بکوژی ژنەکەی سلێمانی خۆی رادەستی پۆلیس کرد

2025/02/03    3982 جار بینراوە


* نەوژین

دوای ئەوەی ژنێک لە سلێمانی شەوی رابردو بە دەستڕێژی گوللە کوژرا، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: بکوژ خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردوە.

شەوی رابردو (٢ـی شوبات) لە گەڕەکی کانی کوردە لە سلێمانی، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ کە ماوەی چەند رۆژێک بو هاوسەرگیری کردبو، بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.

لەبارەی روداوەکە، ئەمڕۆ سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە نەوژینی راگەیاند: تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردوە و دەستیشگیراوە بەسەر ئەو چەکەی کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابو، هەروەک دەست بەلێکۆڵینەوە لە کەیسەکە کراوە.

وتیشی: تۆمەتبار کە بەناو (چ ،ع ،س،) و لەدایكبوی ساڵی ١٩٨٤ـە، بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دانی ناوە بەتاوانەكەدا ناوە.

لەبارەی وردەکاریی تاوانەکە و هۆکاری ئەنجامدانی، زانیاریی زیاتری نەخستەڕو، بەوپێیە دۆسییەکە لە لێکۆڵینەوەدایە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,198,462     ژمارەی میوان 5836

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە