کوشتن و توندوتیژیەکان بارودۆخی ژنان دەباتە قۆناغێکی مەترسیدار

2021/04/21    2204 جار بینراوە
 
* نەوژین - رێناس ساڵح
 
 
”ژنان لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی بەردەوامی توندوتیژیەکان بەرامبەریان توشی ترس و دڵەراوکێی بون“. ئەمە دەرئەنجامی توێژینەوەی ماستەرنامەیەکە کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ژنان کراوەو ئامارەکانی دەساڵی هەرێمی بە نمونە وەرگیراوە، بە گوێرەی ئەو ئامارانە لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا (١٠٣٧) ژن بە کوشتن کۆتایی بە ژیانیان هاتوە، لەگەڵ (١١٣٦) حاڵەتی خۆسوتاندنی ژنان.
 
 توێژینەوەکە ماستەرنامەی عەقیدی یاسایی لەمیعە محەمەدە، 'نەوژین' دیدارێکی لەگەڵیدا سازکردوە، تێیدا قسە لەسەر ناوەڕۆکی توێژینەوەکەی و دەرئەنجامەکانی دەکەین.
 
”لە ماوەی ١٠ ساڵدا (٢١٧٣) تاوانی کوشتن، خۆکوشتن و خۆسوتاندی ژنان تۆمارکراوە“
 
* یەکێک لەو خاڵەنەی لە توێژینەوەکەدا تیشکت خستۆتەسەر ئامارە فەرمیەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژیەکانە بەرامبەریان لەمە چیت بۆ دەرکەوت؟
 
لە توێژینەوەکەمدا ئاماری توندوتیژی و کوشتن و خۆسوتاندنی ژنانم وەرگرتوە لە ماوەی ساڵانی (٢٠١٠- ٢٠١٩) واتە دە ساڵ بە گوێری ئەو ئامارانە  گۆڕانکاری ئەوتۆ نابینرێت لە باشبون و بەرەوپێشچونی تاوانەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، ساڵانە کوشتنی ژنان و خۆسوتاندنیان بەردەوامە  بەشێوەیەک لەماوەی ئەو دەساڵە (٢١٧٣) تاوانی کوشتن و خۆکوشتن و خۆسوتاندن بەرامبەر بە ژنان تۆمارکراوەکە سەرجەمیان لە ئەنجامی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بوە.
 
 
ئامارەکانی تاوان دژ بەژنان لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە هەرێمی کوردستان سەرچاوە: ماستەرنامەکەی  لەمیعە محەمەد
 
”توندوتیژی دژ بە ژنان بە تاوانێکی زەق نەناسێندراوە“
 
هۆکاری ئەم ژمارە زۆرەی تاوان بەرامبەر بە ژنان بۆچی دەگەڕینیتەوە؟
 
لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا پرسی ژن نەبوەتە پرسێکی نیشتیمانی، لەم سۆنگەیەوە هەتاوەکو توندوتیژیە خێزانیەکان وەک تاوانی زەق نەناسێندرێن و یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگا و یاسا و سێکتەرە جیاجیاکان رەنگنەداتەوە، توندوتیژی بەردەوامی دەبێت.
 
”بەهۆی کوشتن و توندوتیژیەکان ژنان توشی ترس بون“
 
کەواتە کاریگەری لێکەوتەکانی ئەم  کوشتن و توندوتیژیانە بەرامبەر بە ژنان لەهەرێمی کوردستان و عێراق چیە؟
 
بە پلەی یەکەم ژنان توشی ترس و دڵەڕاوکێ کردوە کە بەردەوام هەرژنێک لە عێراق یان کوردستان ئەمەی لەلا بوەتە گرێیەک، کوشتنیان بە پاساوی شەرف لێدانیان بە ناوی تەمبێکردنەوە خۆی بۆخۆی باردۆخی دەرنی خستونەتە مەترسیەوە. بەگشتیش ئەم تاوانانەی دەرهەق بە ژنان دەکرێت کاریگەری و رەنگدانەوەی هەبوە لەسەر تاکەکانی خێزان دواتریش کۆمەڵگا، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بە گەورەترین چەکی دەستی پیاوان بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە کە ئەویش یاسایە.
 
بۆچی دەڵێت یاسا؟ 
 
لەبەر ئەوەی ژمارەیەک لە دەقەیاسایەکان کە تایبەتن بە تاوانکاری جیکاری رەگەزی تێدا کراوە بەشێوەیەک رێگەدەدات پیاوان توندوتیژی بەرانبەر ژنان بکەن. لە عێراق توندوتیژی دژ بە ژنان تا ئێستا بە یاسایی بە تاوان هەژمار ناکرێت.
 
ئەمە بۆ کوردستانیش راستە؟
 
بۆ کوردستان جیاوازترە بەهۆی کارکردن بە یاسای بەرەنگابونەوەی توندوتیژی و لە کارخستنی چەند بڕگەو مادەیەکی یاسایی سزادانی عێراقی لەوانە مادەی ٤٠٩ کە تایبەتە بە کوشتنی ژن لە ژێرناوی شەرف کە لە عێراق سزایەکی ئەو تۆی نیە، بەڵام لە هەرێم ئەم مادەیە لە کارخراوە، هاوکات  مادەی ٤١ لە یاسایی سزادانی عێراقی کە لێدان لە ژن و منداڵ بە مافی پیاو دادەنێت لە ژێرناونیشانی پەروەردەکردن، بەڵام لە هەرێم ئەمە مادەیەش لە کارخراوە.
 
”دەبێت بە یاسا و پلانی درێژخایەن روبەڕی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ببینەوە“
 
کەواتە بۆ باشکردنی باردۆخی ژن لە هەمبەر توندوتیژەیەکان و کوشتنیان هەنگاوی خێراو پلانەکان دەبێت چیبن؟
 
دەبێت یاسای تایبەتمەند بە ژن دەربکرێت چونکە باردۆخەکە وادەخوازێت. لە هەرێم دەبێت یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەموار بکرێتەوە، هەرەک پێویستە  کێشەی ژنان و توندوتیژیەکانیان بکرێت بە کێشەی کۆمەڵگا، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەمو رێگایەکی پێویست بگیرێتەبەر بۆ هاوکاری ئەو دەزگایانەی کە کار لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان دەکەن، لەگەڵ لایەنە ئاینی و مەزهەبیەکان گفتوگۆ و بەرنامەی تایبەت هەبێت لە بارەی توندوتیژی و کوشتنی ژنانەوە. بەشێوەیە دەتوانین توندوتیژیەکان بەرەو کەمبونەوە بەرین.
 
 
لەمیعە محەمەد، لەکاتی پێشکەشکردنی گفتوگۆی ماستەرنامەکەی وێنە: نەوژین
 
”عێراق بە کردار پابەند نیە بەرێکەوتنەکانی تایبەت بە پرسی ژنان“
 
لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکەدا کۆمەڵیک بەراوردکاری و رێکەوتنی نێودەوڵەتی و بڕیارت ئاماژەپێکردوە، دەرئەنجام بەچی گەشتی ئایا عێراق و کوردستان پابەندن؟
 
رێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکان و یاسا نیشتیمانیەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی خیزانیم خستوەڕو هەروەها رێکەوتنامەی سیداو بڕیاری (١٣٢٥) کە عێراق بەشدارە تێیدا کەچی نابین بە کرداری کار بە بەندەکانی ئەو رێکەوتن نامەو بڕیارانە بکات.
 
چۆن بو  بابەتێکی تایبەتت بە پرسی ژنان هەڵبژراد بۆ ماستەر نامەکەت؟
 
چەند هۆکارێک هەبون، لەوانە ماوەی چەند ساڵێک کاری پارێزەریم دەکرد لە دادگاکان دەمبینی ژنان چەند مافیان دەخورێت بەهۆی نەبونی یاسایی تایبەت مەندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دواتر بۆ ماوەی شەش ساڵ بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگابونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان بوم لە گەرمیان، کۆی ئەوانەو باردۆخی ژن لە هەرێم و عێراق وایکرد ئەم بابەتە لەلای من گەڵاڵەببێت، بە ئامانجی ئەوەی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان کەمببێتەوە ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکات بە تاوانبار دابنرێت بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە بێ ترس بژین.
 

لەمیعە محەمەد، لەکاتی کۆبونەوەی وەک بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان وێنە: هەژمارەی لەمیعە محەمەد

 

لەم لینکەوە تەواوی تویژینەوەکە بەردەستە فایلی پیدی ئێف

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,541     ژمارەی میوان 1726

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە