* نەوژین
لە هەڵەبجە فیستیڤاڵی گیا بەهاریەکان بەڕێوەدەچێت، لەکۆی ٢٠ نمایشکار ١٧ـیان ژنن و لەگەڵ نمایشکردنی گیاکان باس لە سودە تەندروستیەکانیان دەکەن.
دوێنێ حەوتەمین فیستیڤاڵی گیا بەهاریەکان لە خورماڵ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکرد، تێیدا نمایشی ٦٠ جۆر گیای بەهاری کرا کە سەرجەمیان لە دەشت، شاخ و چەمی کوێستانەکانی کوردستان هەن.
لەوبارەیەوە رەنگین سەلام، وتەبێژی فیستیڤاڵەکە، بە نەوژینی وت: ٢٠ کەس پێکەوە کە ١٧ـیان ژنن لە فیستیڤاڵەکە نمایشی گیاکان کرد، ئەوان خۆیان بە دەست و بەپێی زانیاریان لەبارەی جۆری گیاکە هەڵیان بژاردون، گیاکان بریتین لەو گیایانەی کە دەتواندرێت بخورێن بە تەنها و بە تێکەڵکردن، هەروەک چەند سودێکی تەندروستیان هەیە.
زیاتر وتی: لێرە سەردانیکەران ئاشنا بە جۆری گیاکە و سودەکانی دەکرێن و دەتوانن دواتر خۆیان بڕۆنە جێگەکان و بیانڕنن؛ نمایشکارانیش خۆیان سەردانی چیا و چەمەکانیان کردوە و گیاکانیان هێناوەتەوە.
هەر لەنێو فیستیڤاڵەکە چەند خواردنێکی کوردەواری کە بەدەستی خانمانی هەڵەبجە ئامادە دەکرێن نمایش دەکرێن، رەنگین سەلام وتی: خواردنەکانیش زۆرینەیان ئەو خواردنانەن کە بە گیا دروستدەکرێن و کەمترین گۆشت لەم فیستیڤاڵە بەکاردەهێندرێت.