی رەنگاوڕەنگی بریقەدار بیانکەمە ملوانکە و بەردەوام لە ملیان بکەم.
 
 
دیمەنێک لە نمایشی شانۆیی وەک قەقنەس دەسوتێم نواندنی: هەوار فارس وێنە: یونس فۆتۆگرافەر
 
ئەوانە زۆرینەیان ئەو رۆژانە بون کە بە هاوڕێیەتیی باوکی ڕەحمەتیم بەسەرم دەبرد بۆ هەولێر و کەرکوک و بەغدا، رۆژانێک بو هیچ کات دڵەڕاوکێ و ترس و خیانەتی تێدا نەبو، پاشقول و مل شکاندنی لەدواوە نەبو، ئە و رۆژانە رۆژانی هاوڕێیەتیی باوک و کچێک بو کە وەک شینی ئاسمانێک ساماڵ و بێ گەرد بو، وەک پەڕەی رومەتی کۆرپەیەکی ساوا ناسک و تەنک بو، وەک ئاوی سازگاری نێو پەرداخێکی کریستاڵ بریقەدار بو، وەک دڵۆپە شەونمی سەر گەڵایەکی سەوز تیشکدار بو، چونکە دواتر لە شانۆدا بە ئاستەم ئەو سات و کاتانەم دوبارە دەبونەوە، هەمیشە هەوڵ و راکردن و ماندوبون بو لەسەر زەوی و بڕینی سنورەکانی دونیا لەناو پەڵەی هەور و بەرزاییەکانی ئاسماندا، شانۆ بە کۆڵمەوە بو، تا ئەو ڕۆژەی لە فیستیڤاڵی شانۆی ئامەد لە (٢٠١٢) بۆ یەکەم جار دوەمین خەڵاتی دەقی کوردیم پێ بەخشرا لە دەقی شانۆیی (وەک قەقنەس دەسوتێم) کە دەقێکی مۆنۆدراما بو، لەو ساتەدا هەستم بە بێگەردییەکەی رۆژانی ڕابردو کردەوە، چونکە لە یەکێک لە دایەلۆگەکانی دەقەکەدا شیوەنی خۆمە بۆ کۆچی باوکم، کە چەند بە دڵێکی حەسرەتەوە باس لە خاوێنیی کفنی هونەرمەند دەکەم لەسەر زاری کەسایەتییەکەوە، بەدرێژایی ئە و رێگایە من هەستم دەکرد لەگەڵ باوکمم، لە هەمو لایەکەوە دەستی گرتوم، وەک منداڵەکەی جاران دەملاوێنێ و قسەی خۆشم بۆ دەکات.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,654,065     ژمارەی میوان 1698

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە