* نەوژین
خانمە هونەرمەند کیژان ئیبراهیم، ئاشکرای دەکات بە هۆی نەبونی داهات لە رێگەی هونەرەکەیانەوە ناتوانن وەک هونەرمەندان زو زو بەرهەمی نوێیان هەیەبێت.
کیژان ئیبراهیم، لە هەژماری فەیسبوکی خۆی ئەوەی خستەڕو کە تا ئەلبومێک دروست ئەکەن، کاتی زۆر ماندوبونی زۆر شەونخونی و تێچوی زۆری پێویسە، دەڵێت: ئێمە ئەو کارە بۆ گوێگرەکانمان دەکەین بۆئەی کاتێک ئارەزو ئەکەن گوێ لە بەرهەمەکانمان بگرن بە کوالیتیەکی سەردەمیانە بەردەستیان بێت، زۆر دڵخۆش ئەبین کاتێک ئەبیستینەوە، کە بەرهەمەکانمان جێی رەزامەندی گوێگرەکانمانە.
ئەو خانمە هونەرمەندە دەشڵێت: بەڵام كاتێک ئەپرسم ئایا لە ستۆدیۆکان فرۆشمان هەیە، ئەڵێن نەخێر، چونکە نەبۆتە کلتور کە سیدی بکڕدرێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا لە دنیادا بەرهەمەکان لەڕێی ئینتەرنێت و تاک تاک بڵاو ئەکرێنەوە و ئەفرۆشرێت، ئەوەش لای ئێمە نەبۆتە باو ، ئەوەی باوێتی بەرهەمەکان بەشێوەی دیاری بدرێتە گوێگرەکان ، بۆیە ئەوە ئەبێتە هۆی ئەوەی هونەرمەندان نەتوانن وەک پێویست بەرهەمیان ببێت.
ئەمە لە کاتێکدایە خانمە هونەرمەند کیژان ئیبراهیم، ماوەی سێ ساڵە هیچ بەرهەمێکی هونەری نەبوە.