* نەوژین، شیرین ساڵح
دو هاوسەری دانیشتوی شاری سلێمانی، وەک یەکەم دو هاوسەر لە تەواوی عێراق، فێرگەیەکی تایبەت بە هونەری بەرگری کۆنفۆ شاوڵین ـیان بەناوی (Power and Fly) کردوەتەوە و تێیدا خانمان و پیاوان فێری هونەرەکە دەکەن.
سێوە خەسرەو و رێکار ئەبوبەکر، دو هاوسەری دانیشتوی شاری سلێمانیین، پێکەوە فێرگەکەیان کردوەتەوە، سێوە بە ژنان و رێکانی هاوسەریشی بە پیاوان راهێنان دەکەن. سێوە کە ماوەی هەشت ساڵە راهێنەری بوارەکەیە، وتی: وەکخۆم بەشداریم لەچەندین پێشبڕکێی ناوخۆ و دەرەوە کردوە و ناسناوی سوپەر ستارم بەدەستهێناوە.
زیاتر وتی: فێربونی هونەری بەرگری کۆنفۆ شاوڵین و بون بە خاوەنی فێرگەیەک و تێیدا راهێنەر بم خەونی مناڵیم بو، هەر لە مناڵیەوە خولیا و حەزم بۆ ئەم هونەرە هەبو و هەوڵمدا تاوەکو فێربوم.
فێرگەکە بەناوی (پاوەر فلای)ـە و تێیدا مناڵی ٤ ساڵ تاوەکو کەسێکی پێگەشتوی تەمەن ٥٠ ساڵ فێری هونەری بەرگری کۆنفۆ شاوڵین دەکرێن، بەشێوەی گروپ جیاکراونەتەوە هەمو ١١ مانگ جارێکیش راهێنانەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێن و دەچنە قۆناغی سەروتر.
دیمەنی سێوە و رێکانی هاوسەری لەکاتی راهێنان، فۆتۆ\ تایبەت بە نەوژین
سەرباری ئەوەی سێوە لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستی بەم کارە کردوە، بەڵام باسلەوەدەکات توشی ئاڵەنگاری و رەخنەی کۆمەڵگە بوەتەوە، وتی: کۆمەڵگە بێدەنگ نەبون لە ئاست رێچکەشکێنیەکەم، بەڵام رێگرییەکان نەیانوەستاندوم، چونکە ئامانجێکی گەورە لە پشت کارەکەم هەیە، ئەویش بون بە سەرچاوەیە بۆ ئەو کەسانەی حەز بە فێربونی ئەم هونەرە دەکەن کە هونەرێکی باو نییە لە ناوچەکە.
ئەو کەسانەی سەردانی فێرگەکە دەکەن چەند مەرجێکیان دەبێت تێدا بێت؛ کەسە حەزوخولیای بۆ وەرزشەکە هەبێت، نەخۆشی دڵی نەبێت، نەخۆشی درێژخایەنی نەبێت، لە جومگەکانی پلاتین دانەنرابێت.
لەبارەی سودەکانی هونەرەکەوە، سێوە وتی: هونەری کۆنفۆ شاوڵین تەنها کار لە جەستە ناکات، بەڵکو هزریش بەهێز دەکات، پێویستی بە وزەیەکی زۆر هەیە بۆیە زۆرکەس بەرگەی ناگرن و ئەنجامی نادەن.
کۆنفۆ شاوڵینگ، یەکێک لە هونەرە بەرگرییە بەناوبانگەکان کە لە وڵاتی چین بەر لە ١٥٠٠٠ ساڵ سەرەتا سەری هەڵداوە، وەرزشێکی قورسە و لە چەندین راهێنانی جیاواز پێکدێت. بە
ئەوەی سێوە دڵخۆش دەکات، زۆربونی ژمارەی ژنانە لە بوارەکە، وتی: لەئێستادا ژنان بەڕێژەیەکی باش راهێنان بۆ فێربونی ئەم وەرزشە دەکەن، ئەمەش سەرباری ئەوەی وەرزشێکی قورسە.
لەماوەی سێ ساڵ کارکردنی فێرگەکە، بەنزیکەیی ٦٠٠ کەس سەردانیکردون بە مەبەستی فێربونی هونەری بەرگری کۆنفۆ شاوڵینگ.
رێکار ئەبوبەکر، دەڵێت: گرنگە پیاوان پاڵپشتی خێزانەکانیان بن لە کاری دەرەوە، بەوشێوەیە ئەوان سەرکەوتوتر دەبن، کردنەوەی ئەم فێرگەیە خەونی هاوسەرەکەم بوە و بەردەوام دەبم لە پاڵپشتیکردنی.