* نەوژین
دە ژنی یەمەنی بەربەستەکانی خێزان و کۆمەڵگە دەشکێنن بۆ گەشتن بە خەونەکەیان، روناکی دەگەیەنن بەئەو ماڵانەی تاریکی جەنگ باڵای بەسەردا کێشاوە، لەسەر ئاستی جیهان خەڵاتکران بەمەش خێزانەکانیان و کۆمەڵگەی یەمەنی دوای روبەڕوبونەوەیان ئێستا رێز و ستایشیان دەکەن.
لە وڵاتێکی وەک یەمەندا کە برسی و هەژاری و شەڕێکی تاڵ زیاتر لە شەش ساڵە بەردەوامە، خەیاڵی 'ئیمان'ی بۆ کارەکەی نەگۆری کاتێک دوساڵ پێش ئێستا بیری کردەوە کارەبا بۆ وڵاتەکەی دابینبکات.
ئیمان هادی، لە ساڵی (٢٠١٩)ەوە پرۆژەی "هاوڕێیانی ژینگە" لە ناوچەی عبسی لە باکوری رۆژئاوای سەنعای پایتەخت دەستپێکرد، کە شەش سیستەمی وزەی خۆرە و تاکە سەرچاوەی کارەبای دەیان ماڵە لە چەند گوندێک.
ئیمان هادی، ٩ی ئازاری ٢٠٢١ لە باکوری رۆژئاوای یەمەن سەرپەرشتی وێسگەکەیان دەکات وێنە: (AFP)
ئیمان، دەڵێت: ”ئێمە ١٠ هاوڕێ بوین بیرمان کردوە دەتوانین چیبکەین بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی جەنگ لە وڵاتەکەمان کە ئێمە هەژارترین وڵاتین لە نیمچە دورگەی عەرەبی“.
وێسگەکە لە سەرەتادا توانای دابینکردنی کارەبای بۆ ٢٠ ماڵ هەبو، بەڵام ئێستا ٤٣ ماڵ روناک دەکاتەوە.
وەستانەوە بەرامبەر رێگریەکان
کۆمەڵگەی لادێ بیرۆکەی ئەو ژنانەی لەدەرەوەی ماڵ کار دەکەن رەتکردەوەو پیاوانیش جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنیا رۆڵی ئەوان ژنی ماڵەوەیە.
ئیمان، دەڵێت: ”ئێمە روبەڕوی چەندین زەحمەتی بوین لە گاڵتەکردن و رەتکردنەوەمان لەلایەن دایک و باوکمان و دواتر کۆمەڵگا، چونکە ئەوان ئەم پرۆژەیەیان بە پاوانکاری ی پیاوان زانی و دەیان وت چۆن دەبێت ژن لە دەروەی ماڵ کاربکات“. لە درێژەی قسەکانی وتیشی: ”توشی زەحمەتی زۆر بوین، بەڵام توانیمان ئەو بیرکردنەوە بگۆڕین کە ژنان شوێنیان ماڵەوەیە، بەوەش ئەوانەی روبەڕومان بونەوە ئیشتا پێزانین و رێزیان هەیە بۆ کارەکەمان“.
ئیمان هادی و هاوکارانی لە وێسگەکەیان ٩ی ئازاری ٢٠٢١ لە باکوری رۆژئاوای یەمەن وێنە: (AFP)
لە بێبەری کردنی کۆمەڵگەوە بۆ باشترینی جیهان
ئیمان، (٣٦) ساڵ، لە لیستی بی بی سی(bcc) وەک یەکێک لە ١٠٠ ژنە هەرە ئیلهامبەخش و کاریگەرەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هەڵبژێردرا وەک ژنێک لە ناو بەربەستەکان توانیی ببێتە بازرگان.
ئەو پلانی درێژخایەنی هەیە کە خزمەتگوزاریەکەی بگەیەنێت بە(٣٠٦٠ ) ماڵی هەرێمەکەیان.
لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە، لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە و دەستێوەردانە دەرەکیەکان دەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربون بەشیوەیەک نەخۆشخانەکانی وڵاتیش کارەبانەکانیان لەناوچو، هەندێکیان بە روناکی مۆم کارەکانیان دەکرد، ئەمە لەکاتێکدایە بەر لە ململانێکە تەنیا نزیکەی دو لەسەر سێی یەمەنییەکان پەیوەست بون بە تۆڕی کارەبای گشتیەوە.
لە ناو بێ هیوایی ئەو وڵاتەدا، تۆڕی وزەی خۆر لە سەربانەکانی شار و گوندەکانەوە دەستی بە دەرکەوتن کرد، بەکردنەوەی دەرگا بەڕوی چارەسەرێکی جێگرەوە بۆ گەیشتن بە کارەبا لە ناو جەرگەی شەڕدا.
' UNDP' یەکێتی ئەوروپاوە پشتگیریان دەکات
بە وتەی نوێنەری ' UNDP' لە یەمەن، خەڵک ناتوانن خواردن بکڕن، دەستیان ناگات بە چاودێری تەندروستی یان پێداویستیە سەرەتاییەکانی دیکە، بژاردەیەکی لەم شێوەیە کەبە خۆر کارەبا بۆ ناوچە دورەکان دابینبکرێت ئەوا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا تروسکایەک هیوا دەبەخشنەوە.
پڕۆژە هاوشێوەکانی وێستگەی 'ئیمان' یارمەتی یەمەنییەکانی دا بۆ پاراستنی شێوەی ژیانی ئاسایی رۆژانە.
”سوپاس بۆ خوا، لە رێگەی ئەم وزەیەوە، لە بەیانییەوە تا ئێوارە، ئامێری شوشتن، ساردکەرەوە و ئامێری درومان هەمو کاردەکەن“. ئەمە قسەکانی وەفیە نەجارە، کە یەکێک لە بەکارهێنەرانی وێستگەکە.
خانمێک کە کارەبای وێسگەکەی ئیمان و هاوڕێکانیان بەکاردەهێنێت سەردانی کردون وێنە: AFP
پەیامی ئیمان، بۆ ژنانی یەمەن ئەوەیە کە ”هەستن بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان“.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی
AFP