* نەوژین
فیستیڤاڵی هەنار، دوای سێ رۆژ لە بەردەوامبونی ئەمڕۆ کۆتایی هات، بەپێی ئامارەکانیش زیاد لە ٦٠%ـی بەشداربوان ژن بون.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (٢ـی تشرینی دوەم) لیژنەی سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، ئاماری سێ رۆژی فیستیڤاڵەکەی راگەیاند و بەپێی ئامارەکانی زیاد لە ٦٠%ـی بەشداربوانی فیستیڤاڵەکە ژن بون. بەشێوەیەک؛
کۆی دوکانە بە کرێ دراوەکان؛ ٧٠٠ دوکان بوە، ٢٠٠ دوکانیان تایبەت بە ژنان بون، ١٧٥ دوکانیان تایبەت بە خواردنی وکوردەواری بون، کە بەشی زۆریان لەلایەن ژنانەوە گیراون، ٧٥ دوکانیش بۆ هەنگوین و بەروبومی وشکەی پایزانە بوە، لەو ژمارەیەش نیوەیان بۆ ژنان بوە، هەروەها ٢٥٠ دوکانیش بۆ هەنار بو، لە دوکانەکانی هەناریش بە نزیکەیی نیوەیان لەلایەن ژنان بە کرێ گیراوە.
فیستیڤاڵەکە بۆماوەی سێ رۆژ و رۆژانی (٣١ـی تشرینی یەکەم، ١ و ٢ـی ئەم مانگە) بەردەوامی هەبو، بەپێی ئاماری لیژنەی سەرپەرشیار، لەو ماوەیەدا؛ ملیارێک و ٤٣٥ ملیۆن دیناری عێراقی فرۆشکراوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردو زیادی کردوە کە؛ ملیارێک و ٣٥٠ ملیۆن دینار فرۆشکرابو.
هەر بەپێی ئامارەکە لەماوەی سێ رۆژەکە؛ بە نزیکەیی ٣٠٠ هەزار سەردانیکەر رویان لە فیستیڤاڵەکە کردوە.