* نەوژین
لە سنوری ئیدارەی راپەڕین هاوسەرگیری پێشوەختە روی لە هەڵکشان کردوە، بە وتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ناوچەکەش: یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی کێشە خێزانیەکانە.
ئامانج حەمە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی رانییە، بە نەوژینی راگەیاند: بەپێی ئەو سکاڵایانەی دێنە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان زۆرترین کێشەی نێوان هاوسەران بە هۆکاری؛ لایەنی ئابوری، تەداخولی لایەنی سێیەم و هاوسەرگیری پێشوەختەن.
رونیکردەوە: هاوسەرگیری پێشوەختە رێژەکەی لە هەڵکشانە، کێشەکانی ئەم هاوسەرگیرییەش زۆرن، بەتایبەت کاتێک کوڕ و کچەکە هەردوکیان تەمەنیان کەمە و خاوەن ئیشی خۆیان نیین، کێشەی ئابوری لەنێوانیان دروستدەبێت و بەهۆی ئەوەی تێگەشتنیان بۆ دۆخەکە کەمە، زۆرکات دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان.
باسی لەوەشکرد: لەگەڵ ئەوە دا، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی، هۆبەی راوێژکاری خێزانیمان هەیە کە کاری راوێژکردنە لەگەل ئەو هاوسەرانەی کە کێشەیان هەیە، بە ئومێدی ئەوەی کار نەگاتە جیابونەوە و کێشەکەیان چارەسەر ببێت.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە راپەڕین، ساڵی ٢٠١١ بە فەرمی کراوەتەوە، لە قەزاکانی قەڵادزێ، رانیە و حاجی ئاوا نوسینگەی هەیە و بە نزیکەیی کۆی هەمو کارمەندانی دەگاتە ١٠٠ کارمەند، کە لەم ژمارەیەش ٢١ـیان ژنن، کاری سەرەکی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەرەنگاربونەوە و ئەنجامدانی کاری لێکۆڵینەوەی تایبەت بە توندوتیژییە خێزانییەکانە تاوەکو کەسی پلە چوار.
.