* نەوژین
کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوی ئیسلامی بەڕێوەدەچێت، لەکۆی ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای بەدواداچون، ژنان رێژەی ‘یەک لەسەر سێ’ یان بەرکەوتەوە.
ماوەی دو رۆژە کۆنگرەی نۆیەمی حزبی یەکگرتوی ئیسلامی بەردەوامی هەیە، تێیدا ٨٦٤ ئەندام بەشدارییان کردوە و تاوەکو ئێستا سێ پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، کە بریتین لە؛ هەڵبژاردن بۆ ئەمینداری گشتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای بەدواداچون کرد.
هۆشیار عەبدوڵڵا، وتەبێژی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتو لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا، ئەنجامەکانی راگەیاند و وتی: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی باڵای بەدواداچون و چاودێری، نۆ کەس هەڵبژێردراون کە سێ ـیان ژنن، واتا بەڕێژەی ‘یەک لەسەر سێ’.
هەروەها ٣٠ کەس بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردراون، کە دابەشبون بەسەر چوار بازنەی سلێمانی-هەڵەبجە، دهۆک-نەینەوا، هەولێر و کەرکوک. هەروەک ٩ ـیان ژن بون واتا بەڕێژەی (نزیکەی یەک لەسەر سێ).
هەر لەمیانی کۆنگرەکەدا، هەڵبژاردن بۆ ئەمینداری گشتی حزبەکە ئەنجامدرا و سەڵاحەدین بەهادین وەک ئەمینداری گشتی حزبەکە هەڵبژێردرایەوە.
یەکگرتو حزبێکی ئیسلامی سیاسیە لە (٦/٢/١٩٩٤) دامەزراوە و تاکو ئێستا نۆ کۆنگرەی بەستوە.