باڵانسی ژن لە نێوکاریزمای نوسیندا

2021/06/08    1328 جار بینراوە
 
* نەوژین- شیکردنەوەی خانمە نوسەری کورد شیرین تاهیر، لە بارەی ناوەرۆکی بەرگی دوەمی کتێبەکەی بەناوی' باڵانسی ژن لە نێوکاریزمای نوسیندا' 
 
تەواوی بابەتەکان ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیە لەسەر هونەروفەلسەفەی ژن و پەیوەندی ژنە بە دنیای نوسینەوە، هەروەها کاریگەری پیاوان بە ژن وفیگەری ژن دەردەخات لە کارە هونەرییەکاندا، هاوکات باسکردن وشرۆڤەکردنی بونی ژنە لە دیدی چەند نوسەرێکی پیاوەوە.
 
لەگەڵ ئەو ناهاوسەنگییە کەڵەکەبوانەی کە لە کۆمەڵگادا هەیە، بە ئاڕاستەیەکی دیکە هاوسەنگییەکی دیکە لە بەرهەمی دیدی مرۆڤانەدا لە نێوان ئەو حەقیقەتەی فەلسەفەو دنیابینی دەرگایان بە رودا واڵا دەکات و ئەو چێژی جوانییەش کە لە ئەدەبدا بینینمان رادەکێشێ هەردوکیان ویستگەی دروستبونی کەسایەتی پایە بڵندن  لە کۆمەڵگادا، کەواتە کاری داهێنان بریتیە لە یەکێک لە دەستکەوتەکانی جوانکردنی کۆمەڵگە، هاوکات بۆ تێپەراندنی لەمپەڕەکان و ئاستەنگەکان کاری هونەری پەیوەست دەبێت بە ئامانجی زانستی وکۆمەڵایەتیەوە.
 
کتێبی "باڵانسی ژن لە نێوکاریزمای نوسیندا" بەرگی دوەم کۆی بابەتەکان بەسەر سێ بەندا دابەش بوە.
 
 بەندی یەکەم: بە گشتی ناونیشانی 'ئایدۆلۆژیای نوسینی ژن لە هونەری نوسیندا' لە خۆ گرتوە، بابەتەکانی بریتین لە (رەهەندی فەلسەفەبونی ژن) ئەم بابەتە باس لە ژنە فەیلەسوفەکانی پێش زایین دەکات، هەر لەم بەشەدا سێ وتار هەیە بە ناونیشانی(ژن وجەستەونوسین، مێژوی ڕەخنەی ئەدەبی نوێ، بە نێرینەکردنی دەسەڵاتی ئەدەبی). لە هەمانکاتدا  لە درێژەی بابەتی ئایدۆلۆژیای نوسینی ژندا ئەم نوسەرە ژنانە وەک ژنانی پێشەنگ بە دیدوسەرنجەوە باسیان لێوە کراوە:  (مەدام دی ستای، جۆرج ساند، هارییت بیچەرستۆ، دۆریس لیسینگ، نادین گۆردیمایەر، کلاریس لیسبکتۆر).
 
 بەندی دوەم: کۆ ناونیشانەکەی 'سەنگی ژن لە نوسینی پیاواندا' بابەتەکان بریتین لە : (هزری رەتکردنەوەی بەندایەتی، مانفێست لە دەقی ملوانکەی شێرکۆ بێکەس دا، سەنگی ژن لە بیروبۆچونەکانی عەلی وەردیدا، شکسپیر- ژن لە مانشێتی ڕەخنەدا).
 
بەندی سێیەم: ئەم ناونیشانەی لە خۆگرتوە 'فیگەری ژن- کاریگەری لەسەر نوسین' بابەتەکانی بریتین لە  (کچی ئەکرۆپۆلیس، ئیلاریا دیل کاریتۆ، ڤینۆس میلۆ، وێنەی ژنێکی پاڵکەوتو، ژنێک لەسەر کورسییەکی نەرم دانیشتوە).
 
باڵانسی ژن لە نێو کاریزمای نوسیندا – بەرگی دوەم لە دوتوێی (٣٠٠) لاپەڕە بە تیراژی (٥٠٠) دانە لە ساڵی (٢٠١١) لە بەڕێوەبەرێتی چاپ وبڵاوکردنەوەی سلێمانی چاپکراوە، ژمارەی سپاردنی (٢١١١) وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوانی دراوەتێ.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,665     ژمارەی میوان 1791

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە