"١٠ ساڵە لە سەنتەری شاری کۆیە هیچ ژنێک نەکوژراوە"

2021/06/16    1425 جار بینراوە
 
* نەوژین - رێناس ساڵح
 
لە شاری کۆیە، کوشتنی ژنان بەشێوەیەکە لە ناو سەنتەری شارەکە  ماوەی ١٠ ساڵە هیچ حاڵەتێکی تێدا تۆمارنەکراوە، بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی شارەکە ئاماژەبەوەدەکات، حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیادیانکردوە هاوشێوەی شارەکانی دیکەی هەرێم، ئەمە لەکاتێکدایە لە هەندێک بارودۆخدا ژنان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن.
 
نەوژین، دیدارێکی لە گەڵ دانا حاجی عەبدوڵڵا، لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە قەزای کۆیە, ئەنجامداوە لەبارەی بارودۆخی تونوتیژی دژ بە ژنان لەو قەزایە.
 
*توندوتیژی دژبە ژنان و کچان بەگشتی لە شاری کۆیە چۆنە زۆرترین حاڵەت کەدێتەلای ئێوە خۆی لەچی دەبینێتەوە؟
 
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان رێژەکانی توندوتیژی رو لەزیادبونە وە شارەکەی ئێمەش بەشێکە لەم هەرێمە، بەڵام جیاوازێکە ئەوەیە لە چۆنیەتی و جۆرێتی ئەنجامدانی توندوتیژیەکانە، سەبارەت بە حاڵەتەکان زۆرترینیان کێشەی نێوان هاوسەرەکانە.
 
*تاوانی کوشتنی ژنان لەم شارە چۆنە؟
 
خۆش بەختانە ماوی دەساڵە لەناو سەنتەری قەزای کۆیە هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان نەبوە.
 
”لە ناحیەکانی قەزاکە کوشتنی ژن بەردەوامە“
 
* بەڵام لە ناحیەکانی بە نمونە تەقەق کۆتایی مانگی نیسان ژنێک لە لایەن باوکیەوە کوژرا ساڵی ٢٠١٨ لەهەمان ناحیە ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە فیشەک کوژرا، یاخود چەندین جار تەرمی ژنان لە سنوری شاری کۆیە دۆزراوەتە!بۆ ئەمە دەڵێن چی؟
 
بەڵێ لە ناحیەکان ئەوە هەیە، سەبارەت بەو تاوانەی کە لەم دوایە رویدا ئێمە چوینە تەق تەق، هۆبەیەکمان هەیە لە ناحیەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچون لەسەر روداوەکە گەیاندنی تەرمی کوژراوەکە بۆ پزیشکی دادی لەماوەیەکی کورت توانرا باوکی قوربانیەکە دەستگیر بکرێت هەر ئەوکات ناوبراو دانینا بە تاوانەکەیدا وتی”بەهۆی ئەوەی کچەکەم خیانەتی لە هاوسەرەکەی کردوە بۆیە کوشتم“. سەبارەت بەو تەرمانەشی کە دۆزراونەتەوە چەندین جار ئەمە رویداوە، تەرمی چەندین ژن بە کوژراوی دۆزراوەتەوە، بەڵام ئەمانە لە دەرەوەی سنوری قەزای کۆیەبون هێنراون لێرە فڕێدران.
 
*لە هەندێک ناوچە لە بەرامبەر نەکوشتنی ژنان ناچار بە خۆکوشتن هەیە، ئەمە بۆ قەزای کۆیە راستە؟
 
سەبارەت بە ئاماری خۆکوشتن نیگەرانین کە روی لە هەڵکشانە  لەئێستادا دەتوانین بڵێن وەک دیاردە لە تەواوی هەرێمی کوردستان  هاوشێوەیە، پێویستە بەدواداچونی زیاتربکرێت بۆ ئەو دیاردەیە.
 
*یەکێکی دیکە لەو کێشانەی هەیە لە پرسی کوشتنی ژنان هەڵهاتنی تۆمەتباری تاوانەکەیە ئەمە لیرەش هاوشێوەی شارەکانی دیکە هەیە؟
 
بەڵێ حاڵەتمان هەیە تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە بەهۆی نادیاری شوێنی دانیشتنی.
 
”بەشودانی پێشوەختەو هێنانی ژنی دوەم بەردەوامە“
 
بەدەر لە حاڵەتەکانی کوشتن بەشودانی پێش وەختە و هێنانی ژنی دوەم لە شاری کۆیە چۆنە ئایا هیچ گۆڕانکاریەک لەم پرسە هاتۆتەبون؟
 
سنورەکەی ئێمەش بەدور نیە لە دیاردەی بە شودانی پێشوەختە زۆربەی ئەو کێشانەی دێنەلامان ئەو کەیسانەیە کە پڕۆسەی هاوسەرگیری پێش وەختەیان ئەنجام داوە، سەبارەت بە هێنانی ژنی دوەم ئەو دیاردەیەش هەیە لەکاتی بونی کێشەیە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.
 
*ئەم جۆرە لە پێشلکردنی ماف بە رای ئێوە بۆچی دەگەڕێتەوە لە کاتێکدا یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئەمانە بە تاوان هەژمار دەکات، ئایا گرفت لە یاساکەدا هەیە؟ یان لە جێبەجێکردنیدا کەمتەرخەمی هەیە؟
 
 
ستافی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان/ قەزای کۆیە
 
”یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە“
 
سەڕەڕای کەم و کوڕی و بەربەستەکان هەبونی یاساکە باشترە لە نەبونی، بەڵام گرنگە یاساکە هەموار بکرێتەوە، سەبارەت بە گونجانی بەدڵنیایەوە یاساکە لەوکاتەی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرا زۆر گونجاو بو دەسکەوتێکی باشیش بو، بەڵام بەپێی کات و سات کۆمەڵگە گۆڕانکاری بەسەر دادێت یاساکانیش پێویستان بە هەموار کردنەوە و گۆڕان کاری هەیە.
 
ئامارەکان لەلای ئێمەوە  زیادیان کردوە؟ زیاد بون و کەمبونەی ئامار هەڵوێستەی ئێوە چی دەبێت لەسەری؟
 
مەرج نیە زیاد بونی ئامارەکان ئاماژەبێت بۆ زیاد بونی توندوتیژی، دەکرێت بڵێین هەبونی متمانەیە لەلایەن هاوڵاتیان بە دامودەزگا تایبەتەکان و دادگاکان یان دڵنیا بونی کۆمەڵگایە بە یاساکان، سەبارەت بەڕێژەکانی توندوتیژی لە سنوری نوسینگەی کۆیە جیاوازیەکی وا نابینین، بەڵام ساڵی رابردو جیاواز لە سنورەکانی تر رێژەکە کەمی کردبو.
 
*ئەو حاڵەتانەی کە دێتە لاتان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن؟ ئایا بونی خانەی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێکراو پێویستە بۆ شاری کۆیە؟
 
بە شێوەی توندوتیژیەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین ئەگەر توندوتیژیەکە جەستەی بێت ئەوا یەکەم هەنگاو کەیسەکە دەنێرینە لای پزیشک بەمەبەستی چارەسەر وەرگرتن و راپۆرتی پزیشکی  دواتر پەڕاوی بۆ دەکەینەوە،  ئەگەر توندوتیژیەکە دەرونی بێت ئەوا توێژەرانی دەرونی لەگەڵیان دادەنیشن تاوەکو لە روی دەرونیەوە ئارام بکرێنەوە دواتر دەست دەکەین بە رێکارە یاسایەکەن.
بەپێی یاساو رێنمایەکانی هەرێم شەڵتەر تەنها لە سەنتەری پارێزگاکان دەبێت کۆیەش قەزایە بۆیە لە کۆیە شەڵتەری نیە و نەبونی شەڵتەر نە بوەتە ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانمان پێم وانیە لە کۆیە پێویست بە شەڵتەر بکات لە ئێستادا.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,394     ژمارەی میوان 1669

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە