مەرگی تەمومژاوی 'شیراز ' لە نێوان وتەی خۆی و لێکۆڵینەوەکان

2021/06/05    1617 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
'شیراز' دوای ئەوەی سەروی ٩٩٪ جەستەی سوتابو شەوی هەینی لە نەخۆشخانەی سوتاوی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا، لە وتەکانی کەسی تۆمەتبارنەکردوە، کەچی لێکۆڵینەوەکان و بەڵگەکانی روداوەکە گومان لە قسەکانی دەکەن.
 
 
رۆژی چوارشەمە کچێکی تەمەن (١٩) ساڵ  بە سوتاوی لە ناحیەی رزگاریەوە گەیاندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە کەلار، بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەی و نەبونی نەخۆشخانەی سوتاوی لە گەرمیان رەوانەی نەخۆشخانەی سوتاوی لە سلێمانی کرا.
 
 
ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی توندو تیژی دژ بە خێزان و ژنان  لە گەرمیان، ئەوەی بە 'نەوژین' راگەیاند: ”قوربانیەکە وتەی لێ وەرگیراوە، لە وتەکانیدا سکاڵای لەسەر کەس نەبو، روداوەکەی بە قەزاو قەدەری زانی“.
 
 
(ش، ا، م) رێژەی سوتاویەکەی (٩٩٫٨٪) دوای (٢٤) کاتژمێر لە مانەوەی لە نەخۆشخانەی سوتای شاری سلێمانی شەوی هەینی گیانی لەدەستدا.
 
”بە پێی سەرەداوەکان روداوەکە خۆسوتاندن بوە“
 
بە وتەی وتەبێژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە گەرمیان ”بە پێی هەندێک سەرە داو روداوەکە خۆسوتاندن بوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ روداوەکە  کردوەتەوە ، دەستکراوە بە کۆکردنەوەی بەڵگەو وتەی شایەتحاڵ“.
 
لەگەڵ ئەوەشدا کەس و کاری قورابانیەکە بۆ 'نەوژین' ئاماژەیان بەوەکرد: سەعات ١٠ی سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەمە، دوای ئەوەی غازی ماڵەوەیان بە بێ ئاگر کراوەتەوە کاتێک ئەم چەرخی کارپێکردوە گڕی گرتوەو سوتاوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە بەو پێیەی بەشی زۆری سوتانی ژنان بە پێی داتاو ئامارەکان خۆسوتاندنە یان سوتاندنە، هەروەک لە ماوەی ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان ٦٢ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشت و خۆسوتاندی ژنان تۆمارکراوە لەو ژمارەیە دو حاڵەتی لە گەرمیان بوە بە خۆسوتاندن و  خۆکوشتن.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,281     ژمارەی میوان 530

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە