* نەوژین
لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی رۆژنامەنوس و بەهێزکردنی پێگەیان لە کاری میدیای کوردی دا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم، ١١ راسپاردەی ئاڕاستەی دەزگاکانی راگەیاندن کردوە.
ڕاسپاردەکان کە لەلایەن "سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ" و "ڕێکخراوی جاسەنە”ـوە ئامادەکراون و وێنەیەکی بۆ نەوژین نێردراوە، جەخت لەسەر بڕەودان بە یەکسانیی جێندەری و کردنەوەی دەرگا بۆ ژنان دەکەنەوە تاوەکو لە پلە باڵاکانی بەڕێوەبردندا بەشداریی کارا بکەن.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ژنانی رۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان روبەڕوی کۆمەڵێک کێشە دەبنەوە، لەوانە هەراسانکردنی سێکسی لە شوێنی کار، جیاکاریی رەگەزی لە موچە و پلەبەرزکردنەوەدا، هەروەها نەبونی ژینگەیەکی لەبار کە رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ژنان بکات.
گرنگترین راسپاردەکان بریتین لە:
١. رێگری لە هەراسانکردنی سێکسی: دانانی رێنمایی توند بۆ رێگریکردن لە گێچەڵی سێکسی لەنێو دەزگاکاندا و هۆشیارکردنەوەی کارمەندان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن و راپۆرتکردن لەسەر ئەو حاڵەتانە.
٢. دانانی سیستمی کۆتا: فشارخستنە سەر پارلەمان بۆ پەسەندکردنی سیستمی کۆتا، تاوەکو بەشداریی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی میدیاییدا مسۆگەر بکرێت.
٣. دروستکردنی ژینگەی کارکردنی گونجاو: رەخساندنی هەلومەرج و ئاسانکاری بۆ ژنانی میدیاکار بەشێوەیەک کە لەگەڵ سروشت و پێداویستییە بایۆلۆجییەکانیاندا بگونجێت.
٤. یارمەتیی یاسایی: سەندیکای پارێزەران هاوکار بێت بۆ بەرگریکردن لەو ژنە رۆژنامەنوسانەی کە لە شوێنی کارەکانیاندا روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.
٥. نەهێشتنی جیاکاری: کۆتاییهێنان بە جیاکاریی رەگەزی لەکاتی دابەشکردنی خەڵاتەکان و گرنگیدان بە باڵانسی جێندەری لە دامەزراندنی سەندیکا و رێکخراوە میدیاییەکاندا.
٦. بۆخۆ رێکخستن: هاندانی دامەزراندنی رێکخراوی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ژنانی میدیاکار کە لەلایەن خودی ژنانەوە بەڕێوەببرێت.
هەروەها راسپاردەکانی دیکە جەخت لەسەر گرنگیدان بە خولی راهێنان، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە لەبارەی رۆڵی ژنان، داڕشتنی سیاسەتی میدیایی تایبەت بە پرسی ژنان و پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەکادیمی دەکەنەوە.