بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی راپەڕین: تاوانەکانی دژ بە ژنان گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە

2021/09/16    1043 جار بینراوە
 
* نەوژین - هاوژین محەمەد
 
بە گوێرەی ئامارەکان لە ٨ مانگی ئەمساڵدا هیچ ژنێک لە سنوری ئیدارەی راپەڕین نە کوژراوە، هاوکات بە وتەی بەڕێوبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لەو ئیدارەیە دەڵێت: ”توندوتیژی ئابوری و کۆمەڵایەتی تاڕادەیەکی باش کەمبونەتەوە“.
 
لە دیدارێکدا 'نەوژین' کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە ژنانی تاوتوێکراوە لە گەڵ عەبدوڵڵا بابە رەسوڵ، بەرێوبەری بەرێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە ئیدارەی راپەرین.
 
* کوشتنی ژن بە ناوی شەرەف یەکێکە لەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە ژنان بە زەقیی دەکرێت، دەمەوێت لەوە دەست پێبکەم ئاماری ئەمساڵ کوشتنی ژن بە ناوی شەرەف لە دەڤەری راپەڕین چی دەردەخات؟
 
لەم ساڵدا تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کچ و ژنێک لەم دەڤەرە بە ناوی شەرەف یان بە ئەنقەس نەکوژراوە، لە ساڵانی پێشوش ئەم حاڵەتە زۆر کەمبۆتەوە.
 
* لەگەڵ کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی پرسی کارکردنی ژن و روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ خێزان بۆ وەرگرتنی رێگەدان بەو مافەیان بەتایبەت کە خێزانەکانیان توندوتیژی ئابوریان بەرامبەر بەکاردەهێنن، دەمەوێت بزانم جۆری ئەم ساکاڵانەی دێتە لای ئێوە چین؟ تا چەند پیاوانی ناو خێزان هاوکاری ژنان بۆ ئەم بابەتە؟
 
 
کۆبونەوەی بەڕێوبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە راپەڕین لەگەڵ بەرپرسی نوسینەگەکان و بەشەکانی بەڕێوبەرایەتیەکە
 
لەئێستادا رێژەی زۆری ئافرەت پیاو رێگری نیە لەوەی کە کاربکات، لەم سنوردا چەند ئافرەتمان هەیە کە فەرمانبەرە یان پۆلیسە و شان بەشانی پیاوان ئیش دەکەن کە جێگەی خۆشحاڵیە ئەم کرانەوەیە.
 
”هەر حاڵەتێکی بەشودانی پێشوەختەی کچان هەبێت رێکاری یاسایی دەگرینەبەر“
 
* لە بارەی بەشودانی پێشەختەی کچان ئایا خەڵک لەو روەوە تاچەند هۆشیاربوەتەوە؟ ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی لەو شێوەیە دەکەن ؟
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە قەزاو ناحیەکانی راپەڕین ئەم حاڵەتانە زۆر کەمن، کۆمەڵگە لەو روەوە هۆشیاربوەتەوە بە تایبەت بەردەوام خولی هۆشیاریمان هەیە بۆ دانیشتوانی ئێرە، هەرحاڵەتێکی بەشودانی پێشوەختەهەبێت ئێمە لێکۆڵینەوەی یاسایی لە بارەوە دەکەین، بەڵام بە پێی یاسا لە تەمەنی ١٦ ساڵیەوە رای کچەکە وەردەگیرێت بۆ هاوسەرگیری، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ تەمەنی ١٢ بۆ ١٣ ساڵی هیچ کەیسێکمان نەبوە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,465     ژمارەی میوان 66

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە