سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان: هاوسەرگیریی ژنێکی ٢٠ ساڵ و پیاوێکی ٦٠ ساڵ رەوا نییە

2025/04/18    40 جار بینراوە


* نەوژین

سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان، دەڵێت: هیچ رەوا نیە کچێکی کەمتر لە ٢٠ ساڵ بە شو بدرێت بە پیاوێکی تەمەن سەرو شەست ساڵ.

م. ئیدریس ژاڵەیی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی: لەم سەردەمەی ئێستادا جیاوازی تەمەن لە پێنج ساڵ زیاتر بێت، پێکەوە ژیانی خۆشەویستی و بەختەوەریی خێزان کەمتر دەبێت، هیچ رەوا نیە کچێکی کەمتر لە ٢٠ ساڵ بەشو بدرێت بە پیاوێکی تەمەن سەرو شەست ساڵ.

دەشڵێت: داواکارم لە دایکان و باوکان هەرگیز بیر لەم کارە نادروستە نەکەنەوە کە بازرگانییکردنە بە کچەکانیانەوە، بێگومان فرۆشتنی مرۆڤ حەرامە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکە ئەم کارە سەر بۆ خراپە دەکێشێت، هەر کارێکیش سەرەنجامەکەی تاوان و خراپە بێت بێگومان حەرامە.

ماوەی چەند رۆژێکە هاوسەرگیری نێوان ژنێکی ٢٠ ساڵ لەگەڵ پیاوێکی تەمەن سەرو ٦٠ ساڵ بوە بە باسی میدیاکان، جگە لەوەی جیاوازی تەمەنیان زۆرە، هاوسەری پێشوی ژنەکە باس لەوەدەکات هێشتا لە ژنەکەی جیانەبوەتەوە و ماڵەوەی ژنەکە بەزۆر لێیان وەرگرتوەتەوە.

سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی، جەختیکردوەتەوە: بە شودانی کچ  بە مناڵی یان بەزۆر بەشودان و بە پارە فرۆشتن و روگیرکردن و فریودانیان یان شوکردنی کچەکان پێش پێگەیشتنی تەواو  یان شوکردن بە پیاوی بەتەمەن بە تەماحی پارە و ماڵەکەی، ئەمانە هۆکاری سەرەکی ناپاکی و تەڵاق و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کوشتن و خۆسوتاندن و چەندین گرفتی دیکەن.

پێیشیوایە: "ئەم کارە نادروستە و ئەوانەش ئاسانکاریی بۆ دەکەن و رێکیدەخەن، جا هەرکەس بن لە حاکم، مەلا، داواکار، دایک، باوک و زاوا، هەمو تاوانبارن".



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,445,975     ژمارەی میوان 508

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە