لاولاو: کارکردنی ژنان لەدەرەوە قۆناغی عەیبەی تێپەڕاندوە

2024/11/11    160 جار بینراوە


* نەوژین، شیرین ساڵح

ماوەی سێ ساڵە کارگەیەکی دامەزراندوە و تێیدا نان دروستدەکات، باسلەوە دەکات لەڕێگەیەوە هەلی کاری بۆ ١٢ ژنی دیکە رەخساندوە، دەشڵێت: کارکردنی ژنان لەدەرەوە قۆناغی ‘عەیبە’ـی تێپەڕاندوە و ئێستا کارکردنی ئەوان گرنگە بۆ خێزانەکان.

لاولاو مستەفا، ٤٥ ساڵ، دانیشتوی شاری سلێمانیە، ماوەی سێ ساڵە کارگەیەکی بەناوی (نانی بەهێ خان) لە شارۆچکەی سیتەک کردوەتەوە و لەڕێگەیەوە هەلیکاری بۆ ١٢ ژن رەخساندوە. 

ئەو چیرۆکی کارکردنی خۆی بەم شێوەیە بۆ نەوژین گێڕایەوە: بەرەبەیان کاتژمێر ٢ دەڕۆمە سەر کار و خەریکی هەویر شێلان و ئامادەکردنی تەنور دەبم، دواتر کارمەندەکانی دیکەم دێنە سەر کار، کارەکانم دابەشکردوە و خۆشم  لەگەڵیان کاردەکەم.

لە کارگەکەی  دا لاولاو کەلانە و نانی بەیانیش ئامادە دەکات، لەگەڵ ئەوەش رۆژانی هەینی خواردنە کوردەواریەکانی وەک: گەنمە کوتاو، سەروپێ و قەرەخەرمان، بە ئاگری دار دروستدەکات.

وەکخۆی دەڵێت: خەڵکی زۆر داواکاریان لەسەر خواردنەکانمە، بە تایبەتی کولێرەکەم، چونکە بەشێوەی قەدیمی دروستی دەکەم کەپێی دەڵێن پەنجەکێش.

دیمەنی سێ ژن کە لە کارگەکەی لاولاو کاردەکەن

ئامانج لە کارەکەی جگە لە ئابوری سەربەخۆ زیندوهێشتنەوەی خواردنە کوردەواریەکانە. 

وتی: زۆر ماندو دەبم لەکاتی کارکردن، بەڵام چونکە کارەکەم خزمەتکردنە بە کلتوری کوردی ئاسودە دەبم بە کردنی، خاڵێکی دیکەش کە وادەکات دڵخۆشبم لەکارەکەم، رەخساندنی هەلی کارە بۆ ئەو ژنانەی لەلام کاردەکەن.

بەشێکی زۆر لە ژنان کە دەست بۆ کارێکی سەربەخۆ دەبەن، روبەڕوی ئالەنگاری دەبنەوە، لاولاویش بێبەش نەبوە لە رێگریلێکردن، وتی: لەسەرەتای دەستپێکردنم توشی رێگری بومەوە، بەڵام بە پاڵپشتی هاوسەرەکەم توانیم بەردەوام بم.

پێیوایە کارکردنی ژنان لەدەرەوە قۆناغی عەیبەی تێپەڕاندوە و ئێستا کارکردنی ئەوان گرنگە بۆ خێزانەکان.

وتی: من کاردەکەم تاوەکو بژێوی خۆم و خێزانەکەم بەباشی دابینبکەم، گرنگە ئێمەی ژنان پشت بە خۆمان ببەستین و کاربکەین، چونکە چیتر کارکردنی ژنان عەیبە نییە، بەڵکو گرنگە

لاولاو لەشوێن و کاتی کارکردن

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,868,686     ژمارەی میوان 11

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە