* نەوژین
ئامینە عەزیز، سەرباری ئەوەی ماوەی زیاد لە شەش ساڵە وەک کرێکار لە نانەواخانەیەک کاردەکات، بەڵام هێشتا خۆی لە سەندیکای کرێکاران تۆمارنەکردوە، لەرۆژی جیهانی پیشەکەی دا دەڵێت: هیچ کەس لە خەمی ئێمەی ژنانی کرێکار دا نییە.
ئامینە تەمەنی ٤٩ ساڵە و لە گوندێکی نزیک لە شاری سلێمانی دەژی، دایکی کچێک و دو کوڕە کە سەرجەمیان خوێندکارن، هاوسەرەکەی بەهۆی روداوێک بەر لە ١٤ ساڵ کۆچی دوایی کردوە و ئامینە دوای چەند ساڵێک بڕیاری داوە، خۆی مناڵەکانی بەخێوبکات، بەوهۆیەش دەستی بە کرێکاری کردوە.
“هەمو رۆژ کاتژمێر ٣ـی بەرەبەیانی دەڕۆمە سەر کار تاوەکو دوای نیوەڕۆ، بەهۆی ئەوەی ماوەیەک یەکێک لە کوڕەکانم نەخۆش بو، هەفتەیەک نەڕۆشتم بۆ کار، بەڵام دواتر کاتی موچە بینیم نیوەی موچەکەم بڕدرا بو، کە پرسیم بۆچی وایە وتیان تەنها بۆت هەیە لە مانگێک دو رۆژ مۆڵەت بکەیت”، ئامینە وای وت.
وتیشی: هیچ کەس لە خەمی ئێمەی ژنانی کرێکار نییە، کۆمەڵێکی زۆر کێشەمان هەیە و کەس لێمان ناپرسێتەوە، وەک پیاو نیین، بڵێین لەماڵەوە ژنێک هەیە خزمەتی ماڵەکە بکات، ئێمە سەرباری قورسی کاری دەرەوەمان کاری ماڵەوەش بەڕێژەی ١٠٠% لەسەرمانە.
هیچ ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی ژنانی کرێکار لە هەرێمی کوردستان بەردەست نییە، ئەوەی هەیە ئامارێکی ساڵی ٢٠٢١ـیە کە تێیدا سەندیکای کرێکارانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد کەوا بە نزیکەیی ٢٠٠٠ ژن لە سەندیکاکە تۆمارن.
ئەحمەد محەمەد، چالاکێکی بواری مافی کرێکارانە، لەبارەی ئاماری نوێ بە نەوژینی وت: بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٢، ٥٦٤٨٦کرێکار لە سەندیکا تۆمار بون، بەڵام هیچ ئامارێک نییە بڵێت ئەوەندەیان ژن بون.
وتیشی: بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی لای من هەن، کە تایبەت بە لقی سەندیکاکەن لە سلێمانی ٤٥٩٩ کرێکار لێرە تۆمارن، زیاتر ژنان لە بەشی خزمەتگوزاری و رستن و چنین هەن، کە ئاماری ئەو بەشانە بەمشێوەیەن: لە بەشی خزمەتگوزاری ٧٠٧ کرێکار تۆمارن، نیوە و زیاتریان ژنن، لە بەشی رستن و چنین ١٢٣ کرێکارن بەهەمان شێوە نیوە و زیاتر ژنن، هاوکات لە بەشی کشتوکاڵ ١٨٣ ئەندام هەن، لێرەش نیوە و نیوە کەمتر ژنن، بەڵام لە بەشەکانی دیکە یان ژنی لێ نییە یان زۆر بە کەمی هەن.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد: بەڵام ئامارەکانی سەندیکا دەقیق نیین و بەپێی بەدواداچونێکم بۆم دەرکەوتوە لە هەر ٣٧٥ کرێکارێک یەکێکیان خۆی لە سەندیکای لقی سلێمانی تۆمارکردوە، کە زۆرینەش پیاوانن خۆیان تۆماردەکەن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی ژنان کەمتر خۆیان تۆماردەکەن، ئەحمەد محەمەد، وتی: سەندیکا ساڵانە ١٥ هەزار لەبەرامبەر نوێکردنەوەی باج وەردەگرێت، راستە ئەم بڕە پارەیە زۆر نییە و تەنانەت بەپێی یاسا دەبێت کرێکار مانگانە ١%ـی داهاتی بدات بە سەندیکا، بەڵام هێشتا ژنان لایان وایە ئەم بڕە زۆرە و کاریگەری لەسەریان هەیە، چونکە موچەی ئەوان بەراورد بە پیاوان کەمترە، لەلایەکی دیکە زۆرینەیان ئاشنا بە کاری سەندیکا نیین، ئەمەش بەهۆی تێکەڵ نەبونی سەندیکا لەگەڵیان، هەروەها بڕوایان بەوە نییە سەندیکا بتوانێت کێشەکانیان چارەسەر بکات.
ئامینە، هەرچەندە روبەڕوی لێبڕینی موچە بوەتەوە، بەڵام پەنای نەبردوەتە بەر سەندیکا بۆ چارەسەر، ئەمەش لە ترسی ئەوەی خاوەنکار لە کارەکەی دەریبکات.
وتی: لەدوای وەرگرتنی موچەکەم، رۆشتمەوە بۆ ماڵ و سبەی وەک ئەوەی هیچ نەبوبێت گەڕامەوە سەر کار، سکاڵام تۆمارنەکرد، چونکە زانیم سکاڵاکە درێژە دەکێشێت و دواتر خاوەنکار لێم توڕە دەبێت و لەوانەشە لەکارەکەم دەربکرێم.