* نەوژین، رۆشنا حەمەساڵح
وەک یەکەم ژن لە شاری هەڵەبجە نوسینگەیەکی شۆفێری کردوەتەوە، دەڵێت: بۆشاییەک لەم کارە هەبو و بڕیارمدا من پڕی بکەمەوە، باسلەوەشدەکات دەیەوێت ببێتە هۆکارێکی کەمکردنەوەی روداوەکانی هاتوچۆ.
حەمیدە جەمال، ژنێکی دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە، وەک یەکەم خانم لە ناوچەکە نوسیگەیەکی شۆفێری کردوەتەوە و تێیدا وانەکانی کرداری و نوسینەکی فێری ژنان و پیاوانی فێرخواز دەکات.
لەبارەیەوە بە نەوژینی وت: دەمبینی بۆشاییەک لە راهێنەری ژن لەبواری فێربونی شۆفێری لە هەڵەبجە هەیە، بەڵام نەنگیەک هەبو، هیچ ژنێک خۆی نەدەدا لەم کارە ئەویش بەهۆی قورسیەکەی و بەرپرسیارێتیەکەی، بۆیە بڕیارمدا من بەم کارە هەڵبستم.
نوسینەگەکەی حەمیدە بەناوی (شنروێ)ـیە و ماوەی نزیکەی ٤ ساڵە کراوەتەوە، وەک خۆی ئاماژەی پێکرد لەماوەی ئەو ساڵانە دا زیاد لە (١٦٠٠) کەسمان فێری شۆفێری کردوە.
لە نوسینگەکە جگە لە حەمیدە، پێنج کارمەندی دیکە کاردەکەن، کە راهێنەر و کارمەندی کارگێڕی نوسینگەکەن.
باسلەوەدەکات، کارەکە قورسە بەڵام چێژی لێ دەبینێت. وتی: کارەکە زەحمەتی زۆری هەیە، بەڵام من پێموایە هەر کارێک خۆشەویستیت بۆی هەبێت، هەست بە هیلاکی ناکەیت بەهۆیەوە، من خۆم چێژ لە ماندویەتیەکەشی وەردەگرم.
زیاتر وتی: بەهۆی ئەم رێچکە شکێنیەتی لە هەڵەبجە کردومە، بێگومان بەربەستم هاتوەتە پێش، بەڵام من هەرکات هەست بە رێگریەک بکەم لەکارێک، کۆڵنەدەر تر دەبم لێی.
فێرکردنی شۆفێری و پێدانی مۆڵەت بە خانم یان پیاوێک بۆ ئەوەی لەنێو شار و دەرەوەی شار شۆفێری بکات، بەرپرسیاریەتیەکی قورسە، حەمیدە کە دەستی بەم کارە کردوە بیرێکی لای کەمکردنەوەی روداوەکانی هاتوچۆ بوە.
وتی: ئێمە کە هاوڵاتیان فێری شۆفێری دەکەین، دەبێت رۆڵی دكتۆرێكی دانا ببینین لە كەمكردنەوە و نەهێشتنی روداوەكانی هاتوچۆ، بۆ ئەوەی چیتر نەبینین زیانلێكەوتوانی روداوەكانی هاتوچۆ بەو شێوە ترژیدیایانە كۆتایی بەژیانیان بێت یان كەم ئەندام نەبن.
کردنەوەی نوسینگەی شۆفێری دەستپێکی رێچکەشکێنی حەمیدە نییە، ئەو پێشتر هەر لەنێو هەڵەبجە چێشتخانەی کلتوری، هۆڵی وەرزشی و مەلاوانگەیشی کردوەتەوە.