وێنەکانی ‘گەلان’ گەشتیاران بۆ قەزای چۆمان رادەکێشن

2024/12/21    61 جار بینراوە


* نەوژین، سومەیە ساڵح

نۆ ساڵ بەر لە ئێستا، گەلان کە کچێکی خەڵکی چۆمانە، دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کردوە، ئێستا وێنەکانی بون بە جێگەی سەرنجی گەشتیارە بیانییەکان و وەکخۆی دەڵێت: لەڕێگەی بینینی وێنەکانمەوە گەشتیارێکی زۆری بیانی رو لە ناوچەکە دەکەن، ئاماژەبەوەشدەکات؛ یەکەمین کچ بوە لەناوچەکەی دەستی بەوکارە کردوە.

گەلان جەبار، ٢٤ ساڵ، دانیشتوی قەزای چۆمانی سەر بە ئیدارەی سۆرانە و دەرچوی بەشی ئادابی ئینگلیزی زانکۆی سۆرانە، ساڵی ٢٠١٥ وەک یەکەمین کچ لە ناوچەکەی دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کردوە. 

فۆتۆکانی زیاتر لەبارەی سروشتەوەن، وتی: سروشتم خۆشدەوێت، زیاتر ئەوەی وایکردوە ئەم کارە بکەم و سەرکەوتوبم تێیدا ئەوەیە ناوچەکە خۆی خاوەنی سروشتێکی ناوازە و سەرنج راکێشە هەڵکەوتەی جوگرافی وای لێکردوە خاوەنی بەرزترین چیا، تاڤگە و گۆم بێت. کە ئەمەش وایکردوە وێنەکانی من جوان و کاریگەر بن.

ئەو کە هاوکات وەرگێڕ و یوتوبەریشە، وێنەکانی لەبەشێکی زۆر لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵمیدیا بڵاودەکاتەوە، وەکخۆی وتی: ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی گەشتیاری بیانی زۆر رو لە ناوچەکەمان بکەن. جیا لە ئەوەی کەسی بیانی پەیوەندیم پێوە دەکەن و داوای وێنەکانیشم دەکەن لە پەیجەکانی خۆیان بڵاویبکەنەوە.

چەندین جار لە پەیجەکانی کونسڵخانەی فەڕەنسا، پۆڵەندا، بەریتانیا، ئەمریکا و هۆڵەندا لە هەولێر، وێنەکانی گەلان بڵاوکراونەتەوە، وتی: جگە لە بڵاوکردنەوەی کاتێک سەردانی ناوچەکەش دەکەن من وێنەیان دەگرم، لە چەندین کۆنفرانسی دەرەوەش پێموتراوەتەوە کە کونسوڵی ئەو وڵاتانە بە سەرسامیەوە باسی من و فۆتۆکانیان کردوە.

گەلان لەکاتی چرکاندنی وێنەی سروشتی ناوچەکەی

بەتەنها سروشت نییە کە سەرنجی گەلان رادەکێشێت بۆ چرکاندنی وێنەیەک بە مۆبایلەکەی، فۆتۆی پۆرترەیتی مرۆڤەکان و پاشماوە جەنگیەکان بەشێکی دیکەی وێنەکانی گەلان پێکدەهێنن.

وتی: هەرشتێک دەچرکێنم کە سەرنجم رابکێشێت و پەیامێک بتوانم لەڕێگەیەوە بگەیەنم، هەر فۆتۆیەک چیرۆک و پەیامێکی هەیە کە هەر بینەرێک وەک خوێندنەوەی کتێبێک وێنای بۆ دەکات و تێی دەگات، وێنەگری هونەرە و بۆ من خولیایە.

زیاتر وتی: بۆ چرکاندنی وێنەیەک جاری واهەبوە چومەتە رێگای سەخت کە نزیکەی زیاتر لە دە کاتژمێر رۆیشتنی ویستوە بەپێ، یان وێنەی پاشماوەی جەنگم گرتوە کە هێشتا لەو شوێنە مینی چالاک بونی هەبوە. 

دو لە فۆتۆکانی گەلان لەنێو زیاتر لە ٥٥٠ وێنە بون بە براوەی پێشبڕکێیەکی فۆتۆگرافی بەناونیشانی (گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی هەمەجۆری زیندەوەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق) کە لەلایەن کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئاژانسی مێترۆگرافییەوە رێکخرابو.

لەبارەی وردەکاری پێشبڕکێکەوە، گەلان وتی: لەمیانی پێشبڕکێکە زیاتر لە ٥٥٠ وێنە بەشداربون، ٢٠ وێنە وەک براوەی پێشبڕکێکە دیاریکران، دە وێنەی کامێرا و دە وێنەی مۆبایل، لەنێویاندا من وەک تاکە کچ دو وێنەم هەڵبژێردرا.

گەلان، یەکەمین کچە لە قەزای چۆمان دەستی بۆ کاری فۆتۆگرافی بردوە، وتی ئێستا کچانی دیکەش دەستیان بەم کارە کردوە، بەشێکیان سەرەتا هاتونەتە لای من تاوەکو فێری کاری وێنگرتنم کردون و ئێستا پەیجی تایبەت بە خۆیان دروستکردوە و دەستیان بەو کارە کردوە.

پلانی گەورەتری بۆ کارەکەی هەیە و بیری لای ئەوەیە لەڕێگەیەوە پەیامی زیاتری ژینگەپارێزی و ناساندنی ناوچەکەی و چیرۆکی کەسەکان لەڕێگەی فۆتۆستۆریەوە بڵاوبکاتەوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,918,317     ژمارەی میوان 3447

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە