ژنان کەمتر لە ١٥٪ خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری دەزگا میدیایەکانن

2021/08/31    690 جار بینراوە
 
*نەوژین - هاوژین محەمەد
 
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسان لە هەرێم رێژەی ژنان وەک خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری رۆژنامەو گۆڤارەکان کەمترە لە ١٥٪، کچانی رۆژنامەنوسیش داوا دەکەن پشتیوانیان بکرێت بۆ ئەوەوەی ببنە خاوەن بڕیار لە دەزگاکان.
 
بە گوێرەی ئامارێکی تایبەتی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسان بۆ نەوژین لە کۆی (٩٥٤) رۆژنامەو گۆڤار (٦٧) ژن خاوەن ئیمتیازن لەگەڵ (٧٣) ژن کە پۆستی سەرنوسەری دەزگاکانیان هەیە.
 
 
بە گوێرەی ئەم ئامارە ژنان لەمیدیادا وەک خاوەن ئیمتیاز لە رۆژنامەو گۆڤارەکان رێژەی (١٣،٥٣٥٪) پێکدێنن بەرامبەر پیاوان کە رێژەی (٨٦،٤٦٥٪) خاوەن ئیمتیازاکانن.
 
لەگەڵ ئەوەشدا ژنان وەک سەرنوسەر رێژەی (٧،٦٥٢٪) ئەمە لە کاتێکدایە پیاوان بە رێژەی (٩٢،٣٤٨٪) سەرنوسەری رۆژنامەو گۆڤارەکانن لە هەرێمی کوردستان.
 
بەمەش دەردەکەوێت ژنان لە ناوەندی بڕیاری دەزگاکان تا ئەمڕۆ پێگەیان لاوازە بە بەراورد بە رەگەزی بەرامبەریان.
 
”دەبێت پشتیوانیەکان زیادبکرێت بۆ ئەوەی ژنان ببنە خاوەن بڕیار لە دەزگاکان“
 
ئەمە لە کاتێکدایە  کچانی رۆژنامەنوس باسلەوەدەکەن توانیویانە بەسەر چەندین کۆسپدا سەربکەون بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە میدیادا بەهێزبکەن.
 
شاناز حەسەن، کچە رۆژنامەنوسی شاری سلێمانی بۆ 'نەوژین' وتی: ”ژنان توانیویانە کاری رۆژنامەنوسی بکەن و بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن و ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت دەتوانن ئەم کارەبکەن“.
 
وتیشی: کۆمەڵگەش تاڕادەیەک هاوکاربوە دەکرێت پشتیوانیەکان بۆ ژنانی میدیاکار زیادبکرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەن بڕیار لە دەزگاکان“.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,340,308     ژمارەی میوان 3737

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە