فائیزە ئیلهامی بە ژنانی بەردەڕەش داوە تاوەکو بێنەدەرەوە و کاربکەن

2024/12/28    66 جار بینراوە


* نەوژین، دێژین سدقی

دەستپێشخەری ژنێک لە ناحیەی بەردەڕەش بوەتە هۆی ئەوەی ژنانی ناحیەکە بێنە دەرەوە و کاربکەن، دەڵێت: هەنگاوەکەم بێ ئاستەنگی نەبوە، بەڵام ئامانجێکی گەورەم هەبو بۆیە بڕیارمدا بەردەوام بم.

فائیزە ئیسماعیل، ٤٥ ساڵ دانیشتوی قەزای بەردەرەش لەسنوری پارێزگای دهۆک، خاوەنی کارگەیەکی تایبەت بە درومانە، کە یەکەم کارگەیە لە ناوچەکە لەلایەن ژنێکەوە خاوەنداریەتی بکرێت.

ئەو بە نەوژینی وت: بەر لە حەوت ساڵ، ئەوکاتەی هاوسەرەکەم بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد، بیرم لەوەکردەوە دەبێت لەمەبەدوا خۆم خەرجی ماڵەکەم و مناڵەکان بکەم، بۆیە بیرم کردەوە کارێک بکەم بتوانم تێیدا سەرکەوتو بم، ئەوەبو لەدوای ساڵێک بڕیاری کردنەوەی دوکانی درومانم دا، چونکە ئەو بوارە بو کە خۆم حەزم لێیەتی.

سەرەتا بە کردنەوەی دوکانێکی زۆر بچوک لەناوەندی قەزاکە دەستیپێکرد، رۆژ لەدوای رۆژ کارەکەی گەورەتر کردەوە تاوەکو ئەوەی گەشتوە بەو ئاستەی ببێتە پێشەنگ و خاوەنکاری خۆی.

لەبارەی کارگەکەیەوە، فائیزە وتی: لە نێو کارگەکەم کەسانی شارەزا و دیزاینەر هەن، دیزاین و نەخشی تایبەت دەکێشن و دواتر دەست بە دورینی دەکەن، کار لە سەر هەمو جۆرە جل و بەرگێکی ژنان دەکەین، کارەکانم تەنها لەسنوری بەردەڕەش ساغ ناکەمەوە، لە دەرەوەی ناوچەکەش کڕیارم هەیە.

دیمەنێک لەکاتی کارکردن لەنێو کارگەکەی فائیزە

لەنێو کارگەکە ٢٨ ژن کاردەکەن، بەشی زۆریان خەڵکی بەردەڕەش و هەندێکیشان ئاوەرەن، لەبارەیانەوە فائیزە وتی: بەشی هەرەزۆریان دەرچوی زانکۆ و پەیمانگەن، بەڵام چونکە دانەمەزراون هاتون لێرە پەرە بە بەهرەکەیان دەدەن و لەلایەکی دیکە سودێکی ماددی وەردەگرن.

ڤیان ئەسعەد، یەکێک لەو خانمانەیە کە سومەندە لە کارگەکەی فائیزە، دڵخۆشی خۆی بەوەی کە بۆیەکەمجار ژنێکی ناوچەکەی بوەتە خاوەنی کارگەیەک دەربڕی، وتیشی: سەرباری ئەوە، کارگەکە ژیانی ئێمەی لە نەبونی و بێ کاری رزگارکردوە، ئەم کارە بوەتە سەرچاوەی ژیانەوه بۆ ئێمەی ژنان و ئێستا خێزانی خۆمان پێ بەخێو دەکرێت و خەرجیمان لە سەر ئەم موچەیە کە مانگانە لەم کارگەیە بە دەستیدەهێنین.

ژنێکی دیکە پێیوایە ئەوەی فائیزە کردویەتی دەستپێشخەرییەکی راستەقینەیە؛ بەهۆیەوە ئاسایی بوەتەوە ژنانی دیکەش بێنە دەرەوە بە مەبەستی کارکردن.

خەیریە محەمەد، کە هاوکات دەرچوی زانکۆیە، بەڵام دانەمەزراوە و بۆ دەستکەوتنی بژێویەک هاتوەتە کارگەکەی فائیزە کاردەکات، وتی: فائیزە بوەتە فریادڕەس بۆ ئێمەی دەرچوی زانکۆ، بێکار مابوینەوە و هەستمان بەوەدەکرد ماندوبونەکەمان بەفیڕۆ چوە، بەڵام بە کردنەوەی کارگەکە فائیزە ئێمەی لەو بێ ئومێدییە رزگارکرد.

زیاتر وتی: کارەکەی فائیزە دەستپێشخەرییەکی راستەقینەیە، بەهۆی ئەوەوە ئێمە و ژنانی دیکە دەتوانین بێینە دەرەوە بە مەبەستی کارکردن، پێشتر ئەمە عەیبە بو.

دەستپێشخەرییەکەی فائیزە بێ رێگری و ئاسەنگی نەبوە، بەڵام ئەو تێیپەڕاندون. وتی: لەسەرەتای دەستپێکردنم رێگری و قسە و توانجی زۆرم لێدرا، بەڵام گوێم پێنەدا و تێمپەڕاندن، چونکە ئامانجی گەورەم هەیە.

زیاتر وتی: گرنگە ئێمەی ژنان پشت بە خۆمان ببەستین و کاربکەین، دەمەوێت مناڵەکانم وەکو دایکێکی بەهێز سەیرم بکەن و ئەوانیش بەهێز بن.


 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 1,986,463     ژمارەی میوان 2962

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە