شەدەلار.. براندی ژنێک بۆ جلی کوردی

2025/02/07    1389 جار بینراوە


* نەوژین

خوشکان، پێنج ساڵە دورین و دیزاینکردنی جلی کوردی کردوە بە پیشە و براندێکی تایبەت بە خۆی دروستکردوە، باسلەوەدەکات: زیاتر گرنگی بە قوماش و دیزاینی کۆن دەدات، ئەوەش خواستێکی زۆری لەسەرە. 

خوشکان ئەحمەد، ٣٢ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانی و دەرچوی کۆلێژی بازرگانی بەشی ئامار و کۆمپیوتەرە، پێنج ساڵە دورین و دیزاینکردنی جلی کوردی کردوە بە پیشە و جگە لەخۆی هەلیکاری بۆ چەند خانمێکی دیکەش رەخساندوە.

لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیەوە، بە نەوژینی وت: سەرەتا  بۆماوەی چەند ساڵێک لەماڵەوە کاری چنینم دەکرد، دواتر زانیم ئەمە خولیای منە و تواناکانم لەم بوارەدا پەرەپێدا، تاوەکو گەشتم بەوەی دوکانێکی تایبەت بکەمەوە و ئێستا خاوەنی براندی تایبەت بە خۆمم لە بوارەکە.

براندەکەی خوشکان، بەناوی ‘شەدەلار’ ـەوەیە، ناوێکی فۆلکلۆری کوردییە، شەدە پارچەیەک لە هەوری ـیە، لە ساڵانی پێشو بۆ سەر کەمەری جلی کوردی بەکارهێنراوە. خوشکان وتی: وشەکەم لە گۆرانییە رەسەنەکان دەرهێنا، چونکە هەوڵمدا رەسەنایەتی جلی کوردی بپارێزم، بۆیە ئەو ناوە فۆلکلۆریەم هەڵبژارد.

بەناوبانگترین پارچەی براندی شەدەلار، کڵاوی چنراوە، جگە لەوە خوشکان سەرجەم پێداویستیەکانی جلی کوردی دیزاین دەکات، خوشکان دەڵێت: چنینی کڵاو کارێکی وردە، بەنەخشی جیاواز کڵاوەکان دەچنین و خەڵکێکی زۆر داواکاریان لەسەری هەیە.

گرنگیدان بە جلوبەرگی کوردی وایکردوە خێزانەکەی و دەوروبەری پاڵپشتی بن لە کارەکەی، وەکخۆی وتی:  چونکە خزمەتکردن بە جلی کوردی و رەسەنایەتی دڵخۆشی دەکردن، هەمیشە پاڵپشتم بون.

کارێکی دیکەی خوشکەن، زیندوکردنەوەی بەکارهێنانی قوماش و دیزاینی جلە کوردییە کۆنەکانە، وتی: لە دەرەوە داوای قوماشی جلی کوردی دەکەم، زیاتر گرنگی بەو قوماش و دیزاینانە دەدەم کە لە کۆندا بەکارهاتون، خەڵکیش بە گشتی ئێستا حەزیان بە ستایل و قوماشە کۆنەکانە و بەردەوام خواستی زۆری لەسەرە. 
 
براندی شەدەلار، تەنها بریتی نییە لە دوکانێکی جلی کوردی، ٨ ژنی دیکە لەگەڵ خوشکان کاردەکەن، بەشێکیان بە ئۆنڵاین و بەشێکیشیان لەنێو دوکانەکە. “چونکە هەندێک لە ژنان رێگریان لێدەکرێت لەدەرەوە کاربکەن، هەلیکارم بۆ چەند ژنێک رەخساندوە تاوەکو بە ئۆنڵاین کارم لەگەڵ بکەن”.

پەیامی بۆ ئەو ژنانە هەیە کە خاوەنکارن یاخود بەنیازن ببنە خاوەنکاری خۆیان “مەرج نییە لەسەرەتای هەمو کارێکدا قازانجێکی باش بکەت، کارکردن زیان و قازانجی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەردەوام بیت و نەهێڵیت خاڵە نەرێنیەکان کارت لێبکەن.
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,400,134     ژمارەی میوان 1335

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە