پۆلێنکاری نوێ: عێراق لە خراپترین وڵاتەکانە بۆ ژنان

2025/05/13    75 جار بینراوە


* نەوژین

گۆڤاری کاو وۆرلد تایبەت بە پۆلینکارییە جیهانییەکان، لە نوێترین پۆلینکاری دا لیستی باشترین و خراپترین وڵاتی بۆ ژنان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت عێراق لەکۆی ١٥٦ وڵات لە ریزبەندی ١٢٣ـیەمینیدایە. 

 پۆلێنکارییەکە رۆژی ١١ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، پشتی بە راپرسیەک بەستوە کە تێیدا ٢٨٠ هەزار ژن بەشداریان کردوە لە ١٥٦ وڵاتەوە، پۆلینکارییەکە لەسەر بنەماکانی یەکسانیی جێندەری، رێژەی بەشداری و ژمارەی ژنان لە دامودەزگە کارگێڕی و جێبەجێکارەکان، هەستکردنی ژنان بە سەلامەتی، داهاتی ژنان و یەکسانی لە داهات و نیگەرانییەکان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ، تواناسازیی ژنان، ئاستی خوێندەواریی ژنان و بەشدارییان لە هێزی کار و رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بوە.

بە گوێرەی پۆلێنکارییەکە عێراق (٦٨،٧٣) خاڵی له‌ كۆی ١٠٠ خاڵ كۆ كردوه‌ته‌وه،‌ لە ئاستی گشتی له‌ پله‌ی ١٢٣ـیەمینی ریزبه‌ندیەکەیە، هەروەک له‌ كۆی ٢٢ وڵاتی عه‌ره‌بی له‌ پله‌ی ١١ـەمین دایە.

١٠ وڵاتی یەکەم کە بۆ ژنان باشترینن، هەشتیان وڵاتی ئەوروپین، لە ١٠ خراپترین وڵاتیش، حەوتیان وڵاتی ئەفریقان و سێیەکەی دیکەش وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەرپرسانی گۆڤارەکە دەڵێن: هیچ شوێنێک لە جیهاندا نییە ژنان هەست بە سەلامەتی تەواو بکەن تێیدا، بەڵام هەندێک شوێن بەراورد بە شوێنی دیکە باشترن.
  
لیستی ١٠ باشترین وڵاتی جیهان بۆ ژنان بەپێی پۆلێنکردنەکە پێکهاتون لە: هۆڵەندا، نەرویج، سوید، دانیمارک، فینلاند، کەنەدا، سویسرا، نیوزیلاند، فەرەنسا پاشان ئەڵمانیا.
 
لیستی ١٠ خراپترین وڵات لە جیهان بۆ ژنان بریتین لە: کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، سۆماڵیا، چاد، سوریا، نایجیر، لیسۆتۆ، غینیا- بیساو، ئەفغانستان، ئەنگۆلا و یەمەن.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,501,913     ژمارەی میوان 495

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە