سلێمانی: دایکێک بە پێش چاوی منداڵەکانیەوە کوژرا

2021/06/08    888 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
 
کاژمێر٩:٣٠ خولەکی شەوی رابردو لە گەڕکێکی شاری سلێمانی ژنێک لەلایەن هاوسەری پێشویەوە کوژرا، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان بکوژەکە پێشتر هەڕەشەی کوشتنی کردوە ویستویەتی بەوشیوەیە هاوسەرەکەی بگەڕێتەوە بۆلای کە ماوەیەک دەبێت جیابونەتەوە.
 
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: ”شەوی رابردو دەنگی تەقە بیستراوە لەگەڕەكی بەكرەجۆ شارەکە، کاتێک مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەو گەڕەکە گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە دەركەوتوە كە پیاوێك بەناوی(م ، ك ، أ) فیشەكی ناوە بە ژنێکەوە بەناوی (ش) کە پێشتر هاوسەری یەکتربون، كوشتویەتی و هەڵاتوە“.
 
بە وتەی کەسانی نزیک لە روداوەکە ئەم دو کەسە پێشوتر هاوسەرگیریان کردوەو خاوەنی چوار مناڵن، بەڵام ماوەیەک دەبێت جیابونەتەوە، شەوی رابردو پێش روداوەکە تۆمەتبار(م ، ك ، أ)، تەمەن ٥٣ ساڵ بە شێوەی هەڕەشەکردن بە هاوسەری پێشوی دەڵێت”دەبێت من و تۆ دوبارە هاوسەرگیری بکەین و بگەڕێیتەوە بۆلام ئەگینا دەتکوژم“. 
 
دوای ئەوەی بە داواکەی رازی نابێت کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت
 
دواتر کە (ش) تەمەن ٤٦ ساڵ رازی نابێت بە داواکەی تۆمەتبار لە پێش چاوی منداڵەکانی فیشەکێکی پێوەدەنێت و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت و هەڵدێت، دوای هەڵهاتنی تۆمەتبار لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیردەکرێت، پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیاندراوەکەیان تایبەت بەم روداوە ئەوە دەخەنەڕو: تۆمەتباریان دەستگیرکردوەو لێکۆڵینەوەش لە تاوانەکە بەردەوامە.
 
 
وێنەی تۆمەتبار لە بنکەی پۆلیس، وێنە: پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
 
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان لە ماوەی ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان ٦٢ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشت و خۆسوتاندی ژنان تۆمارکراوە لەو ژمارەیە  ١٢ حاڵەتی لە پارێزگای سلێمانی بوە.
 
ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە لە ئاستی پەرلەمان و حکومەت کۆبونەوەکراوە بۆ گرتنەبەری میکانزیمی نوێ بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، بەڵام تاوانەکانی کوشتنی ژنان و ناچارکردنیان بە خۆکوشتن رۆژانە لە هەرێم بەردەوامن.
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,654     ژمارەی میوان 253

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە