* نەوژین
ئەمڕۆ دوشەممە (٢١ـی نیسان) سەکۆی میدیایی نەوژین و بەشی باخچەی مناڵانی زانکۆی گەرمیان لە سەروبەندی ساڵڕۆژی رۆژنامەوانی کوردی، پانێڵکیان لەنێو زانکۆکە ئەنجامدا.
لە پانێڵەکەدا کە بەناونیشانی “رۆژنامەوانی ژن لە گەرمیان” بو، باس لە دۆخی ژنانی رۆژنامەنوس لە گەرمیان لە ئێستا و رابردو دا کرا، میوانانی پانێڵەکە کە پێکهاتبون لە هەریەک لە؛ سومەیە ساڵح، سەرنوسەری سەکۆی نەوژین، زریان محەمەد، رۆژنامەنوس لە رادیۆی دەنگ و سەباح عەلی، مامۆستای زانکۆ، پێکەوە کۆکبون لەسەر ئەوەی، رێگری و ئاستەنگیە کۆمەڵایەتیەکان هۆکاری یەکەمی نەهاتنە پێشەوەی ژنانن بۆ کاری راگەیاندن.
پێیشیان وابو: ژنان بەراورد بەڕابردو گەرچی ژمارەیان زیادی کردوە، بەڵام ئامانجەکانیان گەورەتر نەبوە و هێشتا بەشی هەرە زۆریان لە دەوری کاری بێژەی و پەیامنێری ماونەتەوە.
لەبەشی دوەمی پانێڵەکە دا، بەشداربوان کە بەشی زۆریان فێرخوازی زانکۆ بون رای خۆیان لەبارەی تەوەری پانێڵەکە وت و چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی میوانانی پانێڵەکە کرد.