دەرئەنجامی راپرسیەک: ٣٠%ـی ژنانی راگەیاندکار روبەڕوی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە

2025/04/16    172 جار بینراوە


* نەوژین

دو رێکخراو پێکەوە لەمیانی راپۆرتێک دا ئەنجامی راپرسیەک بڵاودەکەنەوە و ئاشکرایدەکەن: زیاد لە ٣٠%ـی ژنانی راگەیاندکار لە هەرێم روبەڕوی هەراسانکردنی سێکسی دەبنەوە، لەم بابەتەش بەڕێوەبەر و هاوکارانیان پشکی شێریان هەیە، هەر لە راپۆرتەکەدا پرسی ژن و پیشاندانی لە راگەیاندنەکان خراوەتەوەڕو و ئاماژەبەوەدەکەن: راگەیاندنەکان بە شێوازی نەرێنی باس لە ژنان دەکەن.

هەریەک لە رێکخراوانی جاسەنە و DHRDC پێکەوە لەمیانی پڕۆژەیەکی هاوبەشدا سەبارەت بە بەهێزکردنی تواناکانی ژنانی رۆژنامەنوس و هاوبەشیپێکردنی ژنان لە جومگەکانی بەڕێوەبردندا، راپۆرتێکیان بڵاوکردوەتەوە کە لە راپرسیەک و چەند ئامارێک پێکدێت.

بەپێی راپۆرتەکە کە کۆپیەکی بۆ نەوژین نێردراوە، رێژەی بەشداربونی ژنان لە ناوەندەکانی بریاردان لە دامەزراوە میدیاییەکاندا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، بەشێوەیەک، نزیکەی ١٧٠٠ دەزگای میدیایی دەنگی، چاپ، بینرا و دیجیتاڵی هەیە، بەڵام ژمارەی سەرنوسەر و خاوەن ئیمتیازەکان لە ١٠ ژن تێناپەڕێن

هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتوە: سەبارەت بە روبەروبونەوەی ژنانی راگەیاندکار بە هەراسانکردی سێکسی، ٣٠.٦%ـی ژنانی راگەیاندکار وتویانە روبەڕوی هەراسانکردنی سێکسی بوینەتەوە، لەبەرامبەردا ٦٩.٤% وتویانە روبەڕوی نەبوینەتەوە، بەمشێوەیەش لە ٣ ژنە راگەیاندکار یەکێکیان روبەڕوی هەراسانکردنی سێکسی دەبێتەوە.

لە راپرسیەکە دا١٧٣ ژنە راگەیاندکار بەشداریان کردوە، راگەیاندكاران و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاران لە دامەزراوەکانی راگەیاندن پشکی شێریان لە هەراسانكردی سێکسی بەرامبەر راگەیاندكارانی ژن هەیە، دەرەنجامەکان بەمشێوەیە بون: 

٣٤%ـی هەراسانکراوەکان وتویانە لەلایەن بەڕێوەبەری دەزگاکەوە روبەڕوی گێچەڵی سێکسی بونەتەوە، ٣٧.٨%ـیان وتویانە لەلایەن هاوکارەکانیانەوە روبەڕوی بونەتەوە، ٣٠.٢% وتویانە لەلایەن بەرپرسە حکومی و حزبیەکانەوە روبەڕوی بونەتەوە، ٢٨.٣% لەلایەن خەڵکی سەر شەقامەوە روبەڕوی گێچەڵپێکردن بونەتەوە، ٢٠.٨ـیان وتویانە لەلایەن سەرپرشتیاری راستەوخۆیانەوە هەراسانکراون، ٥.٧%ـیان لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە گێچەڵیان پێکراوە و ١.٩% لەلایەن هێزەکانی چالاکی مەدەنی روبەڕوی گێچەڵپێکردن بونەتەوە.

لەبەشێکی دیکەی راپرسیەکە دا هاتوە، ٧٥.٥%ـی ئەو ژنە راگەیاندکارانەی روبەڕوی هەراسانی سێکسی بونەتەوە، هەراسانکردنەکەیان بە راپۆرت نەکردوە، لەبەرامبەر دا ٢٤.٥%ـیان راپۆرتیان کردوە. لەبارەی هۆکاری راپۆرت نەکردنی هەراسانکردنەکە، بەشی زۆری بەشداربوی راپرسیەكە باوەڕیان وایە راپۆرتكردنەكە بە جددی وەرناگیرێت و کاری لەسەر ناكرێت یاخود دڵنیانیین لەوەی راپۆرتكردنەكە بە جددی وەربگیرێت و کاری لەسەر بكرێت. 

 پیشاندانی ژن لە میدیای کوردیدا یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەیە کە لەمیانی راپۆرتەکە دا باسی لێوەکراوە، تێیدا هاتوە: ژن لە هەواڵی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییە کوردییەکاندا، زۆرترین جار بە شێوازێکی نەرێنی پیشاندراوە و لە داڕشتنی بابەتە هەواڵییە پەیوەندیدارەکان بە ژنەوە پێوەرە ئیتیكی و پیشەییەكانی راگەیاندن رەچاو نەکراون، هەروەها بەردەوام کەموکورتیەکان ژن نمایشکراون و کەمترین جار ژنان بونەتە ناوەڕۆکی ئەو هەواڵانەی ڕەهەندی سیاسی، ئابوری و ئاینیان هەبوە و زۆرترین جار لە بابەتی یاسایی، کۆمەڵایەتی و لایڤ ستایلدا ڕەنگیانداوەتەوە. 

هەروەها؛ زۆرترین جار ژنان وەک قوربانی و کەمترین جار وەک کارەکتەرێکی پرۆفیشناڵ پیشاندراون، زۆرترین جار ژن لە هەواڵەکاندا وەک هاوڵاتی ئاسایی و کەمترین جار وەک پسپۆڕ لێدوانیان لێوەرگیراوە. 


 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,445,512     ژمارەی میوان 103

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە