سەنتەری میترۆ: ١٠٪ـی پێشێلکاریەکانی ساڵی رابردو بەرامبەر رۆژنامەنوسانی ژن کراون

2025/01/18    2991 جار بینراوە


* نەوژین

سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ـی رەوشی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکە ١٠٪ـی ئەو رۆژنامەنوسانەی ساڵی رابردو پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە ژن بون.

ئەمڕۆ شەممە (١٨ـی کانونی دوەم)، سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان، راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی رەوشی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ساڵی رابردو (٢٠٢٤)، ١٠٣ رێگری لە رۆژنامەنوسان تۆمارکراوە، ٢٤ دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنوس بەبێ بڕیاری دادگا، ٦ هێرشی ئەلیکترۆنی، ١٧ دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و ٢ شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی تۆمارکراون.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، ١٠٪ـی ئەو رۆژنامەنوسانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، لە رەگەزی مێ بون و ٩٠٪ـیش لە رەگەزی نێر. 

سەنتەری میترۆ ساڵی ٢٠٠٩ بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە. 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,104,335     ژمارەی میوان 4101

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە