زاخۆ: ژنێک بە دەستڕێژی گوللە کوژرا

2025/06/18    113 جار بینراوە


* نەوژین

لە زاخۆ ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، بە دەستڕێژی گوللە کوژرا و پۆلیسیش دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستیپێکردوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ، کاتژمێر ٨ـی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥)، لە گەڕەکی کارێزی سەنتەری شاری زاخۆ، ژنێک بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتوە: ژنەکە بە ناوی (ن. أ. ع)، تەمەنی ٢٦ ساڵ بوە، بەهۆی دەستڕێژیەوەکە دو گوللە بەر جەستەی کەوتوە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە: تەرمی ژنەکە رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە و دەستبەجێ تیمە تایبەتمەندەکانی پۆلیس، لەوانە (پۆلیسی فریاکەوتن، بەڵگەی تاوان، نەهێشتنی تاوان و بنکەی پۆلیسی کارێز) گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و رێکاری پێویستیان گرتوەتەبەر.

پۆلیسی زاخۆ دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی (کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست) دەستیپێکردوە و هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و ناسنامەی ئەنجامدەری تاوانەکە بەردەوامن.

پۆلیس لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە ناو، ناسنامە و هەروەها دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکە نەکردوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست نەوژین کەوتون و فەرمی نیین، ئەنجامدەری تاوانەکە باوکی ژنەکە بوە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,596,098     ژمارەی میوان 937

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە